وەزیرى ئاوەدانکردنەوە بەمەیدانى بەدواداچون بۆ داواکاریی خۆپیشاندانى سماقوڵى دەکات

08/05/2023

پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ دوشەممە (8/5/2023)، دانا عەبدولکەریم، وەزیرى ئاوەدانکردنەوە بۆ گوێگرتن لە داواکارى هاوڵاتییانى سماقوڵى و بەدواداچون و جێبەجێکردنى داواکارییەکانیان سەردانى خێوەتى هاوڵاتییانى ناڕازى کرد و لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە پێشوازى لێکرا.

لە دیدارێکدا لەگەڵ خۆپیشاندەران کە ژمارەیەک لە راوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت ئامادەی بون، وەزیری ئاوەدانکردنەوە ئاماژەی بەوەکرد، خزمەتکردن بە ئەرک و واجبی خۆمان دەزانین و ھاتنیشمان بۆ ئێرەو گوێگرتن لە داواکارییەکانتان لەو سۆنگەیەوەیە.

ھەروەک جەختی کردەوە، داواکارییەکانی خۆپیشاندەران ئەوەی پەیوەندی بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنەوە ھەیە جێبەجێی دەکەین، ئەوەی پەیوەندی بە چاککردن و تەواوکردنی رێگاوەکە ھەیە کارکردن بەردەوامەو لە داھاتویەکی نزیکدا تەواو دەکرێت، ھاوکات بۆ داواکارییەکانی دیکەی خۆپیشاندەران، پشتیوانی و پاڵپشتی بۆ دەربڕین و بەڵێنیدا داواکارییەکانیان بگەیەنێت.

لەبەرامبەردا نوێنەرانی خۆپیشاندەران وێڕای پێشوازی و بەخێرھێنان، سوپاسی وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنیان کرد کە بەدەم داواکاری خۆپیشاندەران ھاتوەو سەردانی کردون، ھاوکات ژمارەیەک داواکاریان خستە بەردەم وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن.


هەواڵی زیاتر