شوعله‌ عەلی؛ جوانترین نمونه‌ی ژنی ناو كوانوی جۆشدراوی كوردایه‌تی
شوعله‌ عه‌لی سه‌عید، له‌ شوباتی ساڵی (1955)دا و له‌ سه‌روه‌ختی حوكمی پادشایه‌تی عێراقدا، له ‌لانكه‌ی به‌ناوبانگی گۆشكردنی كوردایه‌تی و نیشتیمان په‌روه‌ری هه‌ردو بنه‌ماڵه‌ی خاڵوان و باوانیدا گه‌وره‌بو.

كچێك به‌ باوه‌شێ كتێبی جانتاكه‌ی شانیه‌وه،‌ ساده‌ و ساكار وه‌ك نه‌سمی به‌یانیانی به‌رانان به‌ نسێی كۆڵانه‌كانی خانه‌قا و شۆسته‌ و شه‌قامه‌كانی سولیدا، شانزه‌ ساڵی ته‌مه‌نی رێگه‌ی قوتابخانه‌كانی سه‌ره‌تایی و سانه‌وی و دواتریش زانكۆ بۆ خوێندن و خۆ پێگه‌یاندن ده‌پێوێت.

ئه‌و له‌ زانكۆی سلێمانی و له‌كۆلێژی كارگێری و ئابوری بوه‌، كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ رێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانه‌وه‌ ده‌كات و هه‌ر له‌ قۆناغی خوێندكاریدا كۆستی شه‌هید بونی هه‌ردو برا جوانه‌مه‌رگه‌كه‌ی به‌دوای یه‌كدا به‌رگی ره‌شی خه‌م و پرسه‌ی شه‌هیدی پێ ده‌پۆشێت و ئومێد و هیوای سه‌ركه‌وتنی كۆمه‌ڵه‌ و شۆرشی نوێشی لا به‌هێز و پته‌و ده‌كات.

وره‌ به‌رزی ئه‌و له‌و سه‌روه‌ختی سه‌ره‌تای شۆرش و كاری نهێنی رێكخستن و روبه‌روبونه‌وه‌ی به‌عسدا به‌كۆستی دو برای شه‌هیده‌وه‌ گڕوتینێكی گه‌وره‌ی به‌ كچان و ژنانی سلێمانی به‌خشی كه‌ پۆل پۆل په‌یوه‌ندی به‌ رێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌وه‌ بكه‌ن و شان به‌شانی پێشمه‌رگه‌ به‌شداری له‌هه‌مو چالاكیه‌كاندا بكه‌ن.

شوعله‌ جوانترین نمونه‌ی ژنی ناو كوانوی جۆشدراوی كوردایه‌تی بو له‌و سه‌رده‌مه‌دا و دروست شوعله‌ی ئاگردانی كۆمه‌ڵه‌ و شۆڕشی نوێ بو.

ساڵی (1981) و به‌خواستی خۆی و بنه‌ماڵه‌ تێكۆشه‌ره‌كه‌ی رێگه‌ی قه‌ندیل و كوخت و كۆڵیته‌كانی چیا ده‌گرێت و هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ رابه‌ری دیاری شۆڕشی نوێ نه‌وشیروان مسته‌فا سكرتێری كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستاندا ده‌كات، ئه‌و ئه‌بێته‌ شوعله‌ی بڵندی دوندی مامه‌نده‌ و هاورێی پێشمه‌رگه‌ و ده‌ست و مه‌چه‌كی هاوكاری ژنانی لادێ و ده‌بێته‌ پێشمه‌رگه‌ی ژن.

وه‌ك ته‌واری به‌رزه‌فڕ و وه‌ك پارێزه‌ی سێبه‌ری شاخ، ره‌نگی خاكی، هێمن و وریا چه‌ندین جار له‌بۆسه‌ و ته‌لبه‌ندی رژێمی به‌عسی پێشو له‌ كه‌ناری مه‌رگ گه‌ڕاوەته‌وه‌.

وه‌ك ژن و وه‌ك پێشمه‌رگه‌ له‌هه‌مو وێستگه‌كانی خه‌باتی سیاسی و رێكخراوه‌یی و پێشمه‌رگایه‌تی هاوڕێ و هاوه‌ڵانی نزیكی نه‌وشیروان مسته‌فا بو، له‌سه‌ره‌تای دروست بونی بزوتنه‌وه‌ی گۆرانیشه‌وه‌ به‌هه‌مان وره‌ و ئومێد و هیوای سه‌ره‌تای شۆڕش، پشتیوانی رێكخه‌ری گشتی بوه‌ و له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداری كاری رێكخراوه‌ی  سیاسی بزوتنه‌وه‌كه‌ بوه‌.

به‌داخه‌وه‌ شوعله‌ رۆژی (17/3/2017) له‌گه‌ڵ خۆیدا ره‌نگی به‌هارو هه‌تاوی سلێمانی بردو شاری خامۆش كردو بوه‌ هاوده‌می شوان و شێركۆی شه‌هید و وه‌ك ئه‌رخه‌وانی به‌هاری سه‌یوانیش لای ئه‌وانه‌وه‌ نێژرا.

ژنێك له‌ ئازاری سلێمانیدا ژیا له‌ ئازاری خۆیدا كه‌وت و له‌ ئازاری نیشتیماندا به‌جێی هێشتین.
18/03/2017
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .