كونسوڵی‌ ئێران له‌ هه‌ولێر، سه‌ردانی‌ رێكخه‌ری‌ گشتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ده‌كات

مورته‌زا عه‌بادی‌، كونسوڵی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران له‌ هه‌ولێر، سه‌ردانی‌ مه‌كۆی‌ سه‌ره‌كیی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانی‌ كرد له‌ سلێمانی‌ و له‌گه‌ڵ عومه‌ر سه‌ید عه‌لی‌ رێكخه‌ری‌ گشتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان كۆبوه‌وه‌.

له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌رپرسی‌ ژوری‌ په‌یوه‌ندییه‌ دیبلۆماسییه‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ئاماده‌ی‌ بو، كونسوڵی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران له‌ هه‌ولێر ئاماده‌یی‌ ‌و پشتیوانی‌ خۆیان بۆ رێكخه‌ری‌ گشتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان دوپاتكرده‌وه‌ و خۆشحاڵی‌ خۆشی ده‌ربڕی‌ كه‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ توانیویه‌تی‌ رێكخه‌ر ‌و ئه‌ندامانی‌ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندن هه‌ڵبژێرێت. 

مورته‌زا عه‌بادی‌، هیواشی خواست به‌رده‌وام بن له‌سه‌ر رێبازی‌ كاك نه‌وشیروان.

هه‌ر له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا وه‌فدی‌ كونسوڵی‌ ئێران ‌و بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، له‌سه‌ر باردۆخی‌ ناوچه‌كه‌‌و شه‌ڕی‌ داعش ‌و پرسی‌ ریفراندۆم گفتوگۆیان كرد و جه‌خت له‌سه‌ر به‌رده‌وامی‌ ‌و گه‌شه‌پێدانی‌ په‌یوه‌ندیی‌ دۆستانه‌ی‌ كۆماری‌ ئیسلامیی‌ ئێران ‌و هه‌رێمی‌ كوردستانیش كرایه‌وه‌.
19/08/2017
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .