لیستی گۆڕان ژمارە (101)ــە
كۆمیسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردن ‌و راپرسی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، تیروپشكی‌ بۆ ژماره‌ی‌ لیسته‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ئه‌نجامدا و لیستی بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانیش ژماره‌ (101) به‌ركه‌وت.

تیروپشكه‌كه‌ نیوه‌ڕۆی‌ ئه‌مڕۆ له‌ شاری‌ هه‌ولێر بۆ (30) قه‌واره‌ی‌ به‌شدار له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌نجامدرا و ژماره‌ی‌ لیسته‌كان له‌ (101)ـه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات كه‌ له‌ تیروپشكه‌كه‌دا ئه‌و ژماره‌یه‌ به‌ر بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان كه‌وت.

بڕیاره‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مان ‌و سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی کوردستان رۆژی‌ یه‌كی‌ مانگی‌ داهاتو پێكه‌وه‌ ئه‌نجام بدرێت و ئاماده‌كارییه‌كانی‌ كۆمیسیۆن له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌. 

دوابەدوای ئەنجامدانی تیروپشکەکە، شیروان زرار، وته‌بێژی‌ كۆمیسیۆنی‌ هه‌ڵبژاردن ‌و راپرسی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، رایگه‌یاند: كۆمیسیۆن ئاماده‌یه‌ هه‌ڵبژاردن له‌كاتی‌ خۆیدا ئه‌نجامبدات ‌و له‌ ئاماده‌كارییه‌كانی‌ به‌رده‌وامه‌.

وتیشی :"له‌سه‌ر داوای‌ قه‌واره‌كان ماوه‌ی‌ پێشكه‌شكردنی‌ ناوی‌ كاندیده‌كان دو رۆژ درێژكراوه‌ته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن رۆژی‌ (17)ی‌ ئەم مانگە ده‌ست پێده‌كات".
12/10/2017
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .