راگەیەنراوێک لە کۆمەڵی ئیسلامی و بزوتنەوەی گۆڕانەوە
بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی جەخت دەکەنەوە کە؛ مافی سەربەخۆیی مافێکی سروشتی و رەوای خەڵکی کوردستانە و پێویستە ریفراندۆم هەنگاوێک بێت بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بە ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکانەوە، لەگەڵئەوەشدا سەرنج و تێبینی جدیان لەسەر رێکارو میکانیزم و ئامادەسازیەکانی ئێستا هەیە.

ئەمڕۆ سێشەممە، لە مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان، وەفدی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان کۆبونەوە و دوابەدوای کۆبونەوەکەش بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

ئەمڕۆ 11/7/2017 شاندی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لە مەکۆی سەرەکی گۆڕان لە سلێمانی کۆبونەوە. هەردولا تەئکیدیان لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە کردەوە:
1. مافی سەربەخۆیی گەلی کوردستان مافێکی سروشتی و رەوای خەڵکی کوردستانە.
2. ریفراندۆم هەنگاوێک بێ بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بە ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکانەوە، بەڵام سەرنج و تێبینی جدیمان لەسەر رێکارو میکانیزم و ئامادەسازیەکانی ئێستا هەیە.
3. پێویستە گوزەران و بژێوی هاوڵاتیان باش بکرێ و سیستمی پاشەکەوت بە تەواوی هەڵبوەشێنرێتەوە.
4. پێویستە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان، لەسەرو هەمویانەوە پەرلەمانی کوردستان، بێ هیچ مەرجێک ئاسایی بکرێتەوەو کارەکانی خۆیان بێ هیچ لەمپەڕێک ئەنجام بدەن.
5. هەڵبژاردنی گشتی لەکاتی خۆیدا بکرێ و ریفراندۆم بۆ دوای هەڵبژاردن دوابخرێ، یا هەڵبژاردن و ریفراندۆم لەیەک کاتدا بکرێ.
6. بەدیهێنانی ئاشتەوایی ناوخۆ و یەکدەنگی نیشتیمانی لەسەر پرسە چارەنوسسازو نیشتیمانییەکان لەڕێی وتووێژی نێوان هێزە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان.

کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان
بزوتنەوەی گۆڕان
11/7/2017
11/07/2017
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .