ژوری هەڵبژاردن : تائێستا (11) کەس خۆیان بۆ خانەی راپەڕاندن کاندید کردوە
رێکخەری ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان، رێوشوێنە دەستورییەکان و کاندیدانی خانەی راپەڕاندن ئاشکرا دەکات، کە بڕیارە رۆژی سێشەممەی داهاتو لەلایەن جڤاتی نیشتیمانییەوە هەڵبژێردرێن.

زمناکۆ جەلال، رێکخەری ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: وەک یەکەم هەنگاوی هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن و رێکخەری گشتی، ئەمڕۆ دەستەی نوێی سەرۆکایەتی جڤاتی گشتی هەڵبژێردران، کە پێکهاتون لە سێ کەس سەرۆک و جێگر و سکرتێری جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان.

 وتیشی :"وتیشی دوای کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن و دەنگدان لە نێو ئەندامانی جڤاتی گشتی، لەنێو نۆ کاندیدا سێ کەس توانیان دەنگی پێویست بەدەستبهێنن بۆ سەرۆکایەتی نوێ جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، ئەوانیش د.رەئوف عوسمان بۆ سەرۆک و مامۆستا ساڵح ژاژڵەیی بۆ جێگر و خاتو دڵخواز کاکەڕەش بۆ سکرتێری جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان".

ئاماژەی بەوەشکرد؛ بەپێی دەستوری ناوخۆیی، سەرۆکی جڤاتی گشتی راستەوخۆ دەبێتە ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان".

بەوتەی رێکخەری ژوری هەڵبژاردن؛ پرۆسەی خۆکاندید کردن بۆ ئەندامێتی خانەی راپەڕاندن بەردەوامە و تائێستا (11) کەس خۆیان کاندید کردوە، تا سبەینێ سەعات چواری ئێوارە دەرگای خۆپاڵاوتن کراوەیە، بۆ ئەو هەڵسوڕاوانەی کە مەرجە دەستورییەکانیان تێدایە بۆ خانەی راپەڕاندن و سبەینێ سەعات چوار دەرگای خۆ پاڵاوتن دادەخرێت.

زمناکۆ جەلال، وتیشی :" ئەو فۆرمانەی کاندیدەکان کە دەگەڕێنەوە ئاراستەی ژوری یاسایی دەکرێن بۆ راستاندن، لە رۆژی سێشەممە (25/7/2017) لە کۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕاندا هەڵبژاردن بۆ شەش ئەندامەکەی دیکەی خانەی راپەڕاندن دەکرێت کە رێکخەری گشتیش یەکێکە لە ئەندامەکان".

22/07/2017
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .