دانیشتوانی دۆڵی سماقوڵی بۆ وەزیری ئاوەدانکردنەوە: بەڵێنەکەتان بردەسەر ئێمەش سوپاست دەکەین

08/06/2023

دانیشتوانی دۆڵی سماقوڵی پەیامی سوپاسی خەڵکی ناوچەکەیان گەیاندە وەزیری ئاوەدانکردنەوە و رایانگەیاند: ئێوە بەڵێنەکەی خۆتان بردەسەر و جێبەجێتان کرد، ئێمەش ھاتوین سوپاست بکەین.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (٢٠٢٣/٦/٨)، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن پێشوازی لە نوێنەر و ژمارەیەک لە دانیشتوانی سنوری دۆڵی سماقوڵی و گوندەکانی دەوروبەری کرد کە بەمەبەستی گەیاندنی پەیامی سوپاس و پێزانین سەردانی وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنیان کردبو.

نوێنەرانى ناوچەکە بەناوی خۆپیشاندەران و دانیشتوانی سنورەکەوە سوپاس و ستایشی ھەوڵەکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنیان کرد و رایانگەیاندوە؛ ئێوە بەڵێنەکەی خۆتان بردەسەر و جێبەجێتان کرد، ئێمەش ھاتوین سوپاست بکەین.

لای خۆیەوە، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن جەختی کردەوە، خزمەتکردنی ھاوڵاتیان بە ئەرک و واجب دەزانن و وتی: ئێوە شایستەی لەوە زیاترن و ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ خزمەتی ھاوڵاتیان درێغی ناکەین، بەرنامەی ئێمە لەوە زیاتر بوە بەوەی رێگاکە بکەینە دوساید، بەڵام لەبەر بارودۆخی دارایی نەکراوە، ھەمو ھەوڵێکیش دەدەین وەک بەشێک لە پلان و بەرنامەی وەزارەتمان بۆ ئەوەی رێگاکە بکەینە دوساید.

ئەوە لەکاتێکدایە پێشتر و دواى بەسەرکردنەوەى خۆپیشاندەران و بەڵێنى جێبەجێکردنى داواکارییەکانیان، دانا عەبدولکەریم تیمەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنى راسپارد بە نۆژەنکردنەوەی رێگای دۆڵی سماقوڵی، پڕۆژەکە پێکهاتوە لە نۆژەنکردنەوەو چاککردنەوەی قیری رێگاکە لە دەربەندی گۆمەسپان تاوەکو بەنداوی سماقوڵی و لەوێشەوە تاوەکو ھیزۆپ.


هەواڵی زیاتر