هاوسه‌رۆكایه‌تی‌ كۆنسه‌ی‌ به‌رێوبه‌ری‌ كۆماجڤاكێن كوردستان پرسه‌نامه‌یه‌ك ئاراسته‌ی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌كه‌ن

بۆ كۆچی‌ دوایی‌ خاتو شوعله‌ عه‌لی‌  هاوسه‌رۆكایه‌تی‌ كۆنسه‌ی‌ به‌رێوبه‌ری‌ كۆماجڤاكێن كوردستان( كه‌جه‌كه‌)پرسه‌نامه‌یه‌كیان ئاراسته‌ی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا كردوه‌،كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی‌.

به‌داخێكی‌ زۆره‌وه‌ هه‌واڵی‌ كۆچی‌ دوایی‌ خاتو شوعله‌ عه‌لی‌ سه‌عید مان پێگه‌یشت، ژیانی‌ خاتووشوعله‌ له‌نێو تێكۆشانی‌ گه‌لی‌ كورد و ڕه‌نجده‌ران بۆ ئازادی‌، یه‌كسانی‌ دیموكراسی‌ تێپه‌ڕبوو، كۆچی‌ دوایی‌ خاتوو شوعله‌ نه‌ك ته‌نیا بۆ بنه‌ماڵَه‌كه‌ی‌ و دۆستی‌ به‌ڕێزمان كاك نه‌وشیروان مسته‌فا، به‌ڵكو بۆ هه‌موو هێزه‌ شۆڕشگێر و دیموكراته‌كان له‌ ده‌ستدانێكی‌  گه‌وره‌یه‌، هه‌روه‌ها وه‌فاتی‌ خاتو شوعله‌ وه‌كو ژنێكی‌ ڕه‌نجده‌ر و تێكۆشه‌ر،هه‌م بۆتێكۆشانی‌ ئازادی‌ و ژنان و هه‌م بۆتێكۆشانی‌ ماف و ئازادی‌ ڕه‌نجده‌ران و زه‌حمه‌تكێشان له‌ده‌ستدانێكی‌ گه‌وره‌یه‌، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌كه‌ خاتوو شوعله‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تای‌ ته‌مه‌نی‌ گه‌نجییه‌وه‌ وه‌كو ژنێك و وه‌كو ڕه‌نجده‌رێك به‌شدارییه‌كی‌ چالاكی‌ له‌ڕیزی‌ پێشمه‌رگه‌دا كردوه‌،  له‌تێكۆشانێكی‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌دا جێیگرتووه‌، خاتوو شوعله‌ وه‌كو كوردێك له‌دژی‌ داگیركاری‌، وه‌كو ژنێك له‌دژی‌ پاشكه‌وتوویی‌ وكۆیلایه‌تی‌، وه‌كو ڕه‌نجده‌رێكیش له‌دژی‌ مێتینگه‌ری‌ تیكۆشانی‌ كردوه‌ ، خاتوو شوعله‌ وه‌كو مرۆڤێك كه‌له‌ ئه‌وپه‌ڕی‌ نه‌داریدا ئازایانه‌ ڕووبه‌ڕوی‌ كێشه‌و زه‌حمه‌تییه‌كانی‌ ژیان بووه‌و نرخ و به‌های‌ زۆری‌ خوڵقاند، ئه‌گه‌ر چی‌ دواتر ده‌سكه‌وت و ئیمكانی‌ مه‌زنیش هاته‌ ئاراوه‌، به‌ڵام ئه‌و هیچ كات له‌نرخ و به‌ها شۆڕشگێریه‌كه‌ی‌ دانه‌بڕا، وه‌كو كه‌سایه‌تیه‌كی‌ زۆر دڵنزم و ساده‌ درێژه‌ی‌ به‌تێكۆشان دا به‌تایبه‌ت له‌به‌رامبه‌ر گه‌نده‌ڵی‌ و به‌كرێگیراویدا ئاڵای‌ تێكۆشانی‌ هه‌ڵگرت، گه‌لی‌ وڵاتپارێزی‌ كورد كه‌ له‌نێو تێكۆشانی‌ دیموكراسی‌ ویه‌كسانی‌ ئازادیدایه‌، هه‌موو كاتێك هه‌ڵوێست و ژیانی‌ گه‌له‌ری‌ خاتوو شوعله‌ی‌ به‌نمونه‌ وه‌رگرتوه‌ و ڕێزی‌ لێگرتوه‌، هه‌ر بۆیه‌  كۆچی‌ دوایی‌ خاتو شوعله‌ بۆ هه‌موومان له‌ده‌ستدانێكی‌ گه‌وره‌یه‌.

له‌كۆتاییدا هاوخه‌می‌ خۆمان بۆكۆچی‌ دوایی‌ خاتوو شوعله‌ دیارده‌كه‌ین و پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی‌ خۆمان ئاراسته‌ی‌ گه‌لی‌ كورد و ژنانی‌ تێكۆشه‌ری‌ كورد و خزم و كه‌سوكارو هاوڕێ و هاوژینی‌ به‌رێزی‌ ،كاك نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌كه‌ین.

 هاوسه‌رۆكایه‌تی‌ كۆنسه‌ی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ كۆما جڤاكێن كوردستان- كه‌جه‌كه‌
20/03/2017
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .