هاوڵاتیان: گۆڕان وەرچەرخانى لە دۆخی سیاسی و ئابوریدا کرد
هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان لە شار و شارۆچکەکان یادی دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان بەرز رادەگرن و ئەوە دەخەنەڕو کە بزوتنەوەکە توانیویەتى وەرچەرخان لە دۆخی سیاسی و ئابوریدا بکات .

ئەمڕۆ (25/7) کە هاوکاتە لەگەڵ یەکەم بەشدارى سیاسى بزوتنەوەى گۆڕان، هاوڵاتیانی سنوری گەرمیان، لە یادی هەشت ساڵەی دامەزراندنی بزوتنەوەکەدا رایدەگەیەنن؛ لە ماوەی هەشت ساڵەی تەمەنیدا گۆڕان توانیویەتی وەرچەرخان لە دۆخی سیاسی و ئابوری هەرێمدا بكات و خەڵك بەماف و ئازادییەكانی ئاشنا بكات.

خوازیاریشن بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر كار و پەیام و بەرنامەكانی نەوشیروان مستەفا بەردەوام بێت و كار بۆ تێپەڕاندنی دۆخی چەقبەستوی هەرێم و باشكردنی ژیانی هاوڵاتیان بكات.

لەلایەکى دیکەوە هاوڵاتیانی خورماتو، لەگەڵ بەرز راگرتنى یادەکەدا، خوازیارن گۆڕان لە یادی دامەزراندنیدا مافە سەرەتاییەكانیان بۆ بەرجەستە بكات ‌و كار بكات بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانانەی ئەمڕۆ بەرۆكی هاوڵاتیانیان گرتوە.

لاى خۆیەوە بورهان ئەمین، سكرتێری مەكۆی بزوتنەوەی گۆڕان لە خورماتو، دەڵێت: "ئەگەر پەرلەمانی كوردستان پەكنەخرایە، گۆڕان دەیتوانی كاری زیاتر بكات، ئەوەی حكومەتی هەرێم لە چارەكە سەدەیەك حكومڕانیدا نەیتوانیوە بۆ خەڵكی بكات گۆڕان لە هەوڵدایە بەدیانبهێنێت".

لاى خۆیانەوە هاوڵاتیانی هەڵەبجە لە یادی هەشت ساڵەی بەشداریكردنی لیستی گۆران لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا رایدەگەیەنن؛ گۆڕان یەكەمین هێزی ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە بو كە بە خەباتی مەدەنی و دور لە توندوتیژی روبەروی گەندەڵی و نادادی بوە و خەباتی پەرلەمانی داهێنا.

هەر ئەمڕۆ لە یادی هەشت ساڵەی دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕاندا و بۆ رێزگرتن لە خەباتی نەوشیروان مستەفا سەرکردەى نیو سەدە لە خەباتى گەلى کورد، ژمارەیەك لە هاوڵاتیان و گۆڕانخوازانی ناحیەی حاجیاوای قەزای رانیە، لە گەڕەكی چوارچرای ناحیەكە (73) نەمامیان ناشت و جەختیشیانكردەوە لەوەی بەردەوام دەبن لەسەر پەیامەكانی بزوتنەوەی گۆڕان ‌و بەگژداچونەوەی گەندەڵی و هەوڵدان بۆ بەرقەراكردنی دیموكراسی.
26/07/2017
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .