خۆكاندیدكردن بۆ رێكخه‌ری‌ گشتی‌ و ئه‌ندامێتی‌ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندن ده‌ستپێده‌كات
ژوری‌ هه‌ڵبژاردنی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان رایده‌گه‌یه‌نێت؛ رۆژی پێنجشه‌ممه‌ خۆكاندیدكردن بۆ رێكخه‌ری‌ گشتی‌ و ئه‌ندامێتی‌ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندنی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ده‌ست پێده‌كات و بۆ ماوه‌ی‌ (4) رۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت، هه‌ركه‌سێك ئه‌و مه‌رجانه‌ی‌ تێدا بێت كه‌ له‌ ده‌ستوری‌ گۆڕاندایه‌ ده‌توانێت خۆی‌ كاندید بكات.

بەپێی ده‌ستوری‌ په‌سه‌ندكراوی‌ كۆنگره‌ی‌ یه‌كه‌می‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، وه‌ك ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی‌ رێكخراوه‌یی به‌رامبه‌ر ده‌ستوره‌كه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ دوه‌می‌ جڤاتی‌ نیشتمانی‌ دوای‌ مه‌رگی‌ رێكخه‌ری‌ گشتی‌ و به‌پێی‌ ماده‌ی‌ (15)ی‌ ده‌ستوره‌كه‌ و بۆ ته‌واوكردنی‌ ئه‌ركه‌كانی‌ گۆڕان له‌ (25)ی‌ ئه‌م مانگه‌دا له‌ پرۆسه‌یه‌كی‌ دیموكراسیدا رێكخه‌ری‌ گشتی‌ و ئه‌ندامانی‌ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندن له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی‌ جڤاتی‌ نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕانەوه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێن.

زمناكۆ جه‌لال، رێكخه‌ری‌ ژوری‌ هه‌ڵبژاردنی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان به‌ (تۆڕی میدیای گۆڕان)ی راگه‌یاند؛ له‌ رۆژی‌ (20) ئه‌م مانگه‌وه‌ بۆ رۆژی‌ (23) مانگ ده‌رگای‌ خۆكاندیدكردن بۆ ئه‌ندامێتی‌ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندن ده‌كرێته‌وه‌

وتیشی :"ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ناوخۆیه‌ی‌ بزوتنه‌وی‌ گۆڕان لیژنه‌یه‌كی‌ پێكهاتو له‌ دادوه‌رێك و ئه‌ندامێتی‌ ژوری‌ هه‌ڵبژاردن ‌و ژوری‌ یاسایی سه‌رپه‌رشتی‌ ده‌كه‌ن و هه‌ركه‌سێك ئه‌و مه‌رجانه‌ی‌ تێدا بێت كه‌ له‌ ده‌ستوری‌ گۆڕاندایه‌ ده‌توانێت خۆی‌ كاندیدبكات".

بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان وه‌ك ئومێد و هیوای‌ میلله‌ته‌كه‌مان بۆ بنبڕكردنی‌ گه‌نده‌ڵی‌ و چه‌سپاندنی‌ سه‌روه‌ری‌ یاسا و به‌دامه‌زراوه‌یی كردن و پێشخستن و گه‌شه‌كردنی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم و دامو ده‌زگا شه‌رعیه‌كان و رێكخستنه‌وه‌ی‌ نێوماڵی‌ كورده‌واری‌ هه‌شت ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به‌ گوڕوتینێكی‌ زۆره‌وه‌ به‌ پاڵپشتی‌ زیاتر له‌ نیو ملیۆن ده‌نگده‌ری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان هاته‌ مه‌یدان و ئێستاش له‌ قۆناغێكی‌ نوێ‌ بۆ پارێزگاری و به‌رده‌وامی‌ ئه‌و ئومێد و هیوایه‌ و بۆ تازه‌كردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و متمانه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ پابه‌ند بونی‌ خۆی‌ به‌ ده‌ستوری‌ بزوتنه‌وه‌كه‌وه‌ راگه‌یاندوه‌و له‌سه‌ر رێگه‌و به‌رنامه‌ و بیری‌ نه‌وشیروان مسته‌فا هه‌نگاوه‌ی‌ ئاینده‌ ده‌نێت.

20/07/2017
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .