ئاكام و دەرهاویشتە ئابورییەكانی ئەنجامدانی ریفراندۆم
لەم لێکۆڵینەوەیەدا گرنگی بابەتی ئابوری لەمەسەلەی پرسی ریفراندۆمدا خراوەتەڕو، لەگەڵ ئەو گرفتانەی حکومەتی هەرێم لە مەلەفی ئابوری‌و داراییدا هەیەتی‌، هاوکات دۆخی بژێوی هاوڵاتیان‌و بازاڕ یارمەتیدەدەر‌و ئامادەنین بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم.

لێکۆڵینەوەکە جەختی کردوەتەوە لەسەر ئەوەی، ئەنجامدانی ریفراندۆم لەو کاتەی دیاریکراوە، نەک کێشە ئابوری‌و داراییەکانی هەرێمی کوردستان چارەسەرناکات، بەڵکو دەیان کێشەو گرفتی تری ئابوری دروست دەبن کە چارەسەرکردنیان ئەستەمە.

دەق لێکۆڵینەوەکە
ژوری توێژینەوەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان– گۆشەی ئابوری
ئاماده‌کردنی: ئەنوەر کەریم

پێڕست
پێشەکی    
یەکەم: سەربەخۆیی ئابوری    
دوەم: کێشەکانی داهاتی تاکو هێڵی هەژاری    
سێیەم:  پەیوەندی هەرێم لەگەڵ حکومەتی ناوەنددا    
چوارەم: ریفراندۆم لە ناوچە دابڕێنراوەکاندا    
پێنجەم: گەشەسەندنی دانیشتوان و دروست کردنی هەلی کار    
شەشەم: تەندروستی    
حەوتەم: ئاو و سەرچاوە ئاویەکان    
هەشتەم:  پەروەردە    
نۆیەم: كشتوکاڵ    
دەیەم: نەوت و غاز    
یازدەیەم: داهات‌و پارەی یەدەگ    
دوانزەهەم: سیستەمی بانکی کوردستان    
سیازدەهەم: بونیادنانی هێزی سەربازى    
دەرەنجام    
سەرچاوەکان    

پێشەکی
پەیوەندی سیاسەت‌و ئابوری پەیوەندیەکی دانەبڕوای ئاڵۆزە، بەمانایەکی تر حکومکردن‌و ئیدارەدانی وڵات بەبێ لەبەرچاوگرنتی ڕەهەندی ئابوری نوقسان دەبێت. گرنگی دۆسیەی ئابوری‌ لە دۆخی جیابونەوە لە دەوڵەت یان لکاندنی دو دەوڵەت بەیەکەوە زەقتردەبێتەوە. بۆنمونە: بابەتی ئابوری زۆرترین قسەی لەسەرکرا لە پرسی ریفراندۆمی سکۆتلەندیەکان. بەهەمان شێوە، لە پێشتر‌و ئێستاش، دۆخی ئابوری شانشینی یەکگرتو (بەریتانیا)، گرنگترین بابەتی دانوستان‌و گفتوگۆی هاوڵاتیانی شانشینی یەکگرتوە لە مەسەلەی دەرچونی ئەم وڵاتە لە یەکێتی ئەوروپا. ئایا بانگەشەکارانی ڕیفراندۆمی ٢٥/٩/٢٠١٧، تاچەند بابەتی ئابوریان بەلاوە گرنگەو دیراسەیانکردوە؟ ئایا لە حاڵەتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەم بەروارەدا، دۆخی ئابوری‌و بژێوی هاوڵاتیان پاش ئەو بەروارە وەک ئێستا خراپ دەبێت، باشتردەبێت یان خراپتردەبێت؟ لێرەوە تەماشاکردنی پرسی ریفراندۆم وەک پرسێکی سیاسی و یاسایی بەتەنها، گەورەترین هەڵەی بانگەشەکارانی ریفراندۆمی ٢٥/٩/٢٠١٧ یە. بڕیاری (ئابوری سەربەخۆ)، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە ساڵی ٢٠١٤‌و سەربەخۆ فرۆشتنی نەوت بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی ناوەند، ئایا لەماوەی سێ ساڵی ڕابردودا، سیاسەتێکی ئابوری سەرکەوتومان لە ڕوی ئابوریەوە بەڕێکرد یان بەپێچەوانەوە دۆخی بژێوی هاوڵاتیان‌و موچەی فەرمانبەران خراپتربوە؟ ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان‌و دۆخی بازاڕ، فەشەلی ئابوری سەربەخۆمان بۆ ڕوندەکەنەوە. ئێمە لەم لێکۆڵێنەوەیەدا، هەوڵدەدەین بە دیاریکراوی تیشک بخەینە سەر گرفتە سەرەکیەکانی لایەنی ئابوری پەیوەست بە پرسی ریفراندۆمی ٢٥/٩/٢٠١٧. بەحکومی ئەوەی ئابوری‌‌و دۆخی دارایی فرە ڕەهەند‌و ئاڵۆزە، هەوڵمانداوە زۆربەی لایەنەکانی گرفتەئابوریەکانی پرسی ڕیفراندۆمی ٢٥/٩/٢٠١٧ بخەینەڕو. لەتەوەرەکانی ئەم لێکۆڵینەوەیەدا، گرفتە هەنوکەییەکانی ئێستای حکومەتی هەرێم لە بواری ئابوری‌و بژێوی هاوڵاتیان بەو گرفتانەی تریشەوە کەلەحاڵەتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمدا روبەڕومان دەبنەوە تیشکیان خراوەتەسەر. ئێمە زۆر دڵنیاین بڕیاردان لە ئەنجامدانی ريفراندۆم لە کۆبونەوەی بەشێک لە حیزبەکان لە ٧/٦/٢٠١٧‌ بەبێ هیچ دیراسەیەکی جدی بوە لە بوارەکانی ئابوری، دیبۆماسی، پەیوەندی هەرێـم‌و ناوەند، ناوچە دابڕێنراوەکان، یاسایی‌‌و تەنانەت ناوخۆییش. بۆ نمونە لەحاڵەتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەو بەروارە دیاریکراوەدا، ئەگەری لەدەستچونی بەشێکی زۆری ناوچە دابرێنراوەکان، ئەگەرێکی بەهێزە. ئەم بابەتەمان لە توێژینەوەیەکی تردا بەدرێژی باسکردوە. هیوادارین بەبێ هەڵچون‌و کاردانەوە بەرامبەر بەم بەڵگەو داتا‌و ڕاستیانەی کەلەم لێکۆڵینەوەیەدا هاتون، بەدوای چارەسەری راستیدا بگەڕێین کە دواخستنی ریفراندۆمە تاوەکو زەمینە لەباردەبێت.
                                          د. محەمەد عەلی
                                                 رێکخەری ژوری توێژینەوەی سیاسی

یەکەم: سەربەخۆیی ئابوری
هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2014 وە بە شێوەیەک لە شێوەکان لە ڕوی ئابورییەوە سەربەخۆ بوە. بەڵام لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە، ئەویش ئەوەیە کە ئایا لە ئەزمونی ئەم 3 ساڵەی رابردوی هەرێمی کوردستاندا (٢٠١٤ تا ٢٠١٧)، حکومەتی هەرێم سەرکەوتو بوە لە ئیدارەدانی ئابوریدا یاخود نا؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، دێین باس لە بەرهەمی ئەو سێ ساڵەی سەربەخۆی ئابوری هەرێمی کوردستان دەکەین:
1. لە ڕۆژی 7/11/2016 ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکان لە دیداری (میری) رایگەیاند "هەرێمی کوردستان زیاتر لە 20 ملیار  دۆلار  قەرزارە، بە هۆی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەرانەوە  ئێستا ئەو ژمارەیە زیادی کردوە".
2. لەو بەروارەوە تا ئێستا (5) هەزار پڕۆژە وەستاوە بە پێی ئاماری یەکێتی وەبەرهێنان، پێویستمان بە (5) ملیار دۆلار هەیە بۆ تەواو کردنی ئەو پڕۆژانە.
3. لەو بەروارەوە تا ئێستا 3500  کارگە داخراوە.
4. لەو بەروارەوە تا ئێستا 1000 کۆمپانیا مایە پوج بون، کە 850 کۆمپانیایان لە سنوری سلێمانیدا کارو چالاکی و پرۆژەسازیان ئەنجامداوە.
5. لەو بەروارەوە تا ئێستا 350  هەزار کەس کارەکانیان لەدەست داوە.
6. دوای ئەو بەروارە موچەی پلە باڵاکان و فەرمانبەران کرایە چارەک و نیو موچە، بەم جۆرەش  لە کاتی خۆیدا نادرێت.
7. هەقی تێچوی کۆمپانیا نەوتیەکان لەکاتی خۆیدا نادرێت.
8. حکومەت توشی ئیفلیجی بوە بە تەواویی، تەنها دو ئۆفیسی سەرەکی کارایە ئەویش؛  هێزە چەکدارەکان و دەزگای باج و  گومرگ کەپارە کۆدەکەنەوە بۆ حکومەت.
9. گەندەڵی و ناشەفافی و خزم خزمێنەو هەڤاڵ هەڤاڵێنەی حزبی بەردەوامی هەیە.
10. کێشەی دانا گاز  بەردەوامە و چاوەڕێ دەکرێت گەورەتر ببێت.  بەنمونە هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم بابەتە، قەرزی دانا گاز لەسەر هەرێمی کوردستان گەیشتوەتە ٢ ملیارو سی و پێنج ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، لە ئێستاشدا دانا گاز داخوازییەکی دیکەی پێشکەش بە دادگای واشنتۆن دی سی کردوە بۆ مانگی ئەیلولی ٢٠١٧، تیایدا داوای ٢٦ ملیارو نیو دەکات وەک کۆی قەرەبوی هەمو زیانەکانی دانا گاز لە هەرێمی کوردستان.
11. کۆمپانیای کار دەستی گرتوە بەسەر داهاتی نەوتی کەرکوکدا.
12. تەلەفۆن و هێڵی ئینتەرنێت دەستی گیراوە بەسەردا لەلایەن کۆمپانیاکانی یەکێتی و پارتیەوە.

دوەم: کێشەکانی داهاتی تاک‌و هێڵی هەژاری
داهاتی تاک لە هەرێمی کوردستان بەردەوام لەدابەزیندایەو لە ئێستادا داهاتی تاک هاتوەتە سەر 110 هەزار دیناری عێراقی لەمانگێکدا. بەم جۆرەش هەرێمی کوردستان بە  گشتی بەرەو هێڵی هەژاری دەروات کە بەپێی  بانکی نێودەوڵەتی 1.90$  کەواتە ئەگەر ورد ببینەوە لەم داهاتە دەبینین هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی لە دەوری ‌هێڵی هەژاریدا دەژین.  ئەمە لەسایەی ئابوری سەربەخۆی هەرێمەوە. بەپێی راپۆرتی وەزارەتی پلاندانان. بەشی ئامار لە روپێوێکیدا کردویەتی کە 5600 خێزان بە شداریان تیا کردوە لە 32‌ قەزای هەرێمی کوردستان دا ئەنجام دراوە لە 23-4-2016 بڵاوبوەتەوە زیاتر لە50% دانیشتوانی هەرێمی کوردستان دەتوانن لە ڕۆژێکدا تەنها 2 ژەم خواردن دابین بکەن بۆ خۆیان بە پێی رو پێوەکە لە 38.5% دانیشتوانی هەرێمی کوردستان دەتوانن 3 ژەم خۆراک بۆ خۆیان دابین بکەن، ئەگەر سەیری هەرێمی کوردستان بکەین داهاتی تاک کە 110 هەزار دینارە، کەواتە ئەگەر ستاندەری بانکی نێودەوڵەتی وەربگرین، ئەوا دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بە گشتی لە دەوری  هێڵی هەژاری دەژین، بەم جۆرە:
1.90X1200= 2280ستاندەری بانکی نێو دەوڵەتی بە دیناری عیراقی
110.000 ÷ 30=3.666 داهاتی تاک بە دیناری عێراقی بۆ 1 رۆژ.
3666-2280=1.386 دیناری عێراقی  جیاواز لە ‌هێڵی هەژاری.

سێیەم: پەیوەندی هەرێم لەگەڵ حکومەتی ناوەنددا
 لە ئەگەری ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆمدا بێگومان بەتەواوی دابڕان دروست دەبێت لەنێوان هەرێم و ناوەندا.  بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا حکومەتی هەرێم لە توانایدا هەیە ئیدارە و موچەی ئەو دامەزراوانە بدات کە مانگانە بودجەو موچەیان لە بەغدادەوە بۆ دێت رۆژانە لە هەرێمی کوردستان کاروباری هاوڵاتیان رادەپەرێنن، وەک ئەم دامەزراوەنەی خوارەوە؛
1. موچەی 2 لیوای پاسەوانی سەرۆک کۆماری عێراق.
2. موچەی پاسەوانی سنوری هەرێمی کوردستان.
3. موچەی ڕەگەزنامەو باری شارستانی.
4. موچەی نشینگەو پاسپۆرت.
5. موچەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن.
6. وەستاندنی کارکردن بە کۆبونی خۆراک، کە ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی نرخی خواردن و شمەک. بەتەواوی خەڵکی هەرێم دەکەونە‌ ژێر هێڵی هەژاریەوە لەکاتی بڕینی بەشە خۆراکدا.
7. بڕی دەرمانی کوردستان کە دابەزیوە بۆ لە25% ئەمەش ببڕدرێت، بارودۆخی کەرتی تەندروستی هەرێم زۆر لەمەی ئێستا خراپتر دەبێت.
8. گەنمی جوتیاران ئەو کاتە عێراق نایكڕێتەوە، هەرچەندە بە بڕیارێکی سیاسی  کەم بۆتەوە بۆ نزیکی لە17%.

چوارەم: ریفراندۆم لە ناوچە دابڕێنراوەکاندا
بێگومان پرۆسەی ریفراندۆم لەئەگەری ئەنجامدانیدا دەبێت ناوچە کوردستانییە دابڕێندراوەکانیش بگرێتەوە، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە کە ئایا پارتی و یەكێتی نیەتی ئەوەیان هەیە یاخود دەیانەوێت ریفراندۆم لەم ناوچانەدا ئەنجام بدەن، ئایا لە ڕوی ئابوریەوە  ئامادەباشیان  بۆ کردوە:
بەپێی ئامارەکان ژمارەی دانیشتوانی ناوچە دابڕاوەکان  (3) مليۆن کەسە. کەواتە پێویستە بودجەی هەرێمی کوردستان بە بڕی لە 53% زیاد بکات.
ئاشتی هەورامی لە "دیداری میری"دا رایگەیاند هەرێمی کوردستان پێویستی بە (1.900.000.000.000) یەک  تریليۆن و 900 ملیار دیناری عێراقیە بۆ بەڕێوەبردنی هەرێم.  کەواتە  دەکاتەبڕی 53% بودجە = 1.007.000.000.000 یەک تریلیۆن و 7 ملیار دیناری عێراقیە بۆ ناوچە دابڕاوەکان؛ کەواتە بودجەی پێویست بۆ هەمو هەرێمی کوردستان؛
1.900.0000000000+ 1.007.000000000= 2.907.000000000 تریليۆن و 907 ملیار دیناری عێراقیە، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند کە داهاتی هەرێمی کوردستان لەو کاتەی لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە داوا دەکرا هەرێم بگەڕێتەوە سەر بەغداد وتی داهات 1.020.000000000تریلێۆن و 20 ملیار دینارە. هەرچەندە ئەو داهاتە هەرگیز خەرج نەکراوە بۆ خەڵکی کوردستان و زۆر ناشەفاف بوە.
کەواتە کورتهێنانی بودجەى 1 مانگ بۆ هەمو هەرێم؛ 2.907.000000000- 1.020.000000000=    1.887.000000000تریليۆن 887 ملیارد ینار.
بەم جۆرەش کورتهێنانی بودجە  هەرێم بۆ 1 ساڵ= 12 x 1.887.000000000 =  22.644.000000000، ٢٢ تریليۆن 644ملیار دیناری عێراقی. ئایا حکومەت دەتوانێت  پێمان بڵێت  ئەم پارەیە لە کوێ دە‌هێنێت؟

بۆیە سەر باری ئەوەی ناوچە دابڕاوەکان پێویستیان بەم پێداویستیانە هەیە؛
1. ئەم ناوچانە پێویستیان بە کردنەوەی دەیان قوتابخانە هەیە.
2. پێویستیان بە کردنەوەی دەیان نەخۆشخانە هەیە.
3. پێویستیان بە کردنەوەی دەیان پڕۆژەی خزمەتگوزاری تر هەیە.
4. پێویستیان بە کردنەوەی دەیان دەزگای حکومی تر هەیە.
5. ڕەخساندنی هەلی کار بۆ ئەو ناوچانە.
6. دامەزراندنی ‌هێزی ئاسایشی ناوخۆ.
7. دامەزراندنی هێزی پێشمەرگەو  پڕ چەککردنیان
8. بوژانەوەی کشتوکاڵ لەو ناوچانەدا پێویستی بە بودجە هەیە.

پێنجەم: گەشەسەندنی دانیشتوان و دروست کردنی هەلی کار
بەپێی زانیارییەکانی کەناڵی ڕوداو ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان 5.600000 بۆ دروست کردنی هەلی کار بۆ ئەوەی گەشەی ئابوری بەردەوام بێت پێویستە؛
1. رەخساندنی هەلی کار بۆ ئەو کەسانەی کاریان پێویستە.
2. رەخساندنی هەلی کار بۆ ئەوەی گەشەی ئابوری بەردەوام بێت، دەبێت هەلی کار لە هەمو سێکتەرەکاندا وەک سێکتەری نەوت، پەروەردەو سێکتەری گەشتوگوزار، کشتوکاڵ. دەبێت هەلی کار ئەوەندە هەبێت هەتا  شتومەک هەرزان تر بێت و کاڵا زیاتر بێت بۆ ئەوەی ستاندەری ژیان باش و چاک بێت. چونکە جیهانگیری و دیمۆگرافی و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا زۆر بە خێرايی گەشە دەکات و دەگۆڕێت و درێژی تەمەنی مرۆڤیش کاریگەری خۆی دەبێت.

ئەگەر شیکاری ورد بۆ ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بکەین بەبێ ناوچە دابڕاوەکان کە ژمارەی 5.600000 کەسە. بە پێی یاسای؛
 (گەشەکردنی دانیشتوان پێویستە یەکسان بێت بە رەخساندنی هەلی کار)
EMPLOYMENT GROWTH = = POPULATION GROWTH  ئەگەر گەشەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بەڕێژەی 2% زیاد بکات کەواتە هەرێمی کوردستان ساڵانە؛ پێویستی بە 56000X2=112000 هەلی کار هەیە کە دروست بکرێت. کەواتە بۆ 1مانگ = 9333، ئایا هەرێمی کوردستان لە ئێستادا هیچ هەلی کارێک دەڕەخسێنێت و توانای ئەنجامدانی وەها کارێکی دەبێت؟

ئەگەر ناوچەدابراوەکانی بخەینەسەر بزانین پێویستمان بە چەند هەلی کار دەبێت   ژمارەی دانیشتوانی ناو چە دابراوەکان 3.000000 کەسە ئەگەر ژمارەی دانیشتوان بە ڕێژەی 2% زیاد بکات کەواتە پێویستیمان بە30000x2=60000 هەلی کارە بۆ 1 ساڵ واتە بۆ 1 مانگ = 5000 هەلی کار؛  کەواتە؛ 9333+ 5000= 14333 هەلی کار بۆ هەرێمی کوردستان لە 1 مانگدا، ئایا بەم دۆخە ئابوریەی هەرێمی کوردستانی پیا تێدەپەڕێت ئەمە مەحاڵە نییە بۆ دروست کردنی هەلی کار؟.
لە ئێستادا ئەگەر سەیری ڕیژەی بێ کاری بکەین نزیکەی 20% ژمارەی دانیشتوانی هەرێم پێک دەهێنێت بێ ناوچە دابراوەکان.
 بەپێی ڕاپۆڕتی بانکی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی کوردستان بێ ناوچە دابڕاوەکان:
لەساڵی 2007-2012= حکومەتی هەرێم32.300 کاری ڕەخساندوە  بۆ هەمو 1 ساڵێک.
2007-2012 = کەرتی تایبەت31.900 کاری رەخساندوە بۆ هەمو 1 ساڵێک.
2012-2014= حکومەتی هەرێم 17000 کاری رەخساندوە بۆ هەمو 1 ساڵێک.
2012-2014 = کەرتی تایبەت 13000 کاری لەدەست داوە واتە کرێکاری دەرکردوە لە  1 ساڵدا.

لە دوای ساڵی 2014 کە بودجەی عێراق دەبڕێت دەزانین چ کارەساتێک روی داوە. بۆیە ئەگەر بەم ئابوریە داڕوخاوەوە ناوچە دابڕاوەکان بهێننەوە سەر هەرێمی کوردستان ئەو کاتە خەڵکی ناوچە دابراوەکان ژیان و گوزەرانیان زۆربەرەو خراپتر دەڕوات.

شەشەم: تەندروستی
دەسەڵاتدارانی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان کەرتی تەندروستیان هاوشیوەی کەرتەکانی دیکە دوچاری دەیان کێشەو قەیرانی رۆژانە کردوەتەوە، ئێستا لەناو کەرتی تەندروستیدا سەرجەم پشکنینە تەندروستییەکان کراون بە پارەو جیاوازیەکی کەمی هەیە لەگەڵ بازاڕدا، هاوکات نەشتەرگەرییەکان لەناو نەخۆشخانەکاندا سەرجەمیان کراون بە پارەو دەرمانی کوالێتی بەرز زۆر بە کەمی لە نەخۆشخانە گشتییەکاندا بەردەستە، بۆیە بە ناچاری دەبێت لە دەرەوەی دەرمانخانەی نەخۆشخانە گشتییەکان بکڕدرێت،  ئەمەش بوە بە بارێکی  گران بەسەر هاوڵاتیانەوە. کەرەستەو ئامێرە پزیشکییەکان کە دوچاری تێکچون هاتن چاک ناکرێنەوەو ئامێری تازە  ناهێدنرێت بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێم. لەسەرو هەمو ئەمانەشەوە کارمەندانی کەرتی تەندروستی موچەی مانگانەکانیان دوادەکەوێت. کەواتە لە هەرێمی کوردستاندا کەرتی تەندروستی دۆخی زۆر خراپە ئەو بودجەیەی  بۆ تەرخاندەکرێت زۆر کەمە  لە چاو وڵاتانی تری دنیادا، ئەوە جگە لەوەی لە ئێستاشدا بۆ چەند ساڵێک دەروا بودجەی هەرێم نابرێتە نێو پەرلەمانی کوردستان، هەر بەو هۆیەش نازاندرێت ئەوە بڕە بودجەیە بەتەواوی  چەندە کە بۆ ئەم کەرتە تەرخانکراوە.
ئەوەی گرنگە  لێرەدا بەرپرسە گەورەکانی پارتی و یەکێتی کە دەستیان گرتوە بەسەر بازاڕی دەرماندا ئەو کەسانە زۆر بەگەرمی بانگەواز دەکەن  بۆ ريفراندۆم چونکە لەکاتی جیابونەوەدا عێراق ئەو بڕە دەرمانەش دەبڕێت، بازرگانی ئەو بەرپرسانە گەرم  دەبێت  دەتوانن  بەئارەزوی  خۆیان  نرخ لەسەر دەرمانەکانیان دابنێن.

لەئێستادا هەرێمی کوردستان بڕی لە 25% دەرمانی لە عێراقەوە بۆ دێت، ئەگەر ریفراندۆم بكرێت  واتە بڕی ئەو دەرمانە دەبڕێت و ناوچە دابراوەکانیش توشی هەمان كێشە دەبن کە خەڵكی کوردستانی تێدایەو دوای ئەوە حکومەتی هەرێم  پێویستی بە؛
1. بودجەی زیاتری دەوێت بۆ کڕینی دەرمان بۆ ناوچە دابڕاوەکان.
2. کەرەستەی تەندروستی زیاتر پێویست دەبێت، ئەمەش لە توانای حکومەتدا نیە.
3. ناردنی کادرو کردنەوەی راهێنان بۆ کارمەندی تەندروستی.

حەوتەم: ئاو و سەرچاوە ئاویەکان
بەشێوەیەکی گشتی سەرچاوە ئاوییەکان بریتین لە 1- باران 2- ڕوبارەکان 3-چەمەکان بە ‌هەردو جۆریەوە هەمیشەیی و وەرزییەوە 4- ئاوی ژێر زەوی 5- کانی و کارێزەکان.
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی پلاندانان/ دەستەی ئامار سەرچاوەی دابین کردنی ئاو بۆ 3 پارێزگاکەی هەرێم بریتیە لە ئاوی ئیفراز لە هەولێر سەرچاوەکەی زێێ گەورەیە، ئاوی بەنداوی دوکان کە سەرچاوەی سەرەکی زێی بچوکە، ئاوی بە نداوی موسڵ بۆ دهۆک و دەوروبەری شارەکانیش  زیاتر پشت بە پڕۆژەی بچوک و ئاوی بیر دەبەستن بە شێوەیەکی گشتی  لە 69% دانیشتوانی هەرێم لە رێگای پڕۆژەکانەوە ئاویان بۆ دابین دەکرێت، 30.7% پشت بە ئاوی  ژێر زەوی دەبەستن لە 0.25%ی پشت دەبەستن  بە کۆمەڵگای  ئاوی  کە بە هۆی یەکەی بچوکەوە دەبێت.

کێشەکان لە کوێ سەر هەڵدەدەن؟؛ سەرەتا کوردستان بەرامبەر 2 مەترسیە:
1. کاریگەرییە سروشتیەکان هەر لە کەم بونەوەی باران و بەرزبونەوەی پلەی گەرما ئەمەش کاریگەری هەیە لەسەر بڕی هەمو سەرچاوە ئاوییەکان.  لە بەهارو زستاندا  کێشەی ئاو نیە و زیاترە لە پێویست، بەڵام لە هاوین و پایزدا بەردەوام کێشەی کەم ئاوی هەڵدەداتەوە.
2. کاریگەرییە سیاسیەکان  ئەویش لە دەوڵەتانی دراوسێوە. کە رۆژ بەڕۆژ هەوڵ دەدەن زیاتر دەست بەسەر ئەو ڕوبارانەدا بگرن کە دێنە ناو هەرێمی کوردستانەوە بە تایبەتی ئێران کە هیچ پابەند نیە بەیاساو ڕێسای نێو دەوڵەتی.

بڕی ئاوی زێی گەورە  ساڵانە کە دێتە  کوردستان  نزیکەی 14 ملیار م3. زێی  بچوک نزیکەی 7 ملیار م3 روباری سیروان نزیکەی 7 ملیار م3 کۆی گشتی. بێجگە لە سەرچاوەی ئاوی بەفرو باران.

بە پێی ڕێکخراویWHO لە عێراق ئێستادا مرۆڤی عێراقی ساڵانە 750 م3 ئاوی شیرینی پێدەگات لە ساڵی 2025  ئەم بڕە کەم دەبێتەوە بۆ 450 م3  بۆیە دەردەکەوێت هەرێمی کوردستان توشی كێشەی بێ ئاوی دەبێت. بۆ پەیداکردنی  ئاوی شیرین لە ئاوی سوێرەوە بۆ هەر 1 م3 بڕی نیو دۆلاری ئەمریکی تێدەچێت.
3.لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان نەوت و گاز بەرهەم دەهێنێت  پێویستی بەئاوێکی زۆر هەیە بۆ بەرهەمهینانی ئەو سەرچاوە سروشتیانە  .
پێشکەوتنی ژیانی مرۆڤایەتی کە ئەمەش پێویستی زیاتری بە ئاو هەیە هەر لە ژیانی تاک و کشتوکاڵ و پیشەسازی... هتد.

زۆر بونی ژمارەی دانیشتوان یەکێکە لە هۆکارە سەرەکیەکانی  دروستبونی کێشەی ئاو، بۆیە هەرێمی کوردستان پێویستی بە دروست کردنی زۆرترین بەنداو هەیە ئەگەر ریفراندۆم بکات و جیابێتەوە بەم هەمو شکستەوە کە توشی ئابوریەکەی بوە دەتوانێت کێشەی ئاو دابین بکات. یان زیاتر  کێشەکان ‌قوڵتر و گەورەترو مەترسیدار دەبێت و وە هەروەها ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران سەرچاوەی  ئاوی گرتوە  ئەوکاتە هەرێمی کوردستان توشی  بێ ئاویەکی زۆر دەبێت.

هەشتەم: پەروەردە
هەمو دەزانین دۆخی قوتابخانەکان و ژمارەی مامۆستایان و کۆنی بیناکانی قوتانخانەکانی هەرێمی کوردستان لە چ بارێکدایە، بە پێی ڕاپۆرتی بانکی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی کوردستان لە دەیەی داهاتودا لە نێوان 69000-110000 ساڵانە قوتابی تازە ناو نوس دەکرێن لە قۆناغی سەرەتایدا تەنها لە هەرێمدا بێجگە لەناوچە دابراوەکاندا، لەکاتی ریفراندۆم و جیابونەوەدا ئەم هەمو قوتابخانەو مامۆستاو پەیداکردنیان پێویستی بە بودجەیەکی زۆرە بەم هەمو شکستەوە  حکومەت خەڵکی کوردستان لەمە زیاتر توشی نەهامەتی دەکات.

نۆیەم: كشتوکاڵ
لەساڵی 2016 دا هەرێمی کوردستان  71000 رەشە وڵاخی هاوردە کردوە
122000 تەن تەماتە  هاوردە کراوە بۆ هەرێمی کوردستان.
80000 تەن پیاز هاوردە کراوە بۆ هەرێمی کوردستان.
35000 تەن گڵۆبەرۆژە هاوردە کراوە بۆ هەرێمی کوردستان.
هەرێمی کوردستان  تەنها
26 تەن خوری مەڕی هەناردە کردوە
62 تەن ڕیخۆڵەی هەناردە کردوە
25600 تەن پێستەی حەیوانی هەناردە کردوە.....

ئەمەیە دۆخی کشتوکاڵی هەرێم و ئاسایشی  خۆراکی، لەکاتی ریفراندۆم و جیا بونەوەدا خەڵکی کوردستان دەتوانن بەم شێوەیە ئیدارەی ژیانیان بکەن و حکومەت دەتوانێ پێداویستی و داخوازییەکانی ناوخۆ بەم جۆرە سیاسەتە پڕ بکاتەوە؟

دەیەم: نەوت و غاز
هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی سەرچاوەی داهات تەنها پشت بەیەک سەرچاوە نەبەستێت، وەک ئەوەی لە ئێستادا تەنها پشتی بە سەرچاوەکانی وزە بەستتوە ، هەر وەک چۆن ناشبێت تەنها ڕێگەی هەناردەکردنی وزەی بۆ وڵاتی تورکیادا بێت، بۆ نمونە لەکاتی ‌هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوک کاردانەوەی تورکیا راوەستانی هەناردە کردنی نەوتی کوردستان بو لەرێگەی تورکیاوە بۆ دەرەوە. بۆیە ئەگەر ریفراندۆم بەو دۆخەی ئێستاوە ئەنجام بدرێت و تورکیا ‌هێڵەکە رابگرێت ئایا خەڵکی هەرێم بەرگەی قەیرانی زیاتر دەگرن؟.

بۆیە دەبێت حکومەتی هەرێم کار لەسەر دروستکردنی ڕێگەی نوێی گواستنەوەی نەوت و گاز بکات، بەبۆچونی ئێمە باشترین ڕێگە کوردستانی ڕۆژئاوایەکە کورتترین ڕێگەیە بۆسەر دەریای سپی ناوەڕاست و لەڕوی سیاسییەشەوە کەمتر لە مەترسیدا دەبێت بەراورد بە ڕێگاکانی تورکیاو ئێران.

یازدەیەم: داهات‌و پارەی یەدەگ
ئایا حکومەتی هەرێم هیچ پارەو داهاتێکی یەدەگی ئامادەیە بۆ قۆناغی پاش ریفراندۆم؟ حکومەتی هەرێم نەک هەر داهاتی یەدەگی نیە، بەڵکو بەدان پیانانی خۆیان، ئەم حکومەتە 20 ملیار دۆلار قەرزارەو ئەم قەرزەش هەر لە گەورەبوندایە.  هیچ نوخبەیەکی سیاسی بەرپرس‌و لێهاتو هەیە موجازەفە بە ژیانی هاوڵاتیانی خۆیەوە بکات؟  

پێویستە حکومەتی هەرێم لە روی جیۆپۆڵەتیکەوە ئامادەباشی هەبێت، ئەگەر دەوڵەتەکانی  دراوسێی  هەرێم  کێشەی بۆ دروست بکەن، بۆیە پێویستە یەدەکی پارەی زۆری هەبێت دیارە بۆ دروست کردنی دەوڵەت یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی بونی دراوی دەوڵەتەکەیە، کەواتە پێویستە حکومەت پێش راگەیاندنی دەوڵەت لە بانکی ناوەندی هەرێمدا دەبێت پارەی یەدەکی هەبێت بۆ ئەوەی ببێت بە پاڵپشت بۆ ‌هێزی دراوی تازە چاپکراو؛ بونی یەدەگی دراو دەبێت هەمو کاتێک هەبێت لە بانکی ناوەندیدا، بۆ نمونە لەسەرەتای شەری داعشەوە ئەگەر حکومەتی عێراق پارەی یەدەگی (دۆلارو ئاڵتون)ی نەبوایە لە بانکی ناوەندی بەغداد بەتایبەتی لەو کاتەی نرخی نەوت دابەزی بەتەواوی نرخی 100 دۆلار بەرزدەبوەوە بۆ نزیکی 200.000 هەزار دیناری عێراقی. چونکە بەردەوام حکومەتی عێراق دۆلاری دەخستە بازاڕەوە بۆ ئەوەی بەهای دیناری عێراقی ڕابگرێت...  کەواتە  پێویستە:
1. بونی ئاڵتونێکی زۆر لە بانکی ناوەندی هەرێم دا.
2. بونی دەیان ملیار دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندی هەرێم دا.
3. ئابوری هەرێم بە شێوەیەکی بەرچاو گەشە بکات.
4. داهاتی  تاک  باش بێت بەردەوام بە ‌هیوای بەرەو بەرزبونەوە بڕوات.

بۆیە بەهای پارەی  کوردستان زۆر لاواز دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی  ئەوەی  نرخی هاوردەکردن زۆر گران بکەوێت، چونکە بەداخەوە هەرێمی کوردستان زۆربەی بەرهەمەکان هاوردە دەکات، ئەمەش دەبێته هۆی هەڵئاوسانێکی زۆرو هۆی بێکاریەکی بەرفراوان هەرچەندە ژمارەی بێکاری گەيشتوەتە نزیکەی 20%، ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە ئابوری هەرێم بە شێوەیەکی بەر چاو لە کرژبون و ئیفلیجی دایە بۆیە ئەم حکومەتە لە بەر گەندەڵی و خزم خزمێنە توشی ئەم  کارەساتە بوە  کەواتە ئەم حکومەتە توانای پشت بەستنی بەخۆ نیە.

دوانزەهەم: سیستەمی بانکی کوردستان
هەرچەندە هەرێمی کوردستان 49 بانکی تێدایە کە لەوانە 43 بانکی کەرتی تایبەتەو 6 بانکی حکومەت خاوەنیەتی. بەڵام لەگەڵ ئەو ژمارە زۆرەی بانکدا کۆی ئەو قەرزەی کە بانکەکان داویانە بە کەرتی گشتی٢% کۆی گشتی داهاتی بەرهەمی  ناوخۆ بوە بۆ ساڵی ٢٠١٥ و پێشبینی ئەوە دەکرێت کە ئێستا زۆر کەمتر بۆتەوە لە ٢% چونکە بانک بە تەواوی پەکی کەوتوە لە کاتێکدا کە لە وڵاتانی ناوچەکە دا زۆر زیاترە. بانکەکان کاری سەرەکی  خۆیان ناکەن کە قەرزدانە بە کەرتی تایبەت بۆ ئەوەی هەلی کار دروست بکرێت و ئابوری گەشە بکات، یان قەرزی درێژ خایەن بۆ پڕۆژەی ستراتیجی. لە ساڵی 2015 لە کۆی سەرمایەی  بانکەکان تەنها ٦% سەرمایەکە خراوەتە بواری کارەوە، واتە بەشە هەرە گەورەکەی ئەو سەرمایەیە بەبێ کارو بێ قازانج بوە.

بانکەکانی هەرێم لە ئێستاشدا دوچاری قەیرانێکی  قورسی بێ پارەی بونەو هیچ سەرچاوەیەکی دارایی نیە کە بتوانێت پارە بکاتەوە ناو بانکەکان. زۆربەی بانکەکان قەدەغەیان کردوە کە  ئەو  بەشداربوانەی بانکەکان کە حسابیان هەیە ناتوانن پارەکانیان ڕابکێشنەوە. زۆربەی بانکەکان ئاسانکاریان بۆ نەکراوەکە کەبتوانن ئاڵوگۆڕی بازرگانی بکەن لە ناو هەرێمدا یان لەگەڵ بانکەکانی تری عێراق دا. بانکەکان بەکردار وەستاون لەقەرزدان بەکەرتی تایبەت و هاوڵاتیان،  ناتوانن نامەی دڵنیايی بۆ بازرگانەکان و کەرتی تایبەت بنوسن. لە ئێستادا تەنها بانکی نێو دەوڵەتی کوردستان کارایە کە بانکێکی کەرتی تایبەتەو نزیکە لەسەرۆک وەزیرانی هەرێم. سەیرەکە لەوەدایە داهاتی نەوت کە دەگەڕێتەوە لەتورکیاوە دەچێتە ئەم بانکەوە لە گۆڕینی بۆ دیناری عێراقی پارەیەکی یەکجار زۆر قازانج دەکات، ئەمەش ڕێگای لە كێبڕكێ کردن گرتوە بەبێ ئەوەی بتوانن چەند بانکێکی تر بەشداری بکەن لەو قازانجەدا و بە هەرزانتر بگۆڕێتەوەو هاوڵاتیان سودمەندی زیاتر بن.

بۆ نمونە لە گۆڕینەوەیەکی بچوکی پارەی بەڵیندەران لە بانکی نێودەوڵەتی کوردستاندا کە بەنوسراوێکی فەرمی ژمارە3366 لە 20-3-2017 کە سەربە وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان کە بڕی 10 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی کەبە 1200 دیناری عێراقی کە لەو مانگەدا بە هیچ شێوەیەک دیناری عێراقی پاشەکشەی نەکردوە بۆ 1200 دینار، بەڵکو کە (ئەرستۆ محمد) ئەندامی ئەنجومەنی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی دەڵێت لەسەرو 1225.800 بوە بەمەش لە سەرو 580 مليۆن دیناری عێراقی قازانج بە بانکی کوردستان گەیاندوە تەنها لەو بڕە پارە کەمەدا. کەواتە بانکەکانیش قۆرخ کراوە بەتەواوی لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە وەک داهاتەکانی تر . کەواتە چۆن دەتوانین کوردستان ئاوەدان بکرێتەوە و بازرگانی گەشە بکات کە فاکتەری سەرەکی بانکە ئەمەش قۆرخ کرابێت لەلایەن بەر پرسانەوە، کەواتە لە پرسی ريفراندۆمدا  ئەم هەمو کێشانە هەبێت بە چارەسەر نەکراوی ئەگەر سەیری ئەم خاڵانەی سەرەوە بکەین هیچی لە هەرێمدا بونی نیە.

سیازدەهەم: بونیادنانی هێزی سەربازى
بۆ دامەزراندنی دەوڵەت دەبێت پێش ئەوەی هێزێکی نیزامی باش ئامادە کرابێت بۆ پاراستنی ئەو دەوڵەتە ئەم هێزە نیزامیە دەبێت ژیان و گوزەرانی بەتەواوەتی دابین کرابێت، پێویستە را‌‌هێنانی باشیان پێکرابێت و پڕ چەک کرابن بە پێشکەوتوترین چەکی تازە، بەلایەنی کەمەوە پێویستە؛
1. دەستبەرکردنی موچەی گونجاو بۆ هێزی پێشمەرگە بە هەمو پلەیەکی جیاوازەوەوە.
2. دابین کردنی بیمەی تەندروستی.
3. دابین کردنی یەکەی نیشتەجێ بۆ خێزانی پێشمەرگە.
4. بەخشین لە باج و هەمو ڕسوماتێک لەبەر ئەوەی  پێسمەرگە باجەکەی بە خوێن دەدات.

بۆ دامەزراندنی هێزی نیزامی سوپای کوردستان  پیویستمان بە (1.5- 2 %) ژمارەی دانیشتوانە و لە حاڵەتی شەردا دەگاتە نزیکەی 3%. لەبەر ئەوەی سوپای نیزامی هێزێکی وەبەرهێنەر نیە تەنها دەزگایەکی بەکاربەرە بۆیە دەبێت بودجەیەکی باشی وڵات هەبێت بۆ ئەوەی بتوانیت سوپایەکی پێشکەوتوت هەبێت.

لە بونیادنانی هێزی وشکانی پێویستمان بە بودجەیەکی زەبەلاح دەبێت، ئەگەر نمونەی بودجەی ساڵانەی تەنها یەک فیرقە بهێنینەوەو فیرقەی (4)ی عێراق وەربگرین؛
1. موچەی ساڵانەی داگاتە 15 ملیار دیناری عێراقی.
2. بودجەی پرچەک کردنی فیرقە30-40 ملیار دیناری عێراقی پێویستە.
3. بودجەی سوتەمەنی ساڵانە پێویستی بە نزیکەی 1 ملیار دیناری عێراقی هەیە.
4. خواردەمەنی تەنها یەک سەرباز 133 هەزار دیناری عێراقیە بۆ یەک مانگ.

بۆ دامەزراندنی هێزی ئاسمانی سوپای کوردستان کە ئەم هێزە زۆرترین کاریگەری هەیە بۆ سەرکەوتنی جەنگەکان بۆیە پیویستی بە بودجەیەکی زۆر هەیە بۆ دامەزراندنی ئەم ‌هێزە؛
1. دامەزراندنی چەند فرۆکەخانەیەکی سەربازی.
2. کڕینی چەندین فرۆکەی شەڕکەر و بۆمب هاوێژو و بارهەڵگر.
3. چەندین فرۆکەوان و ئەندازیارو کادری هونەری.
4. دامەزراندنی سیستەمی راداڕی پێشکەوتو.

دەرەنجام
لەم لێکۆڵینەوەیەدا هەوڵماندا گرنگی بابەتی ئابوری لەمەسەلەی پرسی ریفراندۆمدا بخەینەڕو. ئەو گرفتانەی حکومەتی هەرێم لە مەلەفی ئابوری‌و داراییدا هەیەتی‌، هاوکات دۆخی بژێوی هاوڵاتیان‌و بازار یارمەتیدەدەر‌و ئامادەنین بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمی ٢٥/٠٩/٢٠١٧. وەک لە ژمارەو زانیاریەکانی ئەم لێکۆڵینەوەیەشدا هاتوە، ئەنجامدانی ریفراندۆم لەو بەروارەدا، نەک کێشە ئابوری‌و داراییەکانی هەرێمی کوردستان چارەسەرناکات، بەڵکو دەیان کێشەو گرفتی تری ئابوری دروستدەبن کە چارەسەرکردنیان ئەستەمە. لێکەوتە خراپەکانی ئابوری ئەوەنیە کە گەشەی ئابوری هەرێم (کەنیەتی!) خاودەبێتەوە، بەڵکو خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکانی وەک دەرمان‌و ئاو کشتوکاڵ‌و خواردن....هتد دەکەونە بەرهەڕەشەی لەناوچون‌و نەمان. هاوکات مەترسیەکانی تێکچونی سەفەرو هاوتوچۆو پەراوێزخستنی هەرێم لە هەمو روەکانەوە، ئەگەرێکی بەهێزە. ئێمە پێمانوایە مەسەلەی یاریکردن بە چارەنوسی ئەم هەرێمەوە لە پێناو بەرژەوەندی حیزبی‌و شەخسیدا، نەک کارێکی سیاسی‌و عەقڵانی نیە، بەڵکو کارێکی نا ئەخلاقیشە. چونکە مەترسی نەمانی خۆراك‌و دەرمان‌و پێداویستیەسەرەکیەکانی تری هاوڵاتیان، مەسەلەی مەرگ‌و ژیانی میلەتێکە. ئایا کەسێک یان حیزبێک یان نوخبەیەکی سیاسی ئامادەیە تەحەمولی کارەساتە مرۆییەکانی ریفراندۆمی ٢٥/٠٩/٢٠١٧ لە ئەستۆ بگرێت؟ یان بەپێچەوانەوە ئەزمونی هەڵهاتنی ١٩٤٦ی کۆماری مەهابادو ئاشبەتاڵی ١٩٧٥‌و ڕاکردن‌و جێهێشتنی بەتەنیای شەنگال لە ٢٠١٤ دوبارە دەکاتەوە..؟! بابەتی جیابونەوەو ریفراندۆم بابەتێکی فرە رەهەندو ئاڵۆزەو ناکرێت هێزێکی سیاسی بە مەرام‌و پلانێکی نەتەوەییانەی ساختەوە‌و بەزمانی سۆزو هەڵچونەوە بەکاری بهێنێت بۆ سەپاندنی ئەجێنداکانی خۆی. پێگەی هەرەبەهێزی هەر پرۆژەیەکی سەربەخۆیی ئابوریەو نائامادەگی هەرێم لەم ڕوەوەو زۆر ڕونەو قابیلی شاردنەوە نیە. بازدان بەسەر گرفتە ئابوریەکانی هەرێم‌و نەبینینی ئەو هەمو گرفتە ئابوریانەی لە دەرەنجامی ریفراندۆمی ناوبراوەوە دەکەونەوە، بڕیارێکی زۆر نادروستە‌و ناپەرپرسانەیە. هیوادارین خستنەڕوی گرفتە ئابوریەکانی هەرێم‌ پەیوەست بە ریفراندۆم، زەنگێکی ئاگادارکردنەوەبێت بۆ بانگەشەکارانی ریفراندۆمی ٢٥/٠٩/٢٠١٧‌و سودێکی هەبێت.

سەرچاوەکان
1.    عەمید روکن ئارێز ئەنوەر مەحمود، پرۆژەی ڕێکخستن و گەشەپێدانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئەیلولی ٢٠١٥، (بڵاو نەکراوەتەوە).
2.    كامەران وریا قانع، ئاو و نه‌هامه‌تییه‌كانی‌ دوارۆژ (1)، پێگەی ئەلیکترۆنی؛http://archive.sbeiy.com/article_detail.aspx?ArticleID=6384&AuthorID=1083
3.    كامەران وریا قانع، ئاو و نه‌هامه‌تییه‌كانی‌ دوارۆژ (2)، پێگەی ئەلیکترۆنی؛http://archive.sbeiy.com/article_detail.aspx?ArticleID=6410&AuthorID=1083
4.    سێ ساڵە چۆن خەڵک برسی و هەژار دەکەن، پێگەی ئەلیکترۆنی (سبەی)؛ http://www.sbeiy.com/Article-40009
5.    بەرنامەی شیکاری، سەربەخۆیی کوردستان لەنێوان دروشم و پراکتیکدا، ‌کەناڵی ئاسمانی کەی ئێن ئێن، پێگەی ئەلیکترۆنی؛ http://www.knnc.net/Programme-Detail.aspx?TypeID=50&bernameID=15194
6.    World Bank, Kurdistan Region of Iraq Performing the Economy for Share Prosperity and Protecting the Vulnerable, at the site;
https://openknowledge.worldbank.org/bitstream/handle/10986/24706/Main0report.pdf?sequence=1&isAllowed=y  
7.    Federal Reserve Bank Of Atlanta, Employment Growth and Labor Force Participation: How Many Jobs Are Enough? , at the site;
https://www.frbatlanta.org/-/media/documents/filelegacydocs/HOTCHKISSfinal.pdf
14/08/2017
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .