مه‌حمود سه‌نگاوی‌ بروسكه‌یه‌ك ئاڕاسته‌ی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌كات
مه‌حمود سه‌نگاوی‌ ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان به‌بۆنه‌ی‌ كۆچی‌ دوایی خاتو شوعله‌ عه‌لی‌ بروسكه‌یه‌كی‌ ماته‌مینی‌ ئاڕاسته‌ی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا رێكخه‌ری‌ گشتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان كرد، ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی‌:

برای‌ گه‌وره‌و خۆشه‌ویستم كاك نه‌وشیروان موسته‌فا
پاش سڵاو و رێز..
به‌ داخ و كه‌سه‌رێكی‌ زۆره‌وه‌ هه‌واڵی‌ كۆچی‌ ناواده‌ی‌ خوشكی‌ به‌ڕێزمان خاتون شوعله‌ عه‌لی‌ هاوژین ‌و هاوخه‌باتی‌ جه‌نابتانم پێگه‌یشت، به‌م بۆنه‌ خه‌مناكه‌وه‌ له‌ ناخی‌ دڵمه‌وه‌ پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی‌ له‌ راده‌به‌ده‌ری‌ خۆم ئاڕاسته‌ی‌ جه‌نابت و بنه‌ماڵه‌ی‌ تێكۆشه‌ر و شۆڕشگێڕی‌ شوعله‌ خانم ده‌كه‌م و داوای‌ لێبوردنی‌ خۆمتان پێ راده‌گه‌یه‌نم كه‌ به‌بۆنه‌ی‌ سه‌فه‌ركردنم بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات ناتوانم به‌شداری‌ پرسه‌ی‌ خوشكی‌ شۆڕشگێڕمان بكه‌م، بۆ ئه‌م خه‌مه‌ قورسه‌ له‌ ناخه‌وه‌ هاوبه‌شی‌ خه‌متانم.
شوعله‌ خان سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ هاوژین و پاڵپشتێكی‌ گه‌وره‌ی‌ سه‌ركرده‌یه‌كی‌ تێكۆشه‌ر بوه‌، له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی‌ تێكۆشه‌ر و شۆڕشگێڕی‌ سلێمانی‌ بوه‌ كه‌ دو برای‌ قاره‌مانی‌ شه‌هیده‌، بۆ خۆشی‌ پێشمه‌رگه‌ئاسا له‌ هه‌مو وێستگه‌ سه‌خته‌كانی‌ خه‌باتی‌ شاخ و شاردا روبه‌ڕوی‌ راوه‌دونان و ناخۆشی‌ و چه‌رمه‌سه‌رییه‌كان بوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی‌ داموده‌زگاكانی‌ رژێمی‌ به‌عسی‌ له‌ناوچو.
له‌ یه‌زدانی‌ مه‌زن داواكارم ئه‌م خوشكه‌ شۆڕشگێڕ و تێكۆشه‌ره‌ به‌ به‌هه‌شتی‌ به‌رینی‌ خۆی‌ شاد بكات‌ و سه‌بوری‌ و دڵنه‌وایی به‌ به‌ڕێزتان و هه‌مو لایه‌ك ببه‌خشێت و دوا ناخۆشی‌ جه‌نابتان و بنه‌ماڵه‌ سه‌ربه‌رزه‌كه‌یان بێت.
براتان 
مه‌حمود سه‌نگاوی‌ 
ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان
19/03/2017
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .