هەشت ساڵ دواى یەکەم بەشداریی لە پرۆسەی سیاسیدا
هەشت ساڵ بەسەر یەكەم بەشداریی بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا تێدەپەڕێت و چاودێرانی سیاسیش پێیانوایە گۆڕان ئەزمونێكی نوێی حیزبی پەرلەمانی و خەباتی مەدەنی بوە و پێداگریشی لەسەر داواكارییەكانی خەڵك و بەدامەزراوەیكردنی دەزگاكان كردوە و سازشی لەسەر گەندەڵی و ناشەفافیەت نەكردوە.

هەشت ساڵ پێش ئێستا و رۆژی (25)ی تەموزی ساڵی (2009) لە كاتێكدا پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان بەهۆی رێككەوتنی ستراتیژی نێوان دو حیزب چەقی بەستبو، و نادادی و گەندەڵیش رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر گەشەی دەكرد، بزوتنەوەی گۆڕان وەك هێزێكی نوێ و بەدیدێكی سەردەمیانە و بە پشتیوانی خەڵكی كوردستان  بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی كرد.


بزوتنەوەی گۆڕان
(11)ى نیسانی (2009) نەوشیروان مستەفا لە دیدارێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (شەرقول ئەوسەت) ژمارە (11092) ئاشكرای كرد، كە رێبەرایەتی لیستێكی تایبەت دەكات، جیاواز لە لیستی حزبەكانی تری كوردستان، بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان.

لە (28)ى نیسانی (2009) كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە نوسراوی ژمارە (159) لیستی گۆڕانی وەك قەوارەیەكی سیاسی فەرمی لە هەرێمی كوردستان ناساند و (27)ى ئابی هەمان ساڵ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بە نوسراوی ژمارە (32) لیستی گۆڕانی وەك قەوارەیەكی سیاسی فەرمی لەسەر ئاستی عێراق ناساند.

لە (31)ى ئایاری (2010) وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە نوسراوی ژمارە (13382) مۆڵەتی فەرمی دایە بزوتنەوەی گۆڕان.

لەدایكبونی گۆڕان گرنگیەكی مێژویی سیاسی و كۆمەڵایەتی گەورەبو، یەكەم جار بو ملاملانێ و كێشەی ناوخۆیی كورد لە باشوری كوردستان بە دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان لە شەڕ و پێكدادانی چەكداریەوە بۆ ململانێی شارستانی و مۆدێرن و پەرلەمانی گۆڕدرا.

دوای دروستبونی گۆڕان پرسی شەفافیەتی بودجە و گەڕان بەدوای نهێنی و بەڵگەنامەكانی گەندەڵی بونە خەمی گشتی و هاوڵاتیانی كوردستان دركیان بەوە كرد كە ئەم سیستمی حوكمڕانیە دوچاری قەیرانگەلێكی ئاڵۆز و گەورەیان دەكات، هەرواش دەرچو.

ناڕەزایی لە سیستمی سیاسی و ئابوری و دادگا و دەوڵەتداری وایكرد هاوڵاتیانی كوردستان سەرباری فشار و چاوسوركردنەوە و سزای سیاسی و نان بڕین، بەڵام پۆل پۆل بەرەو سندوقەكانی دەنگدان رۆیشتن و كاندیدەكانی گۆڕانیان كردە نوێنەری خۆیان و بەوەش بزوتنەوەكە توانی (25) كورسی بەدەست بهێنێت و بوە دوەم فراكسیۆنی پەرلەمانی كوردستان.

لە ماوەی چوار ساڵی یەكەمیدا گۆڕان لەناو پەرلەمان لەرێگەی چەندین پرۆژەوە هەوڵیدا ژیان و گوزەرانی خەڵك باشتر بكات و قۆرخكاری و تاڵان و دزی و گەندەڵی وەك دیاردەی قێزەون و هاوردەكراو وێنا بكات لەسەر ئەو بنەمایەش روبەروی زۆر ئاستەنگ و رێگری بوەوە.

لە خولی دوەمی بەشداری گۆڕانیش لە هەڵبژاردنی  پەرلەمانی كوردستان گۆڕان بە گوڕ و تینێكی زیاترەوە بوە دوەم گەورەترین هێزی لە هەرێمی كوردستان و بەشداری حكومەتی كرد و لەناو پەرلەمانیش هەوڵیدا سیستمی حوكمڕانی بكاتە سیستمێكی پەرلەمانی، و دەزگاكان بەپێی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكانیان بە دامەزراوەیی بكرێن.

بزوتنەوەى گۆڕان هەوڵى بەردەوامى داوە و پڕۆژەشى هەبوە بۆئەوەى پەرلەمان بكاتە مەرجەع و شوێنی بڕیاری چارەنوسساز و یەكلاییكەرەوە، بەجۆرێك چیتر چارەنوس و ئایندەی خەڵكی هەرێم لە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی حزبەكان بڕیاری لەسەر نەدرێت.

لەسەر ئاستی عێراقیش گۆڕان لە ناو ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق نوێنەرایەتی لۆژیكی سیاسی و میانڕەوی و پاراستنی بەرژوەندیەكانی كوردی لە بەغداد كردوە و هەمیشە پارێزەری پاراستنی بەش و پشكی هەرێم بوە، و لەسەر ئەو بنەمایەش چەندین جار پرۆژەی پێشكەش كردوە و هەوڵیداوە بەهۆی كێشەی شەخسی و حزبیەوە بەرژوەندی هەرێم لە بەغدا نەبنە قوربانی.

زەرورەتی خەباتی و شێوازی بزوتنەوەكەش بەرەبەرە ئاشنای لای خەڵكی كوردستان دروست كرد تا وایلێهات گۆڕان و جەماوەری كوردستان  ئاوێتەی یەكتربون كە لە تەواوی ئەو هەڵبژاردنانەی دوای (25)ی تەموزی (2009) بەڕێوەچون هەرگیز پشتیان لە بزوتنەوەكەیان نەكرد، و خۆبەخشانە پاڵپشت و پشتیوانی كەمپین و كاندیدەكانی بون.

چاودێرانی سیاسیش پێیانوایە؛ بۆ پاراستنی هاوسەنگی سیاسی و شەفافیەت و ئایندەیەكی باشتر و گەڕاندنەوەی شكۆی تاك و سەربەخۆیی دادگاكان و دامەزراوەكان و پاراستنی داهاتی خەڵك و گۆڕانی ئابوری و سیاسی، مانەوە و خەباتی بزوتنەوەی گۆڕان پێویستی قۆناغەكەن.
25/07/2017
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .