وردەکاریی هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن

راپۆرتی/ دەشتی سالار

بزوتنەوەی گۆڕان هەنگاو بەرەو رێکخستنەوە و قۆناغی نوێی ژیانی سیاسی خۆی دەنێت، قۆناغی داهاتو بۆ گۆڕان تەواو جیاوازە، قۆناغی داهاتوی گۆڕان بەبێ نەوشیروان مستەفا دەبێت، بەڵام پابەندو پەیوەست بە رێبازو ئاکارو ئەو بەرنامەیەی دوای خۆی نەک تەنها وەک رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵکو وەک کاریزما و سەرکردەی نەتەوەیی و نیشتیمانی جێی هێشتوە. هەروەها پابەند بە دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەکە.

لە (19)ی ئایاری ئەمساڵدا نەوشیروان مستەفا لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد، دوای کۆتایی هاتنی چلە و یادی کۆچەکەی، ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان سەرقاڵی خۆڕێکخستنەوە و ئامادەکارییە بۆ قۆناغی داهاتو، دەستپێکی هەنگاوەکانیش بە هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن و رێکخەری گشتی بزوتنەوەکە دەبێت.

پاش تەواوبونی ئامادەکارییەکان، هەفتەی داهاتو لە رۆژی (25/7/2017) و (هەشت ساڵ دوای بەشداریی کردنی بزوتنەوەی گۆڕان لەیەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمان کوردستان)، پرۆسەکە ئەنجام دەدرێت، ئەم پرۆسەیە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان تاقیكردنەوەیەكی گرنگ و مێژویی دەبێت، لەهەمانکاتدا لە ساتەوەختێکی مێژوییدا دەبێت کە هەشتەم ساڵیادی بەشداری کردنیەتی لە پرۆسەی سیاسی، کە بە خاڵی وەرچەرخان لە هەرێمی کوردستان دادەنرێت، بەوپێیەى دوای بردنەوەی (25) کورسی پەرلەمان لەیەکەم ئەزمونی بەشداری هەڵبژاردندا، وەک یەکەم بزوتنەوە و فراکسیۆنی ئۆپۆزسیۆن لەپەرلەمانی کوردستاندا دەستی بەکار و ژیانی سیاسی کرد.

ئەوە لەکاتێکدایە کە بزوتنەوەى گۆڕان هیواى خەڵکە بۆ گۆڕانکارى ریشەیى بەرەو سەروەربونى یاسا و عەدالەت کۆمەڵایەتى و نەهێشتنى گەندەڵى، ئێستاش خەڵک و چاودێران بەپەرۆشەوە چاوەڕوانى ئایندەى بزوتنەوەکەن.

گۆڕان و مۆدێلێکی نوێی سیاسی
بزوتنەوەی گۆڕان، رێكخراوێكی سیاسی مەدەنی جەماوەریی خاوه‌ن كه‌سایه‌تی مەعنەوییە؛ لە کۆبونەوەی ئاره‌زومه‌ندانه‌ی ئەو هاوڵاتیانە پێکدێ کە لە دەوری بەرنامەی سیاسی و دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆران کۆبونەتەوە. ئەمە پێناسەی بزوتنەوەی گۆڕانە وەک رێکخراوێکی سیاسی، بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەکە کە لە کۆنگرەی یەکەمی خۆیدا لە مانگی کانونی یەکەمی ساڵی (2013)دا پەسەندی کردوە.

رۆژی (25)ی تەموزی ساڵی (2009)، یەکەم بزوتنەوەی ئۆپۆزسیۆنی جەماوەری لەژێر ناوی (بزوتنەوەی گۆڕان)دا دروستبو، دروشمی بزوتنەوەکە بنەبڕکردنی گەندەڵی و نەهێشتنی نادادی کۆمەڵایەتی و دەستبەرکردنی دادپەروەریی و کارکردنە بۆ گۆڕینی سیسەتمی حوکمڕانی لە هەرێم.

بزوتنەوەی گۆڕان لە هەلومەرجێکدا دروستبو، کە خەڵکی هەرێمی کوردستان بە دەست گەندەڵی و نادادی کۆمەڵایەتی دەیانناڵاند، هاوڵاتیانی هەرێم بە دوای چەترێکدا دەگەڕان کە ببێتە سایەیەک بۆ دەنگە توڕە و ناڕازییەکانیان و بزوتنەوەى گۆڕان مۆمێکى بۆ روناککردنەوەى رێگە تاریکەکان داگیرساند.

لەمێژوی نوێدا یەکەمین جارە بزوتنەوەیەک راستەوخۆ چارەنوسی سیاسی خۆی وابەستەی دەنگی دەنگدەرانی دەکاتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ خواستی هاوڵاتی، هانا بۆ رای گشتی دەبات لەبری درێژەدان بە دەسەڵاتی سیاسی بە بەکارهێنانی چەک و پارە و تۆقاندن و ترساندن و کڕینی ویژدان.


هەڵبژاردنی ناوخۆیی
کاری حیزبایەتی لەناو بزوتنەوەی گۆڕان جیاوازە لە حیزبەکانی دیکە، لەناو گۆڕاندا ساڵانە پۆستەکان و کەسەکان لەسەر بنەماى هەڵبژاردنى ناوخۆیى دەگۆڕدرێن. هەروەها گۆڕان مۆدێلی حیزبی په‌رله‌مانی هه‌ڵبژاردوه‌، مۆدێلێک کە تێیدا حیزب هاوڵاتیانی هەرێمەکەی وەک ئامراز بەکارناهێنێت بۆ گەشتن بە ئامانجە تەسکەکانی حیزبایەتی، بەڵکو حیزبەکەی کردوە بە ئامرازێک بۆ هێنانەکایەی ژیانێکی شایستەتر، کە شایەنی تاکەکانی کۆمەڵگاکەی بێت.

نەوشیروان مستەفا لە وتاری کۆتایی یەکەم کۆنگرەی بزوتنەوەی گۆڕان لە (27/12/2013) وتی: "ئه‌وه‌ی گرنگه‌ له‌م كۆنگره‌یه‌دا گرنگترین مه‌سه‌له‌ كه‌ سیسته‌می كاری سیاسی، سیسته‌می كاری رێكخراوه‌یی، سیسته‌می كاری میدیایی، به‌مانایه‌كی تر سیسته‌می بڕیاردانی سیاسی له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا له‌لایه‌ن ئه‌م كۆنگره‌یه‌وه‌ دیاریكراوه‌".

وتیشی: "ئێمه‌ ئومێدمان وایه‌ له‌دوای كۆنگره‌كه‌، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان درێژه‌ به‌كاره‌كانی خۆی بدات بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ دامه‌زراوه‌یه‌كی ئه‌و‌تۆ، کە به‌ كه‌سێك و دو كه‌س و وازهێنانی ده‌ كه‌س و پانزه‌ كه‌س و مردنی چه‌ند كه‌سێك توشی هیچ جۆره‌ قه‌یرانێك نه‌بێت".

ئێستاش بزوتنەوەی گۆڕان سەرقاڵی ئامادەکارییەکانە، بۆ هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن، ئەم پرۆسەیە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان وەک هێزێکی مەدەنی و جەماوەری کارێکی ئاسانە، چونکە دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان هەمو رێوشوێنەکانی ئەو پرۆسەیەی رونکردوەتەوەو دیاری کردوە.

لە بزوتنەوەی گۆڕاندا جڤاتی نیشتیمانی ناوەندی بڕیارو بەرزترین دەسەڵاتە، خانەی راپەڕاندن بەرپرسی جێبەجێكردنی بڕیارو راسپاردەكانی جڤاتی نیشتمانیە لە نێوان دو كۆبونەوەدا و ئەركی رێكخەریش هەماهەنگی و سەرپەرشتی كۆبونەوەكانی خانەی راپەڕاندن و جڤاتی نیشتمانییە.

چۆنێتی پرۆسەکە
لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ پرۆسەکە، لەژێر روناکى دەستورى بزوتنەوەکەدا کۆمەڵێک رێنمایی دەرکراون سەبارەت بە مەرج و رێوشوێنەکانی خۆ کاندید کردن بۆ هەریەکە لە پۆستەکانی رێکخەری گشتی، سکرتێرەکانی کاروباری جڤاتی نیشتیمانی، فراکسیۆن، ژورەکان، باژێرەکان، خەڵک، سەرۆکی جڤاتی گشتی. بەپێی مەرجەکانیش؛ ئەو کەسەی خۆی کاندید دەکات پێویستە ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی یاخود یان جڤاتی گشتی یاخود کەسایەتییەکی ناسراوی گۆڕان بێت، ئەو کەسەی خۆی کاندید دەکات نابێت پۆستی باڵای حکومی هەبێت وەک وەزیر و بریکاری وەزیرو باڵیۆزو راوێژکارو بەڕێوەبەری گشتی و پەرلەمانتار.

هاوکات فۆرمی خۆ کاندیدکردن ئامادە کراوەو هەر کەسێک مەرجەکانی خۆ کاندید کردنی تێدا بێت دەتوانێت لە رۆژانی (20 تا 23 /7/2017) خۆی کاندید بکات و دواتریش هەلی یەکسان بۆ کاندیدەکان دەڕەخسێنرێت بۆ خۆناساندنیان.

هەر بەپێی دەستوری بزوتنەوەی گۆڕان؛ رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن لە كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی و بە ئامادەبونی زۆرینەی رەهای ئەندامانی هەڵدەبێردرێن، ئەوەش بە دەنگدانی نهێنی و راستەوخۆ بە زۆرینەی سادەی دەنگی ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی. 

پرۆسەی هەڵبژاردنەکەش لەلایەن لیژنەیەکەوە کە لە دادوەرێک و نوێنەری ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان و نوێنەری ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان سەرپەرشتی دەکرێت. هاوکات سکاڵاو تانەلێدان لەسەرجەم پرۆسەی هەڵبژاردنەکە، لە کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتنەوە تا راگەیاندنی ئەنجامەکان بە نوسراو تۆمار دەکرێت لە ژوری یاسایی.

جڤاتی نیشتمانی
جڤاتی نیشتمانی دامەزراوەی سەرکردایەتی بوارەکانی کاری سیاسی، رێکخراوەیی، کارگێڕی، دارایی و میدیایی بزوتنەوەی گۆڕانە.
جڤاتی نیشتمانی به‌رزترین ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ نێوان دو هەڵبژاردندا. 

پێکهاتەی جڤاتی نیشتمانی
یەکەم: ئەندامانی خانەی راپەڕاندن.
دوەم: باژێڕوان و ئەندامانی تەواوکار.
سێیەم: سەرۆکی فراکسیۆنەکانی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاکان.
چوارەم: رێکخەری ژورەکان. 
پێنجەم: نوێنەری ئەنجومەنەکانی رەوەندی کوردی لە هەندەران. 
شەشەم: نوێنەری کاروباری رێکخراوەیی ئافرەتان. 
دەنگدان لە کۆبونەوەکانی جڤاتی نیشتمانی-دا، بەپێی بابەتەکان، ئەشێ بە ئاشکرا یان بە نهێنی بێت، بە زۆرینەی سادە بڕیار دەدرێت.

خانەی راپەڕاندن
خانه‌ی راپه‌ڕاندن بەرپرسی جێبەجێکردنی بڕیار و راسپاردەکانی جڤاتی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌، لە نێوان دو کۆبونەوەدا.

ئه‌ندامانی خانه‌ی راپه‌ڕاندن
ئەندامانی خانەی راپەڕاندن، بە پێی ئەرکەکانی پێکدێن لە: رێکخەری گشتی، سکرتێرەکانی کاروباری جڤاتی نیشتمانی، فراکسیۆن، ژورەکان، باژێڕەکان، خەڵک و سەرۆکی جڤاتی گشتی.
رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن، جگە لە سەرۆکی جڤاتی گشتی، لە ناو ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی یان لە ناو ئەندامانی جڤاتی گشتی و کەسایەتیە ناسراوەکانی بزوتنەوەی گۆڕاندا کە ئەندامی جڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتی نین، کاندید دەکرێن؛ لە کۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی-دا، بە دەنگدانی نهێنی و راستەوخۆ و به‌ زۆرینه‌ی ساده‌ ئەپەسەندرێن و به‌ زۆرایه‌تی ره‌های ده‌نگی هه‌مو ئه‌ندامه‌کانی دەگۆڕدرێن.

هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن دو ساڵ جارێک دەبێت.
رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن تەنها بۆ سێ خولی هەڵبژاردن بۆیان هەیە، بۆ هەمان پۆست، خۆیان کاندیدبکەن.

پێکهاتە و ئەرکەکانی خانەی راپەڕاندن
یەکەم: رێکخەری گشتی
سەرپەرشتی کۆبونەوەکانی خانەی راپەڕاندن و جڤاتی نیشتمانی دەکات.
لە بەردەم جڤاتی نیشتمانیدا بەرپرسیارە.
لە کاتی ئامادەنەبونی دا، یەکێ لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن رادەسپێرێ بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانی.

دوەم: سکرتێری کاروباری جڤاتی نیشتمانی
ئەرکەکانی بریتیە لە:
دیاریکردنی کات و شوێن و کارنامەی کۆبونەوەکانی جڤاتی نیشتمانی.
تۆمارکردنی کۆنوسی کۆبونەوەکان، تۆمارکردنی بڕیار و راسپاردەکانی و گەیاندنی بە جێگەی پەیوەندیدار.

سێیەم: سکرتێری کاروباری فراکسیۆنەکان
ئەرکەکانی بریتیە لە هەماهەنگی نێوان فراکسیۆنەکان و دامەزراوەکانی بزوتنەوەی گۆڕان.

چوارەم: سکرتێری کاروباری باژێرەکان
ئەرکەکانی بریتیە لە رێکخستنی پەیوەندی رۆژانەی نێوان باژێڕوان و باژێڕەکان و خانەی راپەڕاندن و وەڵامدانەوەی نامە و پەیام و پرسیارەکانیان.

پێنجەم: سکرتێری کاروباری ژورەکان
ئەرکەکانی بریتیە لە هەماهەنگی نێوان ژورەکان و خانەی راپەڕاندن و دامەزراوەکانی گۆڕان.

شەشەم: سکرتێری کاروباری خەڵک
ئەرکەکانی بریتیە لە:
پێشوازیکردنی ئەوانەی رۆژانە سەردانی مەکۆی سەرەکی دەکەن.
گوێگرتن لە پێشنیار، رەخنە، ئامۆژگاری، سکاڵاکانی خەڵک و گەیاندنی بابەتەکانیان بە جێگەی پەیوەندیدار.

حەوتەم: سەرۆکی جڤاتی گشتی


هەڵبژاردنەوەی رێکخەری گشتی
لە کاتی چۆڵ بونی جێگەی رێکخەری گشتی بزوتنەوەکەدا، لە سۆنگەی وازهێنانی یان هەر هۆیەکی ترەوە، بۆ پڕکردنەوەی شوێنەکەی، یەکێ لە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی یا یەکێ لە ئەندامانی جڤاتی گشتی یان کەسایەتیەکی دیاری بزوتنەوەی گۆڕان لە دەرەوەی هەردو جڤات، بە دەنگدانی نهێنی و راستەوخۆ و بە زۆرایەتی رەها هەڵدەبژێرن. ئەگەر لە جاری یەکەمی هەڵبژاردندا دەنگی پێویستی نەهێنابو، بۆ جاری دوەم هەڵبژاردن بۆ یەکەمین و دوەمین کەس، کە زۆرترین دەنگیان هێناوە، دوبارە دەکرێتەوە، ئەوسا دەنگی زۆرایەتی سادە بەسە بۆ هەڵبژاردنی.
21/07/2017
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .