بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
راگەیەنراوێك بۆ ڕای گشتی


ئەمڕۆ گەلەكەمان لە باشوری كوردستان لەبەردەم مەترسییەكی جدیدایە، كە دور نیە ببێتە مایەی لەدەستدانی دەستكەوتەكانمان و بەفیڕۆدانی خوێن و فرمێسكی هەزاران تێكۆشەر و قوربانیانی خەڵكی كوردستان. هەموو ئەو مەترسیانەش لە ئەنجامی بڕیاری سیاسی نادروست و بەهەندنەگرتنی مەترسییەكان و گەڕانە بەدوای بەرژەوەندی كەسی و حیزبی دا. یەكێك لەو بڕیارە هەڵەو مەترسیدارانەش رەتكردنەوەی داواو دەستپێشخەری كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هەوڵە ناوخۆییەكان و ئەنجامدانی ریفراندۆم بو لەم هەلومەرجەدا بەبێ‌ زەمینەسازی.

بڕیاردان لەلایەن سەركردایەتی  چەند حیزبێكی كوردستان، كە هەر رۆژەی لەژێر ناوێكی داتاشراوەوە دەردەكەون، بەبێ‌ گوێدانە یەكڕیزیی نیشتمانی و بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی، هەنگاوێكی مەترسیدارە لەسەر دواڕۆژی گەلەكەمان، ئەم هەنگاوەیان بوەتە مایەی پەراوێز خستنی رۆڵی دامەزراوە شەرعیەكانی كوردستان. كاراكردنەوەی پەرلەمان لەدوای دو ساڵ پەكخستنی بەو شێوازەی ئێستا‌و هەوڵەكانیان بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی گشتی‌و بەكارهێنانی پەرلەمان بۆ شەرعیەتدان بە بڕیارە كەسی و حیزبیەكانیان‌و پێشێلكردنی بنەماكانی دیموكراسی و مافی هاوڵاتیان، گورزێكی كوشندەی دیكەیە لە خەون و ئامانجەكانی گەلەكەمان. بۆیە ئێمە هەموو ئەو  هەوڵ و هەنگاوانە بە تەواوی رەتدەكەینەوە.

ئێمە لە كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان ، كە سێ یەكی پەرلەمانی كوردستانی عێراق پێكدەهێنین‌و ، نوێنەرایەتی رێژەیەكی بەرچاوی خەڵكی كوردستان دەكەین ، رایدەگەیەنین كە سەركردایەتی ئەو حیزبانە بەرپرسیارن لە هەر مەترسی و هەڕەشەیەك كە لە ئەنجامی بڕیاری هەڵەی ئەوانەوە روبەڕوی خەڵكی كوردستان دەبێتەوە. لەسەر حكومەتی فیدراڵی عێراقیش پێویستە هیچ هەنگاوێك نەنێت كە ببێتە مایەی تێكدانی ئارامی ‌و خوێنڕژانی هاوڵاتیان، بەڵكو گفتوگۆو دانوستان تاكە رێگای چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی  فیدراڵیە.


   بزوتنەوەی گۆڕان                             كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان        
                                                            12/10/2017

13/10/2017
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .