قادر حاجی عەلی: متمانە بەهاورێكانم‌ و كەسێكی وەك كاك عومەر وایلێكردم خۆم كاندید نەكەم
له‌ پرۆسه‌ی خۆ رێكخستنه‌وه‌ و ئاماده‌كاری بۆ قۆناغی دوای كۆچی نه‌وشیروان مسته‌فا، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان سه‌رگه‌رمی زنجیره‌یه‌ك كۆبونه‌وه‌ و هه‌ڵبژاردنی ناوخۆیی ئۆرگانه‌كانیه‌تی و له‌وچوارچێوه‌یه‌دا هاوڕێكانی نه‌وشیروان مسته‌فا مێژوی بزوتنه‌وه‌كه‌ گه‌شاوه‌تر ده‌كه‌ن و دڵی خه‌ڵكی كوردستان و جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی خۆشتر ده‌كه‌ن و ئه‌زمونێكی نوێ له‌كاری رێكخراوه‌یی و حیزبی له‌ كوردستان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن.

پێشتر نه‌وشیروان مسته‌فا له‌نامه‌یه‌كدا، بۆ هاوڕێكانی، پێشنیازی كردو به‌ پێی ده‌ستوری ناوخۆی بزوتنه‌وه‌كه‌ له‌ جێگه‌ی خۆی كه‌سێك هه‌ڵبژێرن بۆ پۆستی رێكخه‌ری گشتی، دوای دو مانگ له‌ كۆستی كۆچی ئه‌و، بزوتنه‌وه‌كه‌ سه‌رقاڵی ئه‌و ئه‌ركه‌ گرنگه‌یه‌‌ و چاوه‌ڕوانی و ئومێدی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستانیش به‌و بناغه‌ پته‌وه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا بۆ بزوتنه‌وه‌كه‌ی داناوه‌، ئه‌و به‌رپرسیارێتیه‌ی له‌سه‌رشانی هاوڕێكانی بۆ روبه‌روبونه‌وه‌ی قۆناغی داهاتو قورس و گرانتر كردوه‌.

ده‌زگاكان له‌ راگه‌یاندنی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان و حیزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانیش له‌نزیكه‌وه‌ چاودێری گۆڕانكارییه‌كانی ناوخۆی بزوتنه‌وه‌كه‌ ده‌كه‌ن.

له‌و نێوه‌نده‌دا، عومه‌ری سه‌ید عه‌لی و قادری حاجی عه‌لی ئه‌و دو هاورێ و هاوسه‌نگه‌ره‌ی خه‌باتی شاخ و شاری نه‌وشیروان مسته‌فا بون كه‌ وه‌ك دو ناوی دیاری سه‌ركردایه‌تی بزوتنه‌وه‌كه‌ باس و خواسی گه‌رمیان له‌باره‌وه‌ ده‌كرا، دوای گفتوگۆ و راوێژ، دوای ئه‌وه‌ی هه‌ریه‌كه‌یان پێشنیاریان بۆ یه‌كتری كردبو كه‌ كاندید بن بۆ پۆستی رێكخه‌ری گشتی، ئه‌مرۆ (22/7/2017) قادری حاجی عه‌لی، بە سایتی شارپرێسی راگه‌یاند: متمانە بەهاورێكانم‌ و كەسێكی وەك كاك عومەری سه‌ید عه‌لی وایلێكردم خۆم كاندید نەكەم.

قادری حاجی عه‌لی، ده‌ڵێت؛ "سەرەتا هەردو پێشنیارمان بۆیەكتری ئەوەبو یەكێكمان خۆمان كاندید بكەین، دواتر واكەوتەوە كە كاك عومەر خۆی كاندیدبكات ئەم شێوازە رەنگە بشبێتە هۆی هاودەنگی زیاترو تەبایی زیاتر لەناو گۆڕاندا، نەك هەر ئەوە بەڵكو بڕیارم ئەوەیە پشتیوانی ئەو و هەمو ئەو هەڤاڵانە بكەم كە پۆستەكان پردەكەنەوە بۆ ئەوەی بتوانن بەسەركەوتویی ئەركەكانی سەرشانیان راپەرێنن".

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات؛ ئەركی سەرەكیمان، پشتیوانی ئەو هەڤاڵانەیە ئەبێت بۆ ئەوەی بتوانن سەركەوتوانە ئەركەكانی خۆیان راپەرێنن، ئەمە لەگەڵ ئەوەی وەك هەر گۆڕانخوازیكی تر، رۆڵی چاودێری‌و رەخنەگرتمان دەبێت لەكاتی بونی كەموكورتییەكان، ئەمەش سروشتی ناو بزوتنەوەی گۆڕانەو لاشموایە بەم جۆرە گۆڕان دەتوانێت جیاوازبێت لەهێزە كلاسیكییەكانی تر.

له‌باره‌ی كۆچی دوایی نه‌وشیروان مسته‌فا و به‌رده‌وامبونی به‌رنامه‌كه‌ی، قادری حاجی عه‌لی ده‌ڵێت؛ "مردنی كاك نەوشیروان خەسارەتێكی گەورە بو نەك هەر بۆ ئێمە وەك هاوڕێی‌و بزوتنەوەكە، بەڵكو بۆ خەڵكی كوردستان‌و ناوچەكەش، چۆنییەتی بەڕێخستنی پرسەكەی شاهیدی ئەو قسانەن، بەڵام كاك نەوشیروان لەدوای خۆی پەیام‌و بەرنامەیەكی قوڵ‌و فراوانی بۆ بەجێهێشتوین، هیوادارم هەمومان بتوانین سود لەبەرنامەكانی‌و پەیامەكانی وەربگرین".

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕو؛ "لەڕوی پداگری لەخەباتی مەدەنیانەشی گۆڕان دەبێت بەردەوامبێت وەك بزوتنەوەیەكی مەدەنی‌و بیرلەوەنەكاتەوە ببێتە خاوەن هێزی چەكدار، چونكە دەركەوت بەمەدەنی مانەوەی چەند كاریگەری ئیجابی دەبێت لەسەر چونە پێشەوەی كۆمەڵگە بەشێوەیەكی هێمنانەو دورستكردنی رای گشتی بۆ گۆڕانكاری‌و بەدور لەدروستبونی بارگرژی‌و بەریەككەوتن‌و توندوتیژی".

قادری حاجی عه‌لی، هه‌ڵسوڕاوێكی دیاری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و هاوڕێی دێرینی نه‌وشیروان مسته‌فایه‌، یه‌كێكه‌ له‌ دامه‌زرێنه‌رانی گۆڕان و له‌سه‌ره‌تای دروستبونی گۆڕانه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی به‌شێكی زۆری‌ كاره‌ میدیاییه‌كانی گۆڕانی ده‌كرد و له‌م چاوپێكه‌وتنه‌دا ده‌ڵێت؛ "سروشتی كاركردن لەناو بزوتنەوەی گۆڕان تارادەیەك جیاوازە لەكاركردن لەناو پارتەكانی تر، ئەمەش بەشێك لەو جیاوازییانەیە، كە هەر لەسەرەتاوە بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ خۆی هێنایە كایەی سیاسییەوە، هەردو پەیامەكەی گۆڕان‌و سبەی، كە من بەحزوری كاك نەوشیروان خۆم نوسیومن، لەگەڵ ئەوەی هێزو تینێكی زۆری تێدایە بۆ جەماوەر، لەهەمانكاتیشدا بەردەوام كۆمەڵێك دەرگاو پەنجەرەی بەڕوی هەر ئەندام‌و گۆڕانخوازێكدا كردوەتەوە، كە بواری ئەوەی هەبێت ئەگەر لەپۆستیشدا نەبێت بتوانێت خزمەت بكات، واتە بواردەدات بەهەموان چاودێر بن رەخنەگرو خۆ بەخاوەن ماڵ بزانن، بۆیە ئەوەش تاڕادەیەك ئەو تێڕوانینەی كەم رەنگ كردوەتەوە تۆ كاتێك دەتوانی خزمەت پێشكەشبكەیت، كە هەر لەپۆستدابیت".

ئه‌مه‌ش ده‌قی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یه‌:

*لەدواساتدا بڕیاری خۆكاندیدكردنت بۆ پۆستی رێكخەری گشتی وەلانا، تاچەندە قەناعەتت بەوە هەیە ئەم كارەی تۆ خزمەت بەبزوتنەوەی گۆران دەكات؟
قادری حاجی عەلی: سەرەتا پیمخۆشە ئەوە بڵێم لەبزوتنەوەی گۆڕاندا، پۆست بۆ ئەوەیە خزمەتی بزوتنەوەكەو خەڵكی پێبكرێت، كێبەركێ‌ لەناو گۆڕاندا لەسەر ئەوەیە كێ‌ دەتوانێت باشتر خزمەت بكات، منیش متمانە بەهاورێكانم، بەتایبەت كاتێك كەسێكی وەك كاك عومەر كاندیدبێت بۆ ئەو پۆستە ئیتر چ پێویست بەكێبەركی هەیە، بۆیە لەو حاڵەتەدا خۆم كاندیدناكەم، سەرەتا هەردو پێشنیارمان بۆیەكتری ئەوەبو یەكێكمان خۆمان كاندید بكەین، دواتر واكەوتەوە كە كاك عومەر خۆی كاندیدبكات ئەم شێوازە رەنگە بشبێتە هۆی هاودەنگی زیاترو تەبایی زیاتر لەناو گۆڕاندا، نەك هەر ئەوە بەڵكو بڕیارم ئەوەیە پشتیوانی ئەو و هەمو ئەو هەڤاڵانە بكەم كە پۆستەكان پردەكەنەوە بۆ ئەوەی بتوانن بەسەركەوتویی ئەركەكانی سەرشانیان راپەرێنن.

من پێشتر لەڕابردوی سیاسی خۆمدا تەنانەن لەناو یەكێتی نیشتمانی‌و كۆنتریش كۆمەڵەدا هیچ كات داوایی پۆستم نەكردوە بۆ وەرگرتنی پۆستیش، هەركاتێك پۆستێكم پیسپێردرابێت ئیتر قبوڵم كردبێت، یان رەتمكردبێتەوە، تاڕادەیەك موفاجەئە بون بۆم، بۆیە هەر لەسەرەتاوە سەرباری ئەوەی گۆشارم لەسەر بو تاخۆم كاندیدبكەم، بەڵام جۆریك بیدەنگیم هەلبژارد بۆ خۆكاندیدكردن تابەرچاوم رونتر بێتەوەو دواین برایاربدەم لەوبارەوە.

*دوای یەكلابونەوەی خۆكاندیدنەكردن بۆ پۆستی رێكخەری بەهیوای چۆن لەگۆڕاندا بەردەوامبیت‌و خزمەت بكەیت؟
قادری حاجی عەلی: سروشتی كاركردن لەناو بزوتنەوەی گۆڕان تارادەیەك جیاوازە لەكاركردن لەناو پارتەكانی تر، ئەمەش بەشێك لەو جیاوازییانەیە، كە هەر لەسەرەتاوە بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ خۆی هێنایە كایەی سیاسییەوە، هەردو پەیامەكەی گۆڕان‌و سبەی، كە من بەحزوری كاك نەوشیروان خۆم نوسیومن، لەگەڵ ئەوەی هێزو تینێكی زۆری تێدایە بۆ جەماوەر، لەهەمانكاتیشدا بەردەوام كۆمەڵێك دەرگاو پەنجەرەی بەڕوی هەر ئەندام‌و گۆڕانخوازێكدا كردوەتەوە، كە بواری ئەوەی هەبێت ئەگەر لەپۆستیشدا نەبێت بتوانێت خزمەت بكات، واتە بواردەدات بەهەموان چاودێر بن رەخنەگرو خۆ بەخاوەن ماڵ بزانن، بۆیە ئەوەش تاڕادەیەك ئەو تێڕوانینەی كەم رەنگ كردوەتەوە تۆ كاتێك دەتوانی خزمەت پێشكەشبكەیت، كە هەر لەپۆستدابیت.

*بەڵام پێگەی ئێوە لەناو بزوتنەوەكە دیارەو تاڕادەیەك ئەمەش بەرپرسیارییەتی زیاتری خستوەتە سەرشانتان، بەجیاواز لەخەڵكی تر ئێوە چۆن مامەڵە لەگەڵ گۆڕانی دوای كاك نەوشیروان مستەفا دەكەن؟
قادری حاجی عەلی: پێشتر لەسەر پێشنیازو داوای كاك نەوشیروان تاڕادەیەك ئەو مافەم پێدرابو، كە وەك كەسێك چاودێربم لەناو بزوتنەوەكەو تارادەیەك قسەو بۆچونیشم هەبێت لەسەر كەموكورتییەكان، بەڵام ئێستا هەڵبژاردن دەكرێت بۆ پۆستەكان‌و ئەو هاوڕێیانە هەڵدەبژێرین بۆ پركردنەوەی پۆستەكان ئیتر گۆڕان دەچێتە قۆناغێكی ترەوەو ئەركی ئێمەش گۆڕانی بەسەردا دێت، بۆیە چیتر ئەو مافانەی پێشو بۆخۆم نادەم جگە لە چاودێریكردن كە ئەركی هەمو گۆرانخوازێكە بۆ پێشخستنی بزوتنەوەكە. دیارە ئەركی سەرەكیمان، پشتیوانی ئەو هەڤاڵانەیە ئەبێت بۆ ئەوەی بتوانن سەركەوتوانە ئەركەكانی خۆیان راپەرێنن، ئەمە لەگەڵ ئەوەی وەك هەر گۆڕانخوازیكی تر، رۆڵی چاودێری‌و رەخنەگرتمان دەبێت لەكاتی بونی كەموكورتییەكان، ئەمەش سروشتی ناو بزوتنەوەی گۆڕانەو لاشموایە بەم جۆرە گۆڕان دەتوانێت جیاوازبێت لەهێزە كلاسیكییەكانی تر.

* وەك كەسایەتییەكی دیارو سەركردەیەكی بزوتنەوەی گۆڕان لەكاتێكدا، كە بزوتنەوەكە سەركردەیەكی دیارو كاریزمایی لەدەستداوە تۆ چاوەڕوانی چی لەبزوتنەوەكە دەكەیت؟
قادری حاجی عەلی: مردنی كاك نەوشیروان خەسارەتێكی گەورە بو نەك هەر بۆ ئێمە وەك هاوڕێی‌و بزوتنەوەكە، بەڵكو بۆ خەڵكی كوردستان‌و ناوچەكەش، چۆنییەتی بەڕێخستنی پرسەكەی شاهیدی ئەو قسانەن، بەڵام كاك نەوشیروان لەدوای خۆی پەیام‌و بەرنامەیەكی قوڵ‌و فراوانی بۆ بەجێهێشتوین، هیوادارم هەمومان بتوانین سود لەبەرنامەكانی‌و پەیامەكانی وەربگرین، من بۆخۆم قەناعەتی تەواوم بەو بەرنامانە هەیە، كە بۆی بەجێهێشتین، لەوانە گۆڕان وەك بزوتنەوەیەكی جەماوەری بەسەربەخۆیی بمێنێتەوەو نەبێتە پاشكۆی هیچ پارتێكی ترو دیارە رێگەش نادەین ئەجیندای هیچ حیزبێكی تر بهێنرێتە ناو بزوتنەوەكەوە، لەڕوی پداگری لەخەباتی مەدەنیانەشی گۆڕان دەبێت بەردەوامبێت وەك بزوتنەوەیەكی مەدەنی‌و بیرلەوەنەكاتەوە ببێتە خاوەن هێزی چەكدار، چونكە دەركەوت بەمەدەنی مانەوەی چەند كاریگەری ئیجابی دەبێت لەسەر چونە پێشەوەی كۆمەڵگە بەشێوەیەكی هێمنانەو دورستكردنی رای گشتی بۆ گۆڕانكاری‌و بەدور لەدروستبونی بارگرژی‌و بەریەككەوتن‌و توندوتیژی، كۆتاشتیشم هیوادارم پەیامەكانی خەباتی دورودرێژی كاك نەوشیروان لەبەرچاوبگیرێت بۆ ئەوەی ئەم بزوتنەوەیە بەردەوامبێت لەڕەتكردنەوەی حیزبی بنەماڵەیی‌و هەژمونی گروپ و تەكەتول وبەهیچ جۆرێك رێگەنەدات كەس وەسوەسەی ئەوانەی تێدا دروست بێت
23/07/2017
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .