گۆڕان رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن هەڵدەبژێردرێت
وته‌بێژی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان رایده‌گه‌یه‌نێت؛ هه‌فته‌ی‌ داهاتو جڤاتی‌ نیشتیمانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان كۆده‌بێته‌وه‌ و رێكخه‌ری‌ گشتی‌ ‌و ئه‌ندامانی‌ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندن هه‌ڵده‌بژێرێت، ئاشكراشیده‌كات جڤاتی‌ نیشتیمانی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ باڵاترین دامه‌زراوه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌یه‌ و خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندن بڕیاره‌كانی‌ جڤاتی‌ نیشتیمانی‌ جێبه‌جێده‌كات.

له‌دوای‌ كۆچی‌ دوایی نه‌وشیروان مسته‌فا، بۆده‌ستنیشانكردنی‌ رێكخه‌ری‌ گشتی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌، به‌پێی ماده‌ی‌ (15) له‌ ده‌ستوری‌ ناوخۆی‌ په‌سه‌ندكراوی‌ یه‌كه‌مین كۆنفرانسی نیشتیمانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، رێكخه‌ری‌ گشتی‌ له‌ناو جڤاتی‌ نیشتیمانی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ هه‌ڵبژاردنی‌ بۆ ده‌كرێت، هه‌ر به‌پێی ده‌ستور ئه‌ندامانی‌ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندن له‌ پرۆسه‌یه‌كی‌ دیموكراسیدا به‌شت به‌ستن به‌بنه‌ماكانی‌ یاساو رێساكانی‌ هه‌ڵبژاردن هه‌ڵده‌بژێردرێن.

هەروەها ئێستا ژوره‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان سه‌رقاڵی‌ نوسینه‌وه‌ی‌ رێنماییه‌كانن بۆ چۆنیه‌تی‌ به‌ڕێوه‌چونی‌ پرۆسه‌كه‌.

 بزوتنەوەی گۆڕان له‌ دوای‌ كۆچی‌ دوایی نه‌وشیروان مسته‌فا په‌ناده‌باته‌ به‌ر ده‌ستوری‌ په‌سه‌ندكراوی‌ یه‌كه‌مین كۆنفرانسی‌ نیشتیمانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان كه‌ تێدا ده‌ستنیشانی‌ كردوه‌ چۆن ‌و كێ ده‌بێته‌ رێكخه‌ری‌ گشتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان.

د. شۆرش حاجی‌، وته‌بێژی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ لێدوانێكیدا بۆ (تۆڕی میدیای گۆڕان) رایگەیاند؛ هه‌فته‌ی‌ داهاتو جڤاتی‌ نیشتیمانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان كۆده‌بێته‌وە و كه‌سێك بۆ رێكخه‌ری‌ گشتی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ و ئه‌ندامانی‌ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندن هه‌ڵده‌بژێرێت.

وته‌بێژی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ئاماژه‌ی بەوەشکرد، جڤاتی‌ نیشتیمانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆران باڵاترین ده‌سه‌ڵاتی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌یه‌ و خانه‌ی‌ راپه‌راندن ده‌بێته‌ جێبه‌جێكاری‌ بڕیاره‌كانی‌ جڤات.

بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆران كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنییه‌وه‌ وه‌ك بزوتنه‌وه‌یه‌كی‌ جه‌ماوه‌ری‌ ده‌ركه‌وت و بۆیه‌كه‌مین جاربوه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی‌ بزوتنه‌وه‌یه‌ گۆڕان ئۆپۆزسیۆنێكی‌ په‌رله‌مانی‌ به‌هێز دروست ببێت له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا و له‌ ته‌واوی‌ به‌رنامه‌ و كارنامه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانیدا جەختی له‌ باشتركردنی‌ ژیانی‌ هاوڵاتیان گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ماف ‌و ئازادی‌ و یه‌كسانی‌ ‌و دادپه‌روه‌ری‌ ‌و حكومه‌تی‌ هاوڵاتی‌ كردوه‌ته‌وه‌  و بۆ به‌دیهێنانی‌ ئه‌و ئامانجانه‌ش پشتی‌ به‌ خه‌باتی‌ مه‌ده‌نی‌ به‌ستوه‌.

19/07/2017
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .