برایەکی شوعلە عەلی: سوپاسی‌ وه‌فاداری‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان ده‌كه‌ین
برایه‌كی‌ خاتو شوعله‌ عه‌لی‌ رایده‌گه‌یه‌نێت، بنه‌ماڵه‌كه‌یان هه‌ر له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ به‌شداری‌ خه‌بات و شۆڕشه‌كانی‌ گه‌لی‌ كوردیان كردوه‌ و له‌و پێناوه‌شدا (12) شه‌هیدیان به‌كوردستان به‌خشیوه‌.

شۆڕش عه‌لی‌، برای خاتو شوعلە لەکاتی رێورەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی خاتو شوعلەدا رایگەیاند "شوعله‌ له‌ژیانیدا ماندوبون و ده‌رده‌سه‌ری‌ زۆر چه‌شتوه‌ و سه‌ره‌ڕای‌ به‌رده‌وام بونی‌ له‌پشت نه‌وشیروان مسته‌فا له‌خه‌باتی‌ شاخ و شار، هاوكات توانیویه‌تی‌ سێ منداڵیش به‌باشترین شێوه‌ بۆ نیشتیمان په‌روه‌رده‌ بكات".

هەروەک ئاماژەی بەوەکرد، به‌ناوی‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ شوعله‌وه‌ سوپاسی‌ وه‌فاداری‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان و حیزب و لایه‌نه‌كان ده‌كه‌ن كه‌ هاوخه‌می‌ خۆیان بۆ كۆچی‌ دوایی‌ ئه‌و ژنه‌ خه‌باتگێڕه‌ ده‌ربڕیوه‌، هیواشی‌ خواست مه‌رگی‌ شوعله‌ ببێته‌ مایه‌ی‌ ئاشته‌وایی‌ سیاسی‌ و كۆتایهاتنی‌ گرژی‌ نێوان لایه‌نه‌كان.

هەر لە رێورەسمەکەدا، د.شۆڕش حاجی‌، وته‌بێژی‌ زوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان لە وتەیەکیدا ئاماژەی بەوەکرد، شوعلە خان، نمونه‌ی‌ ژنانی‌ شۆڕشگێڕه‌ و ژیاننامه‌كه‌ی‌ لاپه‌ڕه‌یه‌كه‌ له‌ مێژوی‌ خه‌بات ‌و تێكۆشانی‌ گه‌له‌كه‌مان، ئه‌و به‌و هه‌مو ئه‌ركه‌ قورسه‌وه‌ وه‌ك دایكێكی‌ میهره‌بان بوه‌و له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی‌ شۆڕشگێڕ بوه‌ خاوه‌نی‌ دو برای‌ شه‌هیده‌.

هاوكات قادر حه‌مه‌جان، ئه‌ندامی‌ ده‌سته‌ی‌ كارگێڕی‌ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان وێڕای‌ پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی‌ به‌ناوی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستانه‌وه‌ ژیان‌و خه‌باتی‌ شوعله‌ خانی‌ وه‌ك مێژویه‌كی‌ پڕسه‌روه‌ری و شانازی وه‌سفكردو وتی‌: "وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌ك له‌شاخ خه‌باتی‌ كردوه‌ و بنه‌ماڵه‌یه‌كی‌ شۆڕشگێڕ و خه‌باتكار بون".
18/03/2017
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .