وەزیری دارای هەرێم: ئەو بڕیارەى دراوە بڕیاری هەمو ئەنجومەنی وەزیرانە

22/06/2020

وەزیری دارای و ئابوری هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: ئەوانەى بەشێكی گەورەی ئەم گەندەڵیانەی هەیە لە ئەستۆیاندایە باشتر وایە لە جیاتی موزایەدە و یاریكردن بە دۆخی خراپی دارایی و دەرونیی هاوڵاتیان، بەشدارییان بكردایە لە پڕکردنەوەى كورتهێنان و دابینكردنی موچە یان هیچ نەبێت لەم دۆخەدا دەستبەرداری زیادەڕەوی مەرزەكان و موڵك و ماڵی گشتی بن..

ئاوات شێخ جەناب وەزیرى دارایى و ئابوری هەرێم رایدەگەیەنێت؛ بڕیاری کەمکردنەوەی موچە کە تەنها بۆ ئەم مانگەیە، بەرپرسیارێتیەکەی دەكەوێتە سەر هەمو ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران و بڕیاری هەمومان بوە.

 لەبارەی بڕیارەکەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیران و هۆکاری پەنابردنە بەر کەمکردنەوەی موچە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ (سبەی) وەزیری دارایی هەرێم جەخت دەکاتەوە لەوەی، ئەو بڕیارە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانە و هەمومان لەگەڵی بوین و رونی دەکاتەوە کە؛ عێراق لە ساڵی (2019) بە رێژەیی (50%) بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕیوە جگە لەوە لە ساڵی (2020)ـەوە بە بڕیارێكی سیاسی نادادپەروەرانە و نادەستوری (453) ملیار دیناری لە بودجەی هەرێمی كوردستان بڕی، ئەمەش لە كاتێكدایە بەپێی دەستور موچەی فەرمانبەران نابێت بچێتە چوارچێوەی ململانێ سیاسیەكانەوە".

باس لەوەش دەکات کە هاوکات لەگەڵ ئەو مامەڵەیەی بەغدا، پەتای (كۆرۆنا)ش هەروەكو چۆن دۆخی ئابوری جیهانی توشی گرفتی گەورەكرد، كوردستانیش بە هەمان شێوە توش هات و باری ئابوری و دارایی دابەزی و بۆ ماوەیەكی دیاریكراویش (قەدەغەی هاتوچۆ) کاریگەری تەواوی  کردە سەر داهاتی ناوخۆ.


 وەزیری دارایی و ئابوری ئەوە دەخاتەڕو کە لەم دۆخە نەخوازراوانەدا توانای حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دابینكردنی موچە تەواو لاوازبو، بۆیە ئەنجومەنی وەزیران چەند بژاردەیەکی لەبەردەستدا بو، ئەوانیش؛ یەکەم: موچە نەدرێت، دوەم: (60) رۆژ جارێك موچە بدرێت و ئەو كاتەش موچە دەبو بە (50%) بۆ هەر مانگێك، سێیەم: هەندێك وەزارەت موچە وەربگرن و ئەوانی دیكە لێی بێبەش بن و چاوەڕوان بن، چوارەم: بەپێی رێژەی كورتهێنانەكە موچە كەمبكرێتەوە و واتە بە رێژەی (34%)، بژاردەی پێنجەم ئەبو کە هەوڵبدرێت لە رێگەی قەرزەوە كورتهێنانەكە کە بە رێژەی (34%)ـە داپۆشرێت، بەڵام بە داخەوە بڕی ئەو پارەیەی قەرزكرا بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانەكە، بەشی داپۆشینی هەمو كورتهێنانەكەی نەكرد و تەنها بۆ کورتهێنانی بودجەی بۆ (21%) دابەزاند.

دەشڵێت: "بۆیە ئەنجومەنی وەزیران بە ناچاری لەو پێنج بژاردە خراپە ئەمەیان هەڵبژارد كە كەمترین زیانی بۆ موچەخۆر هەیە و پەسەندكردنەكەش بە پێی چەند مەرجێک بوە لەوانە؛ كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی و كەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەتی لێ بەدەر کراوە و ئەو كەسانەش ناگرێتەوە كە موچەكەیان لە خوار (300) هەزار دینارەوەیە، جگە لەوە هەمو وەزارەت و دەستەكانی دیكەی  گرتوەتەوە بەبێ جیاوازی و بە هەمان رێژە واتە (پێشمەرگە و ئاسایش و هێزەكانی ناوخۆ و دادوەری...هتد)".


ئەوەش دەخاتەڕو کە بڕیارەکە بۆ پلە تایبەت و باڵاکان جیاوازە و ئەوان تەنیا (50%)ی موچەكانیان خەرجدەكرێت و هەمو وەزارەت و دەستەكان راسپێردراون بە میكانیزمێك موچە دابەش بكەن ئەوانەی موچەیان كەمە كەمیان بەركەوێت و ئەوانەشی موچەكەیان زۆرە، بەرێژەی زیاتریان لێ ببڕن. واتە ئەم كورتهێنانە موچە نزمەكان بەرێژەیەكی كەمتر دەگرێتەوە. مەرج نییە (21%)بێت.

هەروەک دوپاتی دەکاتەوە، کە ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران كاتییە، چونكە هەر ئەوەندە تەمویل لەبەردەستدابوە و بۆ ئەم مانگەیە.

سەبارەت بە بەرپرسیارێتی بڕیارەکە و ئەو رەخنە و "موزایەدانە"ی دوای دەرکردنی بڕیارەکە هەندێک کەسی لایەنی سیاسی بڵاویان کردەوە، وەزیری دارایی دەڵێت: "ئەم بڕیارە بەرپرسیاریەتیەكەی دەكەوێتە سەر هەمو ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران و هیچ وەزیرێك لە دژی قسە ناكات و بڕیاری هەمومان بوە".

دەشڵێت:"هەركەسێك لەو موزایەدەچیانە بە تایبەتی ئەوانەی سەربە لایەنێكی سیاسی گەورەن و بەشێكی گەورەی ئەم گەندەڵیانەی هەیە لە ئەستۆیاندایە، باشتروایە لە جیاتی موزایەدە و یاریكردن بە دۆخی خراپی ئابوری و دارایی و دەرونی هاوڵاتیان، بەشدارییان بكردایە لە پڕکردنەوە و کەمکردنەوەی كورتهێنان لە بودجە و لە جیاتی قسەی زل بەشداریی دابینكردنی موچەیان بكردایە، یان هەر هیچ نەبێت لەسەردەمی كۆرۆنا دەستبەرداری زیادەڕەوی مەرزەكان و موڵك و ماڵی گشتی بن"


هەواڵی زیاتر