ئەمەریکا دژی ریفراندۆمە
ئەندامێکی ژوری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان ئاشکرای دەکات کە؛ ئه‌مەریكییه‌كان به‌ هه‌مو شێوه‌یه‌ك دژی‌ ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆمن و دەیانەوێت ئەو پرۆسەیە دوابخرێت.

شوناس شێركۆ، ئه‌ندامی‌ ژوری‌ په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، به‌ (تۆڕی میدیای گۆڕان)ی راگه‌یاند: هاتنه‌ سه‌ر خه‌تی‌ ئه‌مەریكییه‌كان له‌ماوه‌ی‌ دو هه‌فته‌ی‌ رابردودا، ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ هه‌مو شێوه‌یه‌ك دژی‌ ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆمن ‌و ده‌یانه‌وێت به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت دوابخرێت.

شوناس شێركۆ، وتیشی‌ :"ئه‌مەریكا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان هه‌رێم ‌و به‌غدا رێكبخرێنه‌وه"‌.

بەوتەی ئەو ئەندامەی ژوری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان؛ ئەمەریکییەکان ریفراندۆم بەکارەسات ناو دەبەن و دەیانەوێت بۆ کاتێکی دیکە دوابخرێت.

وتیشی :"بۆچونی رونی ئەمەریکییەکان ئەوەیە ریفراندۆم کارێکی بەهێزە، ئەگەر بەکاربهێنرێت ئەوا دەسوتێت و لەکاتی ئەنجامدانیدا بارودۆخی خەڵک لەوەی کە هەیە، رەنگە خراپتر بێت".

ئەو لێدوانە لەکاتێکدایە کە رۆژی دوشەممە رابردو، باڵیۆزی ئەمەریکا لەبەغدا و کونسوڵی ئەمەریکا لە هەولێر، سەردانی مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕانیان کرد لە شاری سلێمانی و له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا لەگەڵ رێکخەری گشتی، كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی‌ ژوری‌ په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌كانی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماده‌ی‌ بون، هه‌ردولا گفتوگۆیان كرد له‌باره‌ی‌ دۆخی‌ سیاسی هه‌رێمی‌ كوردستان ‌و عێراق.

باڵیۆزی‌ ئه‌مەریكا له‌ عێراق به‌ وه‌فدی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانی‌ راگه‌یاند: ئه‌مەریكا له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی‌ ئه‌و ریفراندۆمه‌دا نیه‌ له‌م كاته‌دا و داواده‌كات بۆكاتێكی‌ گونجاوتر دوابخرێت، جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ واشنتن دان به‌ ئه‌نجامی‌ ئه‌و ریفراندۆمه‌دا نانێت ئه‌گه‌ر بكرێت.

دۆگلاس سیلێمان، باڵیۆزی‌ ئه‌مەریكا له‌ عێراق ئه‌وه‌شی به‌ وه‌فدی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان راگه‌یاندوه؛‌ ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم له‌ كه‌ركوك به‌ هه‌مو شێوه‌یه‌ك ره‌تده‌كه‌نه‌وه،‌ چونكه‌ ده‌بێتە هۆی‌ ئاڵۆزی‌ زیاتر.

14/09/2017
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .