د. شۆڕش حاجى، سورین لەسەر گۆڕینى سیستمى حوکمڕانى
د. شۆڕش حاجى، سورین لەسەر گۆڕینى سیستمى حوکمڕانى
وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان جەخت لە پشتگیرى داوا رەواکانى خەڵک دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت؛ سورین لەسەر گۆڕینى سیستمى حوکمڕانى و دژایەتى گەندەڵى و پێداگرى لە چاکسازى و سەروەرى یاسا و دوپاتى دەکاتەوە کە بزوتنەوەى گۆڕان لەگەڵ دەوڵەتێکدایە کەرامەتى هاوڵاتى تێدا پارێزراوبێت.

د. شۆڕش حاجى، وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان، لە وتەیەکدا لە چلەى (مامە عەزە) پێشمەرگەى دێرین و کەسایەتى ناسراو و هەڵسوڕاوى بزوتنەوەى گۆڕان لە دەربەندیخان، سوربونى بزوتنەوەکەى لەسەر گۆڕینى سیستمى حوکمڕانى و دژایەتى گەندەڵى و پێداگرى لە چاکسازى و سەروەرى یاسا دوپاتکردەوە و رایگەیاند؛ ئەگەر داکۆکیکردن لە داواکاریەکانى و پشتگیرى لێیان و بەگژداچونەوەى گەندەڵى و پێداگرى لە سەروەربون و چەسپاندنى یاسا و بە دامەزراوەییکردنى دامەزراوەکانى هەرێم عینادى بێت، بەڵێ ئێمە عینادین و شانازیشى پێوە دەکەین.

ئاماژەى بەوەشکرد کە لەگەڵ زۆربەى لایەنە سیاسیەکان لە پەرلەمان پێکەوە پڕۆژەیان پێشکەش کرد بۆ گۆڕینى سیستمى حوکمڕانى و وتى:"بەڵام ئێستا هەندێک کەس و لایەن خۆیان بە ناوبژیوان دەزانن وەک ئەوەى کێشەى ئێمە و لایەنێکى دیکە بێت، بەڵام ئێمە سورین لەسەر پرۆژە و بەڵێنەکانمان، لەسەر ئەوەى دەبێت داهاتى هەرێمى کوردستان بۆ خەڵک بێت".

ئەو باسى لەو جیاوازیە کرد کە لەنێوان بەرپرسانى دەسەڵاتداران و هاوڵاتیاندا هەیە کە لەدواى راپەڕینەوە ئەو جیاوازیە دروستبوە و بەردەوام لە زیادبون و هەڵکشاندایە.

وتیشى:"ئێمە نوێنەرایەتى (500) هەزار دەنگ دەکەین کە بە ئیرادەى خۆیان پشتگیریان کردوە، بۆیە ئامادەشین بۆ باجى خۆمان لەپێناو راستگۆیى".

هەروەک باسى ئەوە لەوەکرد کە لەبرى چارەسەرى کێشەى خەڵک و دژایەتى گەندەڵى و هەنگاوى عەمەلى مزایەدەى دەوڵەتى کوردییان بەسەردا دەکرێت و لەو بارەیەوە دوپاتى کردەوە کە بزوتنەوەى گۆڕان لەگەڵ دەوڵەتێکدایە کەرامەتى هاوڵاتى تێدا پارێزراوبێت و ئازادى تێدا بەرقەرار بێت، بەڵام لەگەڵ موزایەدەدا نییە.

د. شۆڕش، باسى خۆڕاگرى و قوربانیدانى (مامە عەزە) و بەرنامەى بزوتنەکە کرد لەپێناو بەرژەوەندى گشتیدا و وتیشى :"سەرکەوتن هەر بۆ ئیرادەى خەڵکە کە زوڵم و زۆرى لە کەس قبوڵ نەکردوە و ناشیکات".





..
12/03/2017
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .