وه‌فدێكی‌ رۆژئاوا سه‌ردانی‌ گۆڕان ده‌كات
لە پێشوازی وه‌فدێكی‌ رۆژئاوای‌ كوردستاندا، بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان پشتگیریی و پشتیوانی خۆی بۆ کانتۆنەکان دوپات دەکاتەوە.

رۆژی دوشەممە، وه‌فدێکی‌ رۆژئاوای‌ كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ فه‌وزه‌ یوسف، هاوسه‌رۆكی ده‌سته‌ی جێبه‌جێكاری فیدراڵی ‌و ئه‌ندامێتی‌ جاویدان حه‌سه‌ن، نوێنه‌ری ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دیموكراتی ‌و غه‌ریب حه‌سۆ، نوێنه‌ری پارتی یەکێتی دیموکرات (په‌یه‌ده)‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، سه‌ردانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانی‌ كرد و له‌ گه‌ڵ  جه‌لال جه‌وهه‌ر، رێكخه‌ری‌ ژوری‌ په‌رله‌مان و حكومه‌ت و عه‌بدولڕه‌زاق شه‌ریف به‌رێوه‌به‌ری‌ میدیای‌ گۆڕان و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی‌ ژوری‌ په‌یوه‌ندیه‌ سیاسییه‌كانی‌ بزوتنەوەی گۆڕان كۆبونه‌وه.

له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا، چه‌ندین پرس تاوتوێ كران، گرنگترینیان ره‌وشی‌ شه‌نگال و دۆخی‌ رۆژئاوای‌ كوردستان و ئه‌و ئاڵنگاریانه‌ی‌ كه‌ روبەڕوی‌ كانتۆنه‌كانی‌ رۆژئاوای‌ كوردستان ده‌بێته‌وه‌.

وەفدی میوان باسیان له‌ پرۆژه‌ی‌ گرێبه‌ستی‌ كۆمەڵایه‌تی‌ و په‌یماننامه‌ی‌ پێكه‌وه‌ژیانی‌ پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی‌ باكوری‌ سوریا كرد و بارودۆخی‌ سیاسی‌ و سه‌ربازی‌ سوریا و ناوچه‌كانی‌ رۆژئاوای کوردستان‌ و پێشڕەوییەکانی شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیان رونکردەوە.

ته‌نگژه‌ و كێشه‌ی‌ ناوچه‌كانی‌ شەنگال و به‌ریه‌ككه‌وتنی‌ هێزه‌كانی‌ پارتی‌ و ئه‌نه‌كه‌سه‌ و هێزه‌كانی‌ یه‌به‌شه‌، له‌سه‌رسنوری‌ رۆژئاوای کوردستان تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکە بو.

هەردولا باسیان لەو هەوڵانە کرد، كه‌ بۆ رێگری‌ له‌شه‌ڕی‌ ناوخۆ و رێگریی‌ له‌ جێبه‌جێكردنی‌ پلانی‌ دوژمنان خستویانه ‌ته‌گه‌ڕ، بۆ ئه‌و مه‌بەسته‌ش داوای‌ پشتیوانی‌ هه‌مو هێزه‌ نیشتمان په‌روه‌ره‌كانی‌ باشوری‌ كوردستانیان كرد.

له‌به‌رامبه‌ردا وه‌فدی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان هه‌مو ئه‌وهه‌وڵانه‌ی‌ بۆ ئاشتی‌ و سه‌قامگیری ئاسایشی‌ ناوچه‌ به‌گرنگزانی‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پشتیوانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانیان پێڕاگه‌یاندن.

خۆڕاگری‌ و به‌رنامه‌ی‌ سیاسی‌ و لێزانی‌ كانتۆنه‌كانی‌ رۆژئاوایان به‌نمونه‌ی‌ سه‌ركه‌وتو له‌ ناوچه‌كه‌دا وه‌سفكرد و دڵنیاییان پێدان‌ كه‌ پشتیوانی‌ خه‌ڵكی‌ رۆژئاوا ده‌كه‌ن بۆ هه‌مو بڕیارێك كه‌خۆیان بۆ به‌ڕێوه‌بردن ده‌یده‌ن و سیاسه‌تی‌ ده‌ستوه‌ردان له‌كاروباری‌ ناوچه‌كه‌ ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه.

07/03/2017
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .