شۆڕش حاجی: دەبێت ئەو سەرکردایەتیە شکستخواردوە دەست لەکاربکێشێتەوە
د.شۆڕش حاجی رایدەگەیەنێت: باشترین چارەسەر بۆ دۆخی ئێستای هەرێم ئەوەیە ئەو سەرکردایەتییە شکستخواردوە چەواشەکارەی ئێستا دەست لە پۆستەکانیان بکێشنەوە و هەڵبژاردن لە وادەی یاسایی خۆی ئەنجامبدرێت و پەرلەمان و حکومەتی ئایندەی هەرێمی کوردستان  دەست بە گفتوگۆی  بنیاتنەرانەی هاوسەنگ بکەن لەگەڵ بەغدا بۆ دەستبەرکردنی هەمو مافە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان.

د.شۆڕش حاجی‌، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: سەرکردایەتی یەکێتی و پارتی و ئەوانەی هاوئاوازیانن، ئەگەر بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانیان بویستایە، وەک چۆن ئێمە داوامان کرد و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوایکرد دەبو ریفراندۆم دوابخەن و نامەکەی رێکیس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکایان لەبەرچاوبگرتایە.

وتشی :"لەوکاتەی هەمو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جەختی لەوە کردەوە کە ریفراندۆم دوابخرێت و بۆ یەکەمجار لەمێژوی کورددا نەتەوە یەکگرتوەکان ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، سێ دەوڵەتی گەورەی زلهێزی جیهان (ئەمەریکا و بەریتانیا و فەرەنسا) و یەکێتی ئەوروپاش ئامادەبون نێوەندگیری لەنێوان هەولێر و بەغدا بکەن، ئەوکاتەی رێکس تیلەرسن نامەیەکی فەرمی بۆ سەرکردایەتی سیاسی کورد نوسی و تیایدا ئامادەیی نیشاندا نێوەندگیری بکەن و ئەگەر لەماوەی ساڵێکدا ئەم نێوەندگیرییە سەری نەگرت ئەوان پشتگیریی لە ریفراندۆم دەکەن".

ئەندامەکەی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان، جەختی کردەوە؛ ئەگەر سەرکردایەتی یەکێتی و پارتی و ئەو حیزبانەی کە هاوئاواز و هاوڕای ئەوانن، بیریان لە بەرژەوەندی گەلەکەمان بکردایەتەوە دەبو بە قسەی خەڵکی کوردستانیان بکردایە و بەقسەی هێز و لایەنە نیشتیمانییە دڵسۆزەکانی کوردستانیان بکردایە، بەقسەی دۆستەکانی گەلی کوردیان بکردایە، ریفراندۆمیان ئەنجام نەدایە و بە یەکڕیزیی و بەبەرنامەیەکی نیشتیمانی لەگەڵ بەغدا بەپێی دەستور بۆ دەستبەرکردنی مافە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان، لە چوارچێوەی عێراقدا گفتوگۆیان بکردایە.

وتیشی :"بەگوێنەگرتن لە داخوازیی ناوخۆیی و دۆستەکان، سەرکردایەتی یەکێتی و پارتی و ئەو حیزب و لایەنانەی لەگەڵیاندان، یەکڕیزیی نیشتیمانیان زیاتر تێکدا و میلەتەکەمانیان زیاتر دابەشکرد و پشتیوانیە نێودەوڵەتییەکەشیان لەدەستی گەلی کورد دا".

وتیشی :"ئەوانەی لەکاتی ریفراندۆمدا بانگەشەیان بۆ ئەوە دەکرد، کە تاکە خاڵی دانوستانیان دوای ریفراندۆم ئەوەیە چۆن ببین بە دو دراوسێی باش لەگەڵ بەغدا، ئەگەرچی بە ئەنجامدانی ریفراندۆم یەکڕیزییان تێکدا و ئەگەر بە تەزویر و هەرچییەک بێت، رایانگەیاند زۆرینەی خەڵکی کوردستان دەنگیان بەسەربەخۆیی دا، بەڵام ئەوان ئەنجامەکانیان فەرامۆش کرد و ئێستا ئامادەن لەسەر خاڵەکانی ناو نامەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پێش ریفراندۆم و لە خاڵی سفرەوە دانوستان لەگەڵ بەغدا دەکەن".

سەبارەت بە پرسی یەکڕیزیی نیشتیمانی، کە ئەمڕۆ یەکێتی و پارتی لە بەیاننامەکەیاندا باسیان کردوە، د.شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: سەرکردایەتییە شکستخواردوە چەواشەکارەکەی کورد، هەمیشە لەکاتی شکستدا دەیەوێت خەڵک بەکاربهێنێت وەک بارمتە، یان خەڵک شەریک بکات لە شکستەکانی خۆی، یەکڕیزیی نیشتیمانی لەوە دەستەبەر دەکرا کە پەرلەمانیان بەهێزی چەکدار پەکنەخستایە، بەو هێزە چەکدارەی کە دەڵێن نابێت لە ململانێیی سیاسی بەکاربهێنرێت، دوای ئەوەی کە ئاشتی کۆمەڵایەتی و یەکڕیزیی نیشتیمانی کوردستانیان تێکدا، ئێستاش بۆ وروژاندنی هەستی خەڵک یەکڕیزیی بەکاردەهێنن.

د.شۆڕش حاجی هەڵوێستی بزوتنەوەی گۆڕانی دوپات کردەوە کە هەر لە سەرەتاوە پێداگرییان کردوە کە لەگەڵ مافی چارەنوسی گەلی کوردستاندان تا سەربەخۆیی و بۆ ئەوەش پێویستە، پایەکانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دروست بکرێت پێش دامەزراندنی، بەڵام ریفراندۆمی ئەمجارە، نە بۆ دەوڵەت بوە نە بۆ سەربەخۆیی بوە، بەڵکو بۆ کۆمەڵێک بەرژەوەندی کەسی و حیزبی بوە.

وتیشی :"هەمو روداوەکانی دوای ریفراندۆم و پێش ریفراندۆم بەڵگەن لەسەر شکستی ئەو سەرکردایەتییە شکستخواردوە چەواشەکارە، ئەو دەسەڵاتە سیاسییە شکستی هێناوە و گەلەکەمانی خستوەتە بەردەم هەڕەشە و مەترسییەکی راستەقینەی گەورەوە لە ئەنجامی بەرژەوەندییە کەسی و حیزبیەکانی خۆیان".

جەختی کردەوە کە؛ باشترین رێگەچارە بۆ دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان پێویستە هەڵبژاردنی لەکاتی خۆی بکرێت و ئەوسەرکردایەتییە شکستخواردوە دەست لە پۆستەکانیان بکێشنەوە و هەڵبژاردن لە وادەی یاسایی خۆی ئەنجامبدرێت و پەرلەمان و حکومەتی ئایندەی هەرێمی کوردستان  دەست بە گفتوگۆی  بنیاتنەرانەی هاوسەنگ بکەن لەگەڵ بەغدا بۆ دەستبەرکردنی هەمو مافە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا.
16/10/2017
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .