نێچیرڤان بارزانی‌ پیرۆزبایی‌ له‌ رێكخه‌ری‌ نوێی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ده‌كات
بەهۆی هه‌ڵبژاردنی رێكخه‌ری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی كوردستان نامه‌یه‌كی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی عومه‌ر سه‌ید عه‌لی كرد.

ده‌قى پیرۆزباییەکە:
به‌ڕێز عومه‌ری سه‌ید عه‌لی
رێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان
سڵاو و رێز..
به‌ بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنتانه‌وه‌ به‌ رێكخه‌ری گشتیی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، به‌گه‌رمی پیرۆزباییتان لێ ده‌كه‌م، هیوای سه‌ركه‌وتنان بۆ ده‌خوازم. پیرۆزبایی له‌ به‌ڕێزان ئه‌ندامانی خانه‌ی راپه‌ڕاندن و سه‌ركردایه‌تیی تازه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌كه‌م، هیوادارم له‌ كار و ئه‌ركه‌كانتاندا سه‌ركه‌وتو بن.
به‌ وه‌رگرتنی پۆستی یه‌كه‌می هێزێكی گرنگی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌ك بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، به‌ڕێزتان قۆناغێكی تازه‌ له‌ خه‌بات و ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی ده‌گرنه‌ ئه‌ستۆ، ئه‌ڵقه‌یه‌كی دیكه‌ش ده‌خه‌نه‌ سه‌ر ئه‌و زنجیره‌ خه‌بات و تێكۆشانه‌ی كه‌ ساڵانێكی دور و درێژ و ته‌مه‌نێكی پێشمه‌رگایه‌تی و خه‌بات و كوردایه‌تی له‌پێناو كوردستاندا به‌ڕێتان كردوه‌.
ئێمه‌ به‌ هیوا و گه‌شبینییه‌وه‌ ده‌ڕوانینه‌ وه‌رگرتنی ئه‌م پێگه‌یه‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێزتانه‌وه‌، ئومێدیشمان زۆره‌ كه‌ ئامانجه‌ هاوبه‌شه‌كانی هه‌مو هێز و لایه‌ن و پێكهاته‌كانی كوردستان له‌ به‌دیهێنانی مافه‌ ره‌واكانی گه‌له‌كه‌مان واده‌كات هه‌مومان پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێزتان و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ بتوانین چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بكه‌ین و ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی ئه‌مڕۆ بۆ گه‌لی كوردستان هاتۆته‌ ئاراوه‌، به‌ باشترین شێوه‌ بۆ به‌رژوه‌ندیی كوردستان و به‌دیهێنانی ماف و خه‌ونه‌كانی، كه‌ به‌ درێژایی سه‌دان ساڵ خه‌باتی بۆ كردوه‌ و شه‌هید و خوێن و قوربانی بۆ داوه‌، بقۆزینه‌وه‌.
دوباره‌ پیرۆزباییتان لێ ده‌كه‌م، سه‌ركه‌وتو بن.

نێچیرڤان بارزانی
سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان

27/07/2017
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .