عادل موراد: شوعله‌ خان سومبولی‌ دیاری‌ خه‌باتی‌ ژنانه‌
عادل موراد سكرتێری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ناوه‌ندی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان به‌بۆنه‌ی‌ كۆچی‌ دوایی خاتو شوعله‌ عه‌لی‌، بروسكه‌یه‌كی‌ ماته‌مینی‌ ئاڕاسته‌ی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا رێكخه‌ری‌ گشتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان كرد، ئه‌مه‌ ده‌قی‌ بروسكه‌كه‌یه‌:

به‌ناوی‌ خوای‌ به‌خشنده‌‌و میهره‌بان
هاوڕێ و برای‌ خۆشه‌ویستم كاك نه‌وشیروان مسته‌فا
به‌داخ ‌و په‌ژاره‌یه‌كی‌ زۆره‌وه‌ هه‌واڵی‌ كۆچی‌ ناوه‌ختی‌ شوعله‌ عه‌لی‌ تێكۆشه‌ر و خوشكی‌ دو شه‌هیدی‌ رێگای‌ رزگاری‌ گه‌له‌كه‌مان و هاوسه‌ری‌ رێكخه‌ری‌ گشتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان كاك نه‌وشیروان مسته‌فامان پێگه‌یشت.
شوعله‌ خان سیمبوڵی‌ دیاری‌ ناو ژنانی‌ تێكۆشه‌ری‌ گه‌له‌كه‌مان بو كه‌ رۆڵ و شوێن ده‌ستی‌ له‌ خه‌باتی‌ شاخ و شانه‌ نهێنییه‌كانی‌ ناو شاری‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان زۆر به‌ دڵسۆزانه‌ جێبه‌جێ ده‌كرد، جگه‌ له‌وه‌ی‌ له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی‌ كوردپه‌روه‌ری‌ شاری‌ سلێمانییه‌، له‌ زۆرینه‌ی‌ وێستگه‌ سه‌خته‌كانی‌ خه‌باتی‌ ماندونه‌ناسانه‌، هاوڕێ و هاوشانی‌ كاك نه‌وشیروان و برا شه‌هیده‌كانی‌ بوه‌، و توانی سێ نه‌وه‌ی‌ نوێ بۆ گه‌له‌كه‌مان پێبگه‌یه‌نێت كه‌ ئه‌وانیش (نما و چیا و چران)ن.
لێره‌وه‌ هاوخه‌می‌ خۆم ئاڕاسته‌ی‌ هه‌ڤاڵ و برای‌ خۆشه‌ویستم كاك نه‌وشیروان مسته‌فا رێكخه‌ری‌ گشتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان و خانه‌واده‌ به‌ڕێزه‌كه‌ی‌ و كه‌سوكار و سه‌رجه‌م تێكۆشه‌رانی‌ خه‌باتی‌ ئازادی‌ ده‌كه‌م و له‌ خوای‌ گه‌وره‌ داواكارین به‌ به‌هه‌شتی‌ به‌رینی‌ شادبكات.

براتان عادل موراد
17/3/2017
18/03/2017
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .