ژیاننامه‌ی‌ تێكۆشه‌ری‌ دێرین حه‌مه‌ ئاوات
به‌ره‌به‌یانی‌ رۆژی‌ دوشه‌ممه‌، حه‌مه‌ ئاوات تێكۆشه‌ری‌ دێرین و ئه‌ندامی‌ جڤاتی‌ گشتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ ته‌مه‌نی‌ (64) ساڵیدا له‌ سلێمانی‌ كۆچی‌ دوایی كرد، دوای‌ به‌ڕێكردنی‌ ته‌رمه‌كه‌ی‌ بۆ پارێزگای‌ هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ مه‌راسیمێكدا له‌ گوندی‌ عه‌بابه‌یلێی‌ زێدی‌ له‌ دایكبونی‌ بەخاکسپێردرا، سبه‌ینێش یه‌كه‌م رۆژی‌ پرسه‌كه‌یه‌تی‌ له‌ مزگه‌وتی‌ ئه‌حمه‌دی‌ حاجی‌ عه‌لی‌ له‌ سلێمانی‌.

جارێكی‌ دیکە ئاسمانی‌ كوردستان باوه‌شی‌ بۆ تێكۆشه‌رێك و پێشمه‌رگه‌یه‌كی‌ رۆژانی‌ سه‌ختی‌ خه‌بات و كۆڵنه‌ده‌رێكی‌ خه‌باتی‌ مه‌ده‌نی‌ كرده‌وه‌، به‌ره‌به‌یانی‌ رۆژی‌ دوشه‌ممه‌ حه‌مه‌ ئاوات شێخ سدیق ئه‌ندامی‌ جڤاتی‌ گشتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ ته‌مه‌نی‌ (64) ساڵیدا كۆچی‌ دوایی كرد.

دوای‌ به‌ڕێكردنی‌ ته‌رمی‌ حه‌مه‌ ئاوات له‌ سلێمانیه‌وه‌ بۆ پارێزگای‌ هه‌ڵه‌بجه‌، له‌ گۆڕستانی‌ گوندی‌ عه‌بابه‌یلێی‌ زێدی‌ له‌ دایكبونی‌ له‌ مه‌راسیمێكدا به‌ئاماده‌بونی‌ كه‌سوكار و هاوڕێیان و پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان و نوێنه‌ری‌ حیزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بەخاکسپێردرا. 

حه‌مه‌ئاوات شێخ سدیق، له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ له‌دایك بوه‌ قۆناغه‌كانی‌ خوێندنی‌ به‌سه‌ركه‌وتویی‌ ته‌واو كردوه‌ تا به‌ده‌ستهێنانی‌ بڕوانامه‌ی‌ دبلۆم، یه‌كێك بوه‌ له‌ ئه‌ندامه‌ چالاكه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ قوتابیان، له‌ سه‌ره‌تای‌ ده‌ست پێكردنییه‌وه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ شۆڕشێ نوێوه‌ كردوه‌ و چه‌ندین جار له‌مه‌رگ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ و كه‌مئه‌ندامی‌ سه‌نگه‌ر بوه‌، له‌ خه‌باتی‌ پێشمه‌رگایه‌تیدا چاونه‌ترس و ئازاو دڵسۆز بوه‌ و به‌شداریی‌ ده‌یان چالاكی‌ و نه‌به‌ردی‌ كردوه‌، له‌ سه‌ره‌تای‌ دروستبونی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ده‌بێته‌ یه‌كێكه‌ له‌ هه‌ڵسوڕاوه‌ چالاك و دڵسۆزه‌كان و دواین پله‌ی‌ ئه‌ندامی‌ جڤاتی‌ گشتی‌ بوه‌.

ژیاننامه‌ی‌ تێكۆشه‌ری‌ دێرین حه‌مه‌ئاوات
*حه‌مه‌ئاوات شێخ سدیق ساڵی‌ (1953) له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ له‌دایك بوه‌.
*ساڵی‌ (1968) بوه‌ته‌ ئه‌ندامی‌ یه‌كێتی‌ قوتابیانی‌ كوردستان.
*ساڵی‌ (1973) به‌شی‌ تیشكی‌ په‌یمانگای‌ ته‌ندروستی‌ به‌غدادی ته‌واوكردوه‌.
*ساڵی‌ (1975) په‌یوه‌ندی‌ به‌ رێكخستنه‌كانی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ ره‌نجده‌رانه‌وه‌ كردوه‌.
*ساڵی‌ (1978) بوه‌ته‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ مه‌فره‌زه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان.
*له‌سه‌ره‌تای‌ دروستبونی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان یه‌كێك بوه‌ له‌هه‌ڵسوڕاوه‌ چالاكه‌كان.
*ساڵی‌ (2014) ده‌بێته‌ ئه‌ندامی‌ جڤاتی‌ گشتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان.
* رۆژی‌ (11/9/2017) له‌ سلێمانی‌ كۆچی‌ دوایی كرد.
12/09/2017
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .