وەزیری ئاوەدانکردنەوە بۆ قائیمقام و خۆپیشاندەرانی دەربەندیخان: بە پەرۆشیەوە بۆ پشتیوانی و بەرزکردنەوەی داواکاریەکانتان هاتووم

06/02/2023

وەزیری ئاوەدانکردنەوە سەردانی دەربەندیخان دەكات و رایدەگەیەنێت: بە پەرۆشیەوە بۆ پشتیوانی و بەرزکردنەوەی داواکاریەکانتان هاتووم و لە کاتی جێگیربوونی کەش و هەوا دەستدەکرێتەوە بە کارکردن لە پرۆژەکانی ڕێگاوبانی سنورەکە.

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە، دانا عبدالکریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن سەردانی قائیمقامیەتی قەزای دەربەندیخانی کرد و لە لایەن قائیمقامی قەزای دەربەندیخان و لێپرسراوانی ئەمنی و چالاکوانانی خۆپیشاندان و مانگرتوانەوە پێشوازی لێکرا و لە دیوانی قائیمقامیەتدا کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا لە لایەن قائیمقام و لێپرسراوانی ئەمنی و چالاکوانانەوە گفتوگۆکرا لەسەر داواكارییەكانی خۆپیشاندەران و چارەسەرکردنی کێشەکانی قەزای دەربەندیخان، لای خۆیەوە وەزیری ئاوەدانکردنەوە ڕایگەیاند بۆ پشتیوانی و بەرزکردنەوەی داواکاریەکانتان هاتووم و هەرچەندە ئەو دوو داواکاریە سەرەکیەی داوای دەکەن کە خۆی دەبینێتەوە لە تەواوکردنی پاڵاوگەی ئاوی خواردنەوە و کەمی کارەبای دەربەندیخان پەیوەندی نیە بە كاری وەزارەتەكەی ئەوەوە، ”بەڵام بە پەرۆشیەوە داواکاریەکانتان بەرزدەکەمەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران”.

بەپێی راگەیەندراوەكەی قائیمقامیەت، وەزیری ئاوەدانكردنەوە سەبارەت بە پرۆژەکانی ڕێگاوبانی سنورەکە ڕایگەیاندوە: بەهۆی باروودۆخی کەش و هەواوە پرۆژەکان ڕاگیراوە لە کاتی جێگیربوونی کەش و هەوا دەستدەکرێت بە کارکردن لە پرۆژەکانی ڕێگاوبانی سنورەکە.


هەواڵی زیاتر