جڤاتی گشتی: ئەوەى پارتى دەیکات یاریکردنە بە ئاگر
جڤاتى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ لەم هەلومەرجە ئێجگار ناسك و مەرتسیدارەدا، پارتی بەتەمای شەڕێكی ماڵوێرانكەرە لەگەڵ پەكەكە و دەخالەت دەكات لە كاروباری كوردستانی رۆژئاوا و جۆرێك لە هاوپەیمانیی لەگەڵ توركیادا رێك دەخات، "ئەمەش یاریكردنە بە ئاگر".

جڤاتى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان دواى کۆبونەوەکەى ئەمڕۆ پێنجشەممە، راگەیەنراوێکى بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەکات؛ كوردستانی باشور بە قۆناغێكی هەستیار و ترسناكدا تێدەپەڕێت و ناوچەكە لە شەڕێكی قورس و هەلومەرجێكی پڕ لە مەترسیدا ماوەتەوە، لەم هەلومەرجە ئێجگار ناسك و مەرتسیدارەدا، پارتی دیموكراتی كوردستان بەتەمای شەڕێكی ماڵوێرانكەرە لەگەڵ پەكەكەدا، کە ئەوەش بە "یاریكردن بە ئاگر" ناودەبات و دەڵێت: "كوردستانی باشور لەئەنجامدا هەڵدەوەشێنێ و ئەم تاقیكردنەوەیەی كە بەری رەنجی هەزاران هەزار شەهیدە لەدەست دەچێت". 

هەروەک جەختدەكاتەوە؛ كە دەبێت پارتی دەرس و وانە وەربگرێت لەوەى شەڕی ناوخۆ هیچ كێشەیەك چارەسەر ناكات جگە لەوەی ئاگر بەردەداتە نێو ماڵی كورد، بۆیە داوا لە هەمو لایەن و حیزبەكان و جەماوەر دەکات دەنگ بەرز بكەنەوە و بەشێوازی جیاجیای دیموكراتیانە سەركۆنەی شەڕی ناوخۆ بكەن.


دەقى راگەیەنراوى كۆبونەوەی ئاسایی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان:
لەكاتێكدا كە كوردستانی باشور بە قۆناغێكی هەستیار و ترسناكدا تێدەپەڕێ‌، ناوچەكە لە شەڕێكی قورس و هەلومەرجێكی پڕ لە مەترسیدا ماوەتەوە، هێزێكی نێودەوڵەتی جیاجیا لە سوریا و عێراقدا سەنگەریان لە یەك گرتوە، كوردستانی باشور دەناڵێنێت بەدەست قەیرانی دارایی و سیاسی و ئابوری و ئیدارییەوە، دەرەنجامەكانی شەڕی دوای موسڵ بەدەردەكەوێت، شەنگال كە لە شوێنە جێناكۆكەكانە تەماعی داگیركەرانی كوردستانی لەسەرە، هێشتا چارەنوسەكەی ساغنەبوەتەوە، توركیا بەئاشكرا و بەبەرچاوی دنیاوە سنوری باشور دەبەزێنێ و هێز لەسەر قەندیل كۆدەكاتەوە. 

لەم هەلومەرجە ئێجگار ناسك و مەرتسیدارەدا، پارتی دیموكراتی كوردستان بەتەمای شەڕێكی ماڵوێرانكەرە لەگەڵ پەكەكەدا، نەك هەر ئەمە، بەڵكو دەخالەت دەكات لە كاروباری كوردستانی خۆرئاوادا و جۆرێك لە هاوپەیمانیی لەگەڵ توركیادا رێك دەخات. 

ئەم یاریكردن بە ئاگرە، كوردستانی باشور لەئەنجامدا هەڵدەوەشێنێ و ئەم تاقیكردنەوەیەی كە بەری رەنجی هەزاران هەزار شەهیدە لەدەست دەچێت. 

جڤاتی گشتی جەختدەكاتەوە؛ كە دەبێت زمانی دیالۆگ بكرێتە چارەسەر و پارتی دەرس و وانە وەربگرێت كە شەڕی ناوخۆ هیچ كێشەیەك چارەسەر ناكات جگە لەوەی كە ئاگر بەردەداتە نێو ماڵی كورد. داوا دەكەین كە هەمو لایەن و حیزبەكان و جەماوەری میللەتەكەمان دەنگ بەرز بكەنەوە و بەشێوازی جیاجیای دیموكراتیانە سەركۆنەی شەڕی ناوخۆ بكەن و رێگا لە پارتی دیموكراتی كوردستان بگرن كە ئەم شەڕ و مەترسییە بەربەست بكات و زمانی گفتوگۆو دانوستان بكاتە رێگاچارە.جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان
16/3/2017
17/03/2017
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .