رێکخەری گشتی: سازش لەسەر بەرنامەکانی گۆڕان ناکەین
دوای هەڵبژاردنی بەرێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، عومەر سەید عەلی، وتارێکی پێشکەش کرد و جەختی لەسەر بەردەوام بون لەسەر رێبازی بزوتنەوەی گۆڕان و نەوشیروان مستەفا کردەوە.

عومەری سەید عەلی، رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لە وتەیەکدا کە لەبەردەم ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان پێشکەشی کرد رایگەیاند: هەڵبژاردنی ئەمڕۆ بۆ رێکخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن پرۆسەیەکی دیموکراتی و سەرکەوتو بو و هەروەک رایگەیاند: جەخت لەسەر دیدو بۆچونی بزوتنەوەی گۆڕان دەکەینەوە لەم هەلومەرجە ناسکەدا کە هەرێمی کوردستانی پێدا گوزەر دەکات.

دوپاتی کردەوە کە بەردەوام دەبن لەسەر ئەو رێ و رێبازەی کە سەرچاوەی سەرەکی هەوێنەکەی لە نەوشیروان مستەفا وەرگرتوە.

رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەیخستەڕو کە دیدی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە لە زۆر بۆنەدا ئاماژەی پێداروە کە هەرێمی کوردستان بە قەیرانی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و یاسایی قوڵدا دەڕوات و وەک بزوتنەوەی گۆڕان بەرپرسیارێتیان گەورەتربوە لە ئەرکە نیشتیمانی نەتەوەییەکاندا.

عومەر سەید عەلی جەختی لەسەر یەکڕیزی گەلی کورد کردەوە بە سەرجەم پێکهاتە سیاسی و ئاینیەکان لەپێناو پاراستنی ئارامی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان.

رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان جەختی کردەوە، کە پێداگری بێ سازش دەکەن لەسەر باشکردنی موچەی خەڵک و بژێوی و ژیان و گوزەرانیان و بەگژداچونەوەی هەمو جۆرە گەندەڵییەک و پێداگریی لەسەر ئازادی و دیموکراسی و فرەیی و شەفافیەت و سەروەری یاسا و چەمکی هاوڵاتی بون و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و بە نیشتیمانی کردنی دامودەزگاکانی وڵات و داڕشتنی دەستوری مەدەنی دیموکراسی.

وتیشی:" ئەوانەی ئاماژەمان پێداوە بەوتوێژ و لەیەکتێگەیشتن و یەکتر قبوڵ کردن دەستەبەر دەکرێت تابتوانین بنەماکانی دەوڵەت فەراهەم بکەین".

رێکخەری گشتی بەڵێنی بە هاوڕێیانی بزوتنەوەی گۆڕاندا کە کاری رێکخراوەیی لەسەر بنەمای پێکەوەیی و دەستەجەمعی ئەنجام بدەن لە پێناو سەرخستنی بزوتنەوەکە و جەختی کردەوە لەسەر پەیامەکانی بزتنەوەی گۆڕان بەبێ لادان لێی,

وتیشی :"پەیمان بە نەوشیروان مستەفا رێبەری کۆچکردو دوپات دەکەینەوە کە روحی ئاسودە دەکەین".

ده‌قی وتاری عومه‌ر سه‌ید عه‌لی، رێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان
هاونیشتمانیان و هاوڵاتیانی به‌ئه‌مه‌كی كوردستان
گۆڕانخوازان
له‌ هه‌رجێگه‌یه‌كن بەرێز و خۆشه‌ویستی زۆره‌وه‌ جه‌خت له‌ دید و بۆچونی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌م هه‌لومه‌رجه‌ ناسكه‌ی كه‌هه‌رێمی كوردستانی پیا گوزه‌ر ئه‌كا، ئه‌و راو و رێبازه‌ی كه‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی و هه‌وێنه‌كه‌ی له‌ په‌یامی سه‌ركرده‌ی كۆچكردوی نیشتمانیی و نه‌ته‌وه‌ییمان (نه‌وشیروان مسته‌فا) وه‌رگرتوه‌.

به‌ رونی و ئاشكرا له‌ زۆر بۆنه‌دا ئاماژه‌ی پێدراوه؛ هه‌رێم به‌ قه‌یرانی سیاسی و ئابوری و یاسایی و كۆمه‌ڵایه‌تی قورسدا تێئه‌په‌ڕێ، دیاره‌ ناوچه‌كه‌ رو له‌ گۆڕانی گه‌وره‌یه‌، به‌رپرسیارێتیمان وه‌كو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان گه‌وره‌تربوه‌ به‌رامبه‌ر به‌ گه‌له‌كه‌مان له‌ڕوی ئه‌ركه‌ نیشتمانی و نه‌ته‌وایه‌تیه‌كانمان.

بۆیه‌ ئێمه‌ وه‌كو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌ یه‌كڕیزی گه‌له‌كه‌مان به‌ هه‌مو پێكهاته‌ و لایه‌نه‌ سیاسی و ئاینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیه‌وه‌ له‌ پێناو ده‌سته‌به‌ركردنی ئارامیی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی.

ته‌ئكیدكردنه‌وه‌ی بێسازشمان له‌سه‌ر موچه‌ی خه‌ڵك و بژێوی و لانی كه‌می ژیان و گوزه‌رانیان و به‌گژداچونه‌وه‌ی هه‌مو جۆره‌ گه‌نده‌ڵییه‌ك، هه‌روه‌ها پێداگریمان له‌سه‌ر ئازادی و دیموكراتی و فره‌یی و شه‌فافیه‌ت و سه‌روه‌ری یاسا و پاراستنی چه‌مكی هاوڵاتیبون و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و به‌نیشتمانیكردنی هه‌مو داموده‌زگاكانی وڵات و به‌دیهێنانی سیسته‌می په‌رله‌مانی و داڕشتنی ده‌ستورێكی مه‌ده‌نی هاوچه‌رخ كه‌ كه‌رامه‌ت و پێگه‌ی تاكی تێدا پارێزراو بێت.

ئه‌مانه‌ بنچینه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی به‌رنامه‌ و ستراتیژ و جیهانبینی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانن. ئه‌وانه‌ی ئاماژه‌ی پێدرا به‌ وتوێژ و له‌یه‌كتێگه‌یشتن و یه‌كتر قبوڵكردن ده‌سته‌به‌ر ده‌كرێت تا بتوانین به‌ هه‌مو لایه‌ك بنه‌ماكانی ده‌وڵه‌ت فه‌راهه‌مبكه‌ین.

له‌لایه‌كی تر به‌ڵێن به‌ هاوڕێیان ده‌ده‌ین كه‌ كاری رێكخراوه‌یی ده‌سته‌جه‌معی و پێكه‌وه‌یی ئه‌نجام بده‌ین له‌ پێناوی سه‌رخستنی كاره‌ رێكخراوه‌ییه‌كانی بزوتنه‌وه‌كه‌.

له‌ كۆتاییدا جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر پرۆسه‌ی گۆڕان له‌ هه‌رێمی كوردستان و په‌یامه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و به‌رنامه‌ و رێبازی بزوتنه‌وه‌كه‌ به‌بێ لادان لێی و سازشكردن له‌سه‌ری.په‌یمانیش بۆ رێبه‌ری كۆچكردومان تازه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ رۆحی ئاسوده‌ ده‌كه‌ین.
26/07/2017
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .