وەزیرى ئاوەدانکردنەوە: کاتەکانی کارکردن زیاد بکرێت و پەلە بکرێت لە تەواوکردنی پڕۆژەى رێگاى سماقوڵى

31/10/2022

وەزیری ئاوەدانکردنەوە سەرپەرشتیارانى پڕۆژەی رێگای سماقوڵی رادەسپێرێت پەلە بکرێت لە تەواوکردنی پڕۆژەکە و کاتەکانی کارکردن زیاد بکرێت، بەرەچاوکردنی لایەنی بەرزی کوالێتی و تایبەتمەندی، راشیدەگەیەنێت؛ رێژەی ئەنجامدراوی پرۆژەی پردی دەربەندی رانیە گەیشتوەتە (٥٨٪) و لەھەوڵداین بۆ جێبەجێکردنی دوسایدی (دەربەند-ژاراوە)، رێکارە پێویستەکانیش بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆژەی (دوکان-چوارقوڕنە) تەواوکراوە.

دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، ئەمڕۆ دوشەممە (31/10/2022) پڕۆژەی رێگای سماقوڵی بەسەرکردەوە و لە گفتوگۆی لەگەڵ ئەندازیاران و سەرپەرشتیارانی پڕۆژەکە، داوایکرد پەلە بکرێت لە تەواوکردنی پڕۆژەکە و کاتەکانی کارکردن زیاد بکرێت، بەرەچاوکردنی لایەنی بەرزی کوالێتی و تایبەتمەندی، ئەوەش بەمەبەستی زو تەواوکردنی پرۆژەکە و کارئاسانی بۆ ھاتوچۆی ھاوڵاتیان، ھاوکات پشتیوانی وەزارەتی بۆ دوپات کردنەوە.

پڕۆژەکە پێکھاتوە لە رێگایەک بەدرێژی 2.2کم، کە دو بەش و ژمارەیەک ئاوبەری سندوقی و لولەیی لەخۆ دەگرێت، گوژمەی زیاتر لە ملیارێک و (400) ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە و کارکردن تێیدا بەردەوامە.

هەر ئەمڕۆ وەزیری ئاوەدانکردنەوە، پڕۆژەی دروستکردنی پردی دەربەندی رانیەی بەسەرکردەوە و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ پرۆژەکە بەشێوەیەکی باش دەستیپێکردوەتەوەو لەئێستادا لە قۆناغی دانانی گێردەرەکانی پردەکەدایەو رێژەی ئەنجامدراویش گەیشتوەتە (٥٨٪)‏، ھیوادارین لە مانگی ئایاری داھاتو تەواو بکرێت و بچێتە خزمەتی ھاوڵاتیانەوە.

وەک مژدەیەکیش بۆ دانیشتوانی سنورەکە، وەزیری ئاوەدانکردنەوە وتی:«پلانێکمان داناوە کە لەسەر قەرزی بانکی نێودەوڵەتی، لەساڵی داھاتو رێگای دوسایدی دەربەند-ژاراوە بخەینە بواری جێبەجێکردنەوە».

لەبارەى پڕۆژەی رێگای (دوکان-چوارقوڕنە)شەوە رایگەیاند؛ کارکردن لەپڕۆژەکە بەھۆی گرفتێکی ھونەرییەوە وەستابو، ئەو گرفتە لە نێوان ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە چارەسەرکراوەو وەک وەزارەت ھەمو رێکارە پێویستەکان بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆژەکە تەواو کراوە بۆ ئەوەی بەڵێندەر دەستبەکاربێت.


هەواڵی زیاتر