مام جه‌لال و نه‌وشیروان مسته‌فا دوانه‌ی شۆڕشی نوێ بون
چوار مانگ و نیو دوای كۆچی دوایی نه‌وشیروان مسته‌فا، مام جه‌لال هاوڕێی خه‌باتی قۆناغی رزگاری كۆچی دواییكرد، لێكۆڵه‌رانی سیاسی ده‌ڵێن به‌هێزیی په‌یوه‌ندی نێوان مام جه‌لال و نه‌وشیروان مسته‌فا  كاریگه‌ری له‌سه‌ر پرۆسه‌ی سیاسی و ده‌ستكه‌وته‌كانی كورد هه‌بوه‌، ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ به‌رهه‌مداربوه‌، له‌م راپۆرته‌ شیكارییه‌دا قۆناغه‌كانی په‌یوه‌ندی نێوان مام جه‌لال و نه‌وشیروان مسته‌فا و به‌یه‌كه‌وه‌ كاركردنیان خراوه‌ته‌ڕو.

چوار مانگ و نیو دوای كۆچی دوایی نه‌وشیروان مسته‌فا، رۆژی (3)ی تشرینی یه‌كه‌م مام جه‌لال كۆچی دواییكرد، ئه‌و دو كه‌سایه‌تیه‌ی ماوه‌یه‌كی دورو درێژ له‌ قۆناغی جیاجیادا و له‌ هه‌وراز و نشێوی خه‌بات و هه‌ستانه‌وه‌، هاوكار و پشتیوان و ده‌ست له‌ ناوده‌ست بون و ببون به‌ دوانه‌ی شۆڕشی نوێ.

نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ كتێبی (له‌ كه‌ناری دانوبه‌وه‌ بۆ خڕی ناوزه‌نگ) باس له‌وه‌ ده‌كات، كه‌ سه‌ره‌تای یه‌كترناسینیان بۆ ساڵی (1961) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، واتا ئه‌و كاته‌ی مام جه‌لال لێپرسراوی لقی سلێمانی پارتی بوه‌، به‌وه‌ش ده‌رده‌كه‌وێت په‌یوه‌ندی هاوڕێیه‌تی ئه‌و دو كه‌سایه‌تیه‌، مێژوه‌كه‌ی بۆ (56) ساڵ پێش كۆچی دواییان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

مام جه‌لال و نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ ده‌یه‌ی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردودا وه‌ك دو كاره‌كته‌ری بواری سیاسه‌ت و رۆشنبیری و رۆژنامه‌وانی كوردی ده‌ركه‌وتن، ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندی فكری و سیاسی له‌نێوان هه‌ردولادا به‌هێزكرد، هه‌ربۆیه‌ كاتێك باڵی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د داوای چاكسازی ده‌كه‌ن، نه‌وشیروان مسته‌فا پاڵپشت و پشتیوانیان ده‌بێت و پێیوایه‌ قۆناغی خه‌باتی سیاسی كورد و به‌تایبه‌تیش پارتی دیموكرات پێویستی‌ به‌ دیدگا و تێڕوانینی جیاواز و سه‌رده‌میانه‌ هه‌یه‌، دوای  یه‌كگرتنه‌وه‌ی باڵی مه‌كته‌بی سیاسی و باڵه‌كه‌ی تری پارتی، نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ره‌و ئه‌وروپا سه‌فه‌ر ده‌كات، له‌وێ درێژه‌ به‌ خوێندن ده‌دات، تا نسكۆی ساڵی (1975)، ئه‌و رۆژانه‌ی مێژونوسان به‌ ساته‌وه‌ختی سه‌خت و رۆژگاری دژوار وه‌سفی ده‌كه‌ن، ئیدی بیری دروستكردنه‌وه‌ی شۆڕشێكی نوێ له‌ باشوری كوردستان وا ده‌كات مام جه‌لال و نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ نه‌مسا یه‌كبگرنه‌وه‌، له‌وێ له‌ نزیكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فا سه‌باره‌ت به‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خه‌بات له‌ دوای هه‌ره‌س گفتوگۆ بكات، وه‌ك فواد مه‌عسوم ده‌ڵێت مام جه‌لال زۆر به‌لایه‌وه‌ گرنگ بوه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا هاوكاری و یارمه‌تیده‌ر و به‌شدار بێت بۆ هه‌ڵگریساندنه‌وه‌ی شۆڕش، به‌ڕای شاره‌زایانیش هۆكاره‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ مام جه‌لال له‌ئاست و كاریگه‌ری نه‌وشیروان مسته‌فا و دیدگا و بۆچونه‌كانی تێگه‌یشتبو، دواجار مام جه‌لال و نه‌وشیروان مسته‌فا وه‌ك دوانه‌یه‌كی خه‌بات شان ده‌ده‌نه‌ به‌ر كۆستی گه‌لێك و رو له‌ كوردستان ده‌كه‌نه‌وه‌ و هه‌ڵگیرسانی شۆڕشێكی نوێ به‌ گوێی دۆست و دوژمناندا ده‌ده‌ن.

ساڵی (1976) و پێش راگه‌یاندنی شۆڕش له‌ سوریا له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر یه‌كده‌گرن و یه‌كه‌مین رۆژنامه‌ به‌ناوی (شه‌راره‌) بۆ سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕش و ئاماده‌سازی ده‌رده‌كه‌ن و مه‌فره‌زه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان دروستده‌كه‌ن له‌ ناو وڵات و له‌ ده‌ره‌وه‌ و ره‌وانه‌ی ناوخۆی ده‌كه‌نه‌وه‌.

ئه‌و پانزه‌ ساڵه‌ی خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تی، هه‌میشه‌ بنكه‌ و باره‌گایان له‌ نزیك یه‌كتری و پێكه‌وه‌ بوه‌ به‌ جۆرێك كه‌ بتوانن رۆژانه‌ هاتوچۆی یه‌كتری بكه‌ن. 

دوای ئه‌و قۆناغه‌ش له‌ رۆژانی سه‌خت و كه‌متوانایی سه‌ربازی و دارایی و چه‌ك و راگه‌یاندن و شه‌ڕی نابه‌رامبه‌ر، به‌ڵام وه‌ك دو رابه‌ری بیری نوێ، قۆناغ به‌قۆناغ درێژه‌ به‌ شۆڕش ده‌ده‌ن و له‌ خه‌م ده‌یڕه‌خسێنن. 

به‌و بیر و تێگه‌شتنه‌وه‌، به‌ هیوایه‌كی زۆره‌وه‌، درێژه‌ به‌ خه‌بات ده‌ده‌ن و ژیانیان به‌ شۆڕش و به‌هێزكردنی بیری رزگاری و ئازادی و نیشتمانپه‌رستی و سروشتی كوردستان ده‌به‌خشن و رۆژگاری سه‌خت به‌ڵام پڕ له‌ ئومێد به‌ڕێده‌كه‌ن.

له‌ رۆژانی دوای وه‌ستانی جه‌نگی (عێراق _ ئێران) و له‌ سه‌رده‌می دوای ئه‌نفال و كیمیاباران، له‌ رۆژگاره‌ هه‌ره‌ سه‌خت و تاریكه‌كانی خه‌باتی رزگاریدا، نه‌وشیروان مسته‌فا و مام جه‌لال به‌ وره‌یه‌كی به‌رزه‌وه‌ كارێك ده‌كه‌ن كه‌ جارێكی تر كورد توشی نائومێدی و هه‌ره‌س نه‌بێته‌وه‌.

مام جه‌لال و نه‌وشیروان مسته‌فا به‌یه‌كه‌وه‌ یه‌كێتی و شۆڕشی نوێ به‌ره‌و هه‌نگاوی پێكهێنانی به‌ره‌ی كوردستانی ده‌به‌ن و پاشانیش له‌ به‌هاری ساڵی (1991) خۆری كورد به‌ هۆی راپه‌ڕینه‌وه‌ له‌ باشوری كوردستان هه‌ڵهات و دواتریش یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانی لێكه‌وته‌وه‌ له‌ ساڵی (1992)دا.

مام جه‌لال له‌ پرسه‌نامه‌ی كۆچی دوایی نه‌وشیروان مسته‌فادا ده‌ڵێت (ئه‌و مێژوه‌ پرشنگداره‌ی دۆستایه‌تی و هاوخه‌باتیمان جیاوازیی روانینه‌كان له‌هیچ سه‌رده‌مێكدا كاریان لێنه‌كردوه‌).

مام جه‌لال له‌ یاده‌وه‌ریه‌كانیدا ده‌رباره‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا نوسیویه‌تی (له‌ناو ئه‌و براده‌رانه‌ی له‌ناو كۆمه‌ڵه‌ كاریانده‌كرد، پێم وابو نه‌وشیروان هۆشیارترینیان بو، پێم وابو كه‌ ئه‌و گه‌نجێكی هه‌ڵكه‌وتو، زیره‌ك، كوری باش و عه‌قڵی باشه‌ و چاك ده‌نوسێ، له‌ پاشان پێموابو كوردپه‌روه‌رێكی ره‌سه‌نه‌، مام جه‌لال ده‌شڵێت نه‌وشیروان مسته‌فا بیروباوه‌ری تیۆری و فه‌لسه‌فه‌ی به‌كارده‌هێنا).

به‌هێزیی په‌یوه‌ندی ئه‌و دو هاورێ و كاره‌كته‌ره‌ سیاسیه‌ وایكرد كاتێك نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ (19)ی ئایار كۆچی دواییكرد، قوباد تاڵه‌بانی رایگه‌یاند ناتوانن هه‌واڵی كۆچی دوایی نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ مام جه‌لال بڵێن چونكه‌ قورسه‌ پێی بوترێت كاك نه‌وشیروان له‌ ژیاندا نه‌ماوه‌، كه‌ ئاگاداریش ئه‌كرێته‌وه‌ زۆر نیگه‌ران ده‌بێت.

مام جه‌لال رۆژی (3)ی ئۆكتۆبه‌ری (2017) له‌ ئه‌ڵمانیا كۆچی دواییده‌كات و هاوڕێیه‌تی و هاوخه‌باتی خۆیان به‌ مێژو ده‌سپێرن.
05/10/2017
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .