مه‌رگی‌ مام جه‌لال پرسه‌ی‌ كاك نه‌وشیروانی‌ نوێ كرده‌وه‌
هاوڵاتیانی‌ كوردستان كۆچی‌ دوایی‌ مام جه‌لال له‌ دوای‌ ته‌نها له‌ چوار مانگ له‌ كۆچی‌ دوایی‌ كاك نه‌وشیروان، به‌ كاره‌ساتێكی‌ گه‌وره‌ بۆ گه‌لی‌ كورد ناودەبەن ‌و پێیانوایه‌ به‌ ئاسانی‌ جێگه‌یان پڕناكرێته‌وه‌.

مام جه‌لال ‌و كاك نه‌وشیروان، له‌ یه‌ك ساڵدا ئه‌و كاته‌ی‌ ئاسمانی‌ كوردستان هه‌وری‌ ره‌شی‌ نسكۆی‌ شۆرش دایپۆشی‌ بو، وازیان له‌ خۆشگوزه‌رانی‌ ژیانی‌ ئه‌وروپا هێنا‌و گه‌ڕانه‌وه‌ نێو چیاكان ‌و مه‌شخه‌ڵی‌ شۆڕشی‌ نوێیان داگیرساند، مردن ‌و كۆچی‌ یه‌كجاریشیان له‌ یه‌ك ساڵدا ‌و له‌ ماوه‌ی‌ چوار مانگدا پرسه‌ی خسته‌ نێو دڵی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانه‌وه‌.

ئێستا خه‌ڵكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ مه‌رگی‌ مام جه‌لال ماته‌م ده‌گێڕێت، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ هێشتا برینی‌ له‌ ده‌ستدانی‌ كاك نه‌وشیروان ساڕێژ نه‌بوه‌، كۆچی‌ ئه‌م دو سه‌ركرده‌یه‌ی‌ كورد به‌لای‌ خه‌ڵكیه‌وه‌ وه‌ك هه‌ره‌سێك سه‌یر ده‌كرێت به‌وه‌ی‌ جێگه‌یان به‌ئاسانی‌ پڕ ناكرێته‌وه‌.

مام جه‌لال ‌و كاك نه‌وشیروان، له‌ یەکی حوزەیرانی ساڵی (1975) له‌ دیمه‌شق له‌گه‌ڵ ده‌سته‌یه‌ك له‌ هاوڕێكانیاندا یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانیان دامه‌زراند و نه‌خشه‌یان بۆ هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕشی نوێ دانا و زۆربەی قۆناغەکانی خەباتی رزگاریی گەلی کوردستانیان پێکەوە بەسەرکەوتویی تێپەڕاند.

مام جه‌لال، سكرتێری‌ گشتی یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان ئێوارەی رۆژی سێشه‌ممه‌ (3/10/2017) له ‌ته‌مه‌نی‌ (84) ساڵیدا له‌ وڵاتی‌ ئه‌ڵمانیا كۆچی‌ دوایی كرد، كاك نه‌وشیروانیش رۆژی (19/5/2017) لە تەمەنی (73) ساڵیدا له‌ شاری‌ سلێمانی‌ ماڵئاوایی‌ له‌ ژیان كرد ‌و له‌ گردی‌ زه‌رگه‌ته‌ به‌خاكسپێردرا.

05/10/2017
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .