ناوەڕۆکی کۆبونەوەی برێت مەکگۆرگ و بزوتنەوەی گۆڕان

کۆبونەوەی نێوان شاندی باڵای ئەمەریکا و بزوتنەوەی گۆڕان کۆتایی هات و بریت مەکگۆرک بەناوی ئەمەریکاوە رایگەیاند: دژی ئەنجامدانی ریفراندۆمن لە هەرێمی کوردستان و داواکارن لە پەرلەمانی کوردستانەوە ئەو پرسە دوابخرێت.

کۆبونەوەی شاندی باڵای ئەمەریکا بەسەرۆکایەتی برێت مەکگۆرک، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و بەیاوەری دۆگلاس سیلیمان، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق و کین گرۆس کونسوڵی ئەمەریکا لە هەولێر لەگەڵ وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان بە سەرۆکایەتی عومەر سەید عەلی رێکخەری گشتی، کە لەمەکۆی سەرەکی لەشاری سلێمانی بەڕێوەچو، کۆتایی هات.

هۆشیار عومه‌ر عەلی، ئه‌ندامی‌ ژوری‌ په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند: برێت مه‌كگۆرك پێی وتین له‌ واشنتۆنه‌وه‌ هاتوم بۆ ئه‌وه‌ی‌ بۆ هه‌مو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان رون بێت، كه‌ ئه‌مەریكا سه‌د له‌سه‌د دژی‌ ریفراندۆمه‌ له‌ (25)ی‌ ئه‌یلولدا.

وتیشی :"مه‌كگۆرك ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد كه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا گفتوگۆیان كردوه‌ ‌و ئاماده‌ن بۆ دامه‌زراندن ‌و دروست كردنی‌ چوارچێوه‌یه‌ك بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان هه‌رێم ‌و به‌غدا ‌و ئه‌و پرسه‌ش ده‌به‌نه‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایش ‌و هه‌فته‌ی‌ داهاتو له‌نیویۆرك قسه‌ی‌ له‌سه‌ر ده‌كه‌ن".

بەوتەی هۆشیار عومەر؛ نوێنەری سه‌رۆكی ئه‌مریكا پێی وتون كه‌ له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا ‌و به‌ریتانیا له‌ به‌غدا تیمێك دروست ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌مو قه‌یران ‌و ناكۆكییه‌كانی‌ نێوان هه‌رێم ‌و به‌غدا چاره‌سه‌ربكرێن ‌و گره‌نتی‌ هه‌بێت.

ئەندامەکەی ژوری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان ئەوەی خستەڕو کە؛ سێیه‌م په‌یامی مەکگۆرک ئه‌وه‌بوە كه‌ ریفراندۆم له‌ڕێگه‌ی‌ په‌رله‌مانی کوردستانەوە‌ دوابخرێت.

بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان لەسەر ئاستی باڵا و بە وەفدێک به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ عومەر سەید عەلی، رێكخه‌ری‌ گشتی‌ و ژمارەیەک لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و جڤاتی نیشتیمانی و ژوری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، پێشوازی‌ له‌ وه‌فده‌كه‌ی‌ ئه‌مریكا کرد، کە سەردانەکەیان بۆ گفتوگۆكردن بو له‌سه‌ر پرسی ریفراندۆم و پرۆسه‌ی‌ سیاسی هه‌رێم، ئاسایی كردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان یه‌كێكی‌ دیکە بو له‌ ته‌وه‌ری‌ گفتوگۆكانی‌ نێوان وه‌فدی‌ ئه‌مەریكا و بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان.

14/09/2017
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .