ئەمڕۆ رێکخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن هەڵدەبژێردرێت
لە کۆبونەوەی ئەمڕۆیدا، جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان وەک بەرزترین دەسەڵاتی ناو بزوتنەوەکە، رێکخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن هەڵدەبژێرێت.

سەعات (10)ی سەر لەبەیانی ئەمڕۆ (25)ی تەمموز لەیادی هەشت ساڵەی بەشداری کردنی لە پرۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان، جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان، کۆدەبێتەوە بۆ هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن و ژوری یاسایی و ژوری هەڵبژاردن سەرجەم کاندیدەکان کە ژمارەیان (20) هەڵسوڕاوە بۆ پڕکردنەوەی خانەی راپەڕاندن پەسەند کردوە، کە پێکهاتون لە حەوت کەس و رێکخەری گشتیش ئەندامی خانەکەیە.

خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندنی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان پێكدێت له‌ رێكخه‌ری‌ گشتی‌، سكرتێری‌ جڤاتی‌ نیشتمانی، سه‌رۆكی‌ گشتی‌ جڤاتی‌ گشتی‌، سكرتێری‌ باژێڕوانه‌كان، ژوره‌كان، فراكسیۆنه‌كان و سكرتێری‌ كاروباری‌ خه‌ڵك.

رۆژی (19)ی ئایاری ئەمساڵ، نەوشیروان مستەفا ئەمین رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد و دوای کۆتایی هاتنی مەراسیمی پرسە و یادەکەی، جڤاتی نیشتیمانی بڕیاریدا بە زوترین کات و لە کۆبونەوەی (25)ی تەمموزدا رێکخەرێکی نوێ بۆ بزوتنەوەی گۆڕان هەڵبژێرێت و لەنامەیەکی مانگی شوباتی رابردویدا کە ئاراستەی جڤاتی نیشتیمانی و جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕانی کردوە، نەوشیروان مستەفا، رایگەیاندبو کە ئەوەی لەسەری بوە و ئەرکی ئەخلاقی و ئاینی و نیشتیمانی خۆی بەجێگەیاندوە و داوای لێکردون کە کەسێکی دیکە بۆ رێکخەری گشتی هەڵبژێردن و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنیش بەپێی دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردن.
25/07/2017
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .