ئه‌مرۆ رێكخه‌ری‌ گشتی‌ و خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندن هەڵدەبژێردرێن
ڕیارە ئه‌مرۆ (25)ی تەمموز، جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان، کۆببێتەوە بۆ هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن و (20) هەڵسوڕاو خۆیان بۆ خانەی راپەڕاندن کاندید کردوە، کە رێکخەری گشتیش ئەندامی خانەکەیە.

ژوری‌ هه‌ڵبژاردنی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان رایگه‌یاند: ئاماده‌كارییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ رێكخه‌ری‌ گشتی ‌‌و خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندن كه‌ ئه‌مرۆ سێشه‌ممه‌ (25)ی تەمموز به‌ڕێوه‌ده‌چێت، گه‌یشتۆته‌ قۆناغی‌ كۆتایی ‌و پرۆسه‌ی‌ خۆكاندیدكردن بۆ ئه‌ندامێتی‌ خانه‌ی‌ راپه‌راندن كۆتایی‌ هاتوه‌.

ژوری‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كردوه‌، (20) كه‌س خۆیان بۆ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندن كاندید كردوه و به‌هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ ژوری‌ یاسایی بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ئاماده‌كارییه‌كانیان گه‌یاندوه‌ته‌ قۆناغی‌ كۆتایی ‌و ناوی‌ سه‌رجه‌م كاندیده‌كان له‌لایه‌نه‌ ژوری‌ یاساییه‌وه‌ په‌سه‌ندكراوه‌ ئاراسته‌ی‌ ژوری‌ هه‌ڵبژادن كراوه‌ته‌وه‌.

خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندنی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان پێكدێت له‌ رێكخه‌ری‌ گشتی‌، سكرتێری‌ جڤاتی‌ نیشتمانی، سه‌رۆكی‌ گشتی‌ جڤاتی‌ گشتی‌، سكرتێری‌ باژێڕوانه‌كان، ژوره‌كان، فراكسیۆنه‌كان و سكرتێری‌ كاروباری‌ خه‌ڵك.

خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندنی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان
بەپێی دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان، کە لەیەکەم کۆنگرەدا پەسەندکراوە هاتوە:

ماده‌ی‌ دوانزه‌یه‌م: خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندن
خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندن به‌رپرسی‌ جێبه‌جێكردنی‌ بڕیار ‌و راسپارده‌كانی‌ جڤاتی‌ نیشتمانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانه‌، له‌ نێوان دو كۆبونه‌وه‌دا.
ماده‌ی‌ سیانزه‌یه‌م: هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌ندامانی‌ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندن
یه‌كه‌م: ئه‌ندامانی‌ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندن، به‌پێی‌ ئه‌ركه‌كانی پێكدێت له‌: رێكخه‌ری‌ گشتی‌، سكرتێره‌كانی‌ كاروباری‌ جڤاتی‌ نیشتمانی‌، فراكسیۆن، ژوره‌كان، باژێڕه‌كان، خه‌ڵك ‌و سه‌رۆكی‌ جڤاتی‌ گشتی‌.

دوه‌م: رێكخه‌ری‌ گشتی‌ ‌و ئه‌ندامانی‌ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندن، جگه‌ له‌ سه‌رۆكی‌ جڤاتی‌ گشتی‌، له‌ناو ئه‌ندامانی‌ جڤاتی‌ نیشتمانی‌ یان له‌ناو ئه‌ندامانی‌ جڤاتی‌ گشتی‌ ‌و كه‌سایه‌تییه‌ ناسراوه‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕاندا كه‌ ئه‌ندامی‌ جڤاتی‌ نیشتمانی‌ ‌و جڤاتی‌ گشتی‌ نین، كاندید ده‌كرێن؛ له‌كۆبونه‌وه‌ی‌ جڤاتی‌ نیشتمانیدا، به‌ده‌نگدانی‌ نهێنی‌ ‌و راسته‌وخۆ ‌و به‌زۆرینه‌ی‌ ساده‌ ئه‌په‌سه‌ندرێن ‌و به‌ زۆرایه‌تی‌ ره‌های‌ ده‌نگی‌ هه‌مو ئه‌ندامه‌كانی‌ ده‌گۆڕدرێن.

سێیه‌م: هه‌ڵبژاردنی‌ رێكخه‌ری‌ گشتی‌ ‌و ئه‌ندامانی‌ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندن دو ساڵ جارێك ده‌بێت.

چواره‌م: رێكخه‌ری‌ گشتی‌ ‌و ئه‌ندامانی‌ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندن ته‌نیا بۆ سێ‌ خولی‌ هه‌ڵبژاردن بۆیان هه‌یه‌، بۆ هه‌مان پۆست، خۆیان كاندید بكه‌ن.

ماده‌ی‌ چوارده‌یه‌م: پێكهاته‌ و ئه‌ركه‌كانی‌ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندن
ئه‌ركه‌كانی‌ ئه‌ندامانی‌ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندنی‌ جڤاتی‌ نیشتمانی‌ بریتیه‌ له‌:
یه‌كه‌م، رێكخه‌ری‌ گشتی‌:
1-1: سه‌رپه‌رشتی‌ كۆبونه‌وه‌كانی‌ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندن ‌و جڤاتی‌ نیشتیمانی‌ ده‌كات.
1-2: له‌به‌رده‌م جڤاتی‌ نیشتیمانیدا به‌رپرسیاره‌.
1-3: له‌كاتی‌ ئاماده‌نه‌بونیدا، یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی‌ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندن راده‌سپێرێ‌ بۆ ئه‌نجامدانی‌ ئه‌ركه‌كانی‌.
دوه‌م، سكرتێری‌ كاروباری‌ جڤاتی‌ نیشتیمانی‌، كه‌ ئه‌ركه‌كانی‌ بریتیه‌ له‌:
2-1: دیاریكردنی‌ كات ‌و شوێن ‌و كارنامه‌ی‌ كۆبونه‌وه‌كانی‌ جڤاتی‌ نیشتیمانی‌.
2-2: تۆماركردنی‌ كۆنوسی‌ كۆبونه‌وه‌كان، تۆماركردنی‌ بڕیار ‌و راسپارده‌كانی‌ ‌و گه‌یاندنی‌ به‌جێگه‌ی‌ په‌یوه‌ندیدار.
سێیه‌م، سكرتێری‌ كاروباری‌ فراكسیۆنه‌كان، كه‌ ئه‌ركه‌كانی‌ بریتیه‌ له‌ هه‌ماهه‌نگی‌ نێوان فراكسیۆنه‌كان ‌و دامه‌زراوه‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان.
چواره‌م، سكرتێری‌ كاروباری‌ باژێڕه‌كان، كه‌ ئه‌ركه‌كانی‌ بریتیه‌ له‌ رێكخستنی‌ په‌یوه‌ندی‌ رۆژانه‌ی‌ نێوان باژێڕوان ‌و باژێڕه‌كان ‌و خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندن ‌و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ نامه‌ و په‌یام ‌و پرسیاره‌كانیان.
پێنجه‌م، سكرتێری‌ كاروباری‌ ژوره‌كان، كه‌ ئه‌ركه‌كانی‌ بریتیه‌ له‌ هه‌ماهه‌نگی‌ نێوان ژوره‌كان ‌و خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندن ‌و دامه‌زراوه‌كانی‌ گۆڕان.
شه‌شه‌م، سكرتێری‌ كاروباری‌ خه‌ڵك، كه‌ ئه‌ركه‌كانی‌ بریتیه‌ له‌:
6-1: پێشوازیكردنی‌ ئه‌وانه‌ی‌ رۆژانه‌ سه‌ردانی‌ مه‌كۆی‌ سه‌ره‌كی‌ ده‌كه‌ن.
6-2: گوێگرتن له‌ پێشنیار، ره‌خنه‌، ئامۆژگاری‌، سكاڵاكانی‌ خه‌ڵك ‌و گه‌یاندنی‌ بابه‌ته‌كانیان به‌جێگه‌ی‌ په‌یوه‌ندیدار.
حه‌وته‌م: سه‌رۆكی‌  جڤاتی‌ گشتی‌.

ماده‌ی‌ پانزه‌یه‌م: هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی‌ رێكخه‌ری‌ گشتی‌
له‌كاتی‌ چۆڵبونی‌ جێگه‌ی‌ رێكخه‌ری‌ گشتی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌دا، له‌ سۆنگه‌ی‌ وازهێنانی‌ یان هه‌ر هۆیه‌كی‌ تره‌وه‌، بۆ پڕكردنه‌وه‌ی‌ شوێنه‌كه‌ی‌، یه‌كێ له‌ئه‌ندامانی‌ جڤاتی‌ نیشتیمانی‌ یا یه‌كێک‌ له‌ ئه‌ندامانی‌ جڤاتی‌ گشتی‌ یان كه‌سایه‌تیه‌كی‌ دیاری‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌ردو جڤات، به‌ده‌نگدانی‌ نهێنی ‌‌و راسته‌وخۆ‌ و به‌زۆرایه‌تی‌ ره‌ها هه‌ڵده‌بژێرن.
ئه‌گه‌ر له‌جاری‌ یه‌كه‌می‌ هه‌ڵبژاردندا ده‌نگی‌ پێویستی‌ نه‌هێنابو، بۆ جاری‌ دوه‌م هه‌ڵبژاردن بۆ یه‌كه‌مین ‌و دوه‌مین كه‌س كه‌ زۆرترین ده‌نگیان هێناوه‌، دوباره‌ ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌وسا ده‌نگی‌ زۆرایه‌تی‌ ساده‌ به‌سه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی‌.
25/07/2017
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .