(10) ساڵ لە تەمەنی (سبەی)
(10) ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و بەدیاریکراویش ئێوارەی (20)ی ئازاری ساڵی (2007)، سایتی (سبه‌ی) وه‌ك ناوێكی‌ نوێی‌ بواری‌ رۆژنامه‌گه‌ریی‌ ئه‌لیكترۆنی‌ كوردیی و یه‌كه‌مین كه‌ناڵی‌ راگه‌یاندنی‌ كۆمپانیای‌ وشه‌، به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ په‌یامی‌ (سبه‌ی) كه‌وته‌ کار.

بەم بۆنەیەوە و (سبه‌ی) له‌ ساڵیادی خۆیدا جه‌ژنی‌ نه‌ته‌وه‌یی کورد (نه‌ورۆز) و ساڵی‌ نوێی‌ كوردی‌ لە سەرجەم خوێنەران و هاوکارانی و گەلی کورد پیرۆز دەکات.

هەروەها سوپاسی بێ پایانی ئاراسته‌ی‌ ره‌وه‌ندی‌ دڵسۆز و خه‌مخۆری‌ كوردی‌ و هاوکارانی له‌هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان ده‌كات، كه‌ خۆبه‌خشانه‌ كارمان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن و سایته‌كه‌ی‌ خۆیان به‌ بابه‌ت و زانیاری‌ و روماڵكردنی‌ روداوه‌كان ده‌وڵه‌مه‌ند كردوه.

(سبه‌ی) کە ئێستا لە چوارچێوەی (تۆڕی میدیای گۆڕان) بەردەوامە لە خزمەتکردن، به‌ ستافێكی‌ كه‌م لەروی‌ ژماره‌وه‌ كاره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كانی‌ خۆی ده‌كات، به‌ڵام هه‌مو ئه‌وانه‌ش ستافی‌ (سبه‌ی)ن كه‌ خۆبه‌خشانه‌ له‌ سه‌رجه‌م شار و شارۆچكه‌كانی‌ كوردستان و ده‌ره‌وه‌ی‌ كوردستان هه‌واڵ و زانیاریمان پێده‌ده‌ن.

ئێمه‌ له‌ (سبه‌ی) هه‌وڵمانداوه‌ هه‌میشه‌ سه‌رچاوه‌یه‌کی باوه‌ڕپێکراوی زانیاری بین بۆ خوێنه‌رانمان و لەو روەشەوە، وه‌ك كه‌ناڵێكی‌ رۆژنامه‌وانیی‌ خاوه‌ن ستراتیژیی‌ تایبه‌ت ده‌ركه‌وتوه‌ و بوەتە سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ باوه‌ڕپێكراوی‌ هه‌واڵی ژماره‌یه‌كی‌ زۆر لە‌ كه‌ناڵه‌كانی‌ رادیۆ و ته‌له‌فزیۆن و ئاژانسه‌كانی‌ هه‌واڵی‌ جیهانی و ناوخۆیی‌‌. ئه‌مه‌ش به‌هۆی‌ راستی‌ و دروستی‌ زانیاری‌ ناو به‌رهه‌م و بڵاوكراوه‌كان و به‌رده‌وام نوێكردنه‌وه‌ی‌ به‌ش و بابه‌ته‌كانی‌ سایته‌كه‌.

هەوڵمانداوە کە هاوشانی هه‌مو میدیاکارانی پڕۆفیشناڵ و به‌هه‌ڵوێست کاره‌ رۆژنامه‌وانییه‌کانی خۆمان بکەین، بێگومان دڵنیاشین له‌وه‌ی بێ که‌موکوڕی نین، داواکارین هه‌مو ره‌خنه‌ و سه‌رنجه‌کانتان بنێرن بۆمان تا بتوانین زیاتر خزمه‌تی هه‌مو لایه‌ک بکه‌ین.

ستافی‌ (سبه‌ی)‌ سوپاسی‌ هه‌مو ئه‌و هاوكارانه‌ی‌ ده‌كات كه‌ له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات بابه‌ت و زانیاری‌ ده‌نێرن بۆ سایته‌كه‌ی‌ خۆیان، سوپاس بۆ هەمو ئەوانەی رۆژانێک لەم سایتەدا کاریان کردوە. سوپاسی‌ ئه‌و خوێنه‌ر و نوسه‌ر و رۆژنامه‌نوس و هاوکارانەش دەکەین كه‌ لە چەند ساڵی رابردودا هاوكارییان كردوین بۆ به‌رده‌وام بون و ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی‌ سایته‌كه‌ به‌ بابه‌ت و ره‌خنه‌ و پێشنیاره‌كانیان.

20/03/2017
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .