راگەیەندراوێک لە بزوتنەوەی گۆڕانەوە
بزوتنەوەی گۆڕان راگەیەندراوێک سەبارەت بە روداوەکانی ئەمڕۆ بڵاودەکاتەوە و بەپێویستی دەزانێت کە؛ هەمو دامودەزگاکانی دەسەڵات ‌و حوکمڕانی هەڵبوەشێتەوەو لەسەر بنەمایەکی نیشتیمانی تەندروست دابڕێژرێنەوەو دەسەڵاتدارانی هەرێم، ئەوانەی بەرپرسن لەوەی ئەم رۆژەیان بەسەر گەلەکەماندا هێنا دەستلەکاربکێشنەوە.

دەقی راگەیەندراوەکە:

راگەیەندراوێک بۆ رای گشتی دەربارەی روداوەکانی ئەمڕۆ

هاونیشتمانیانی کوردستان

لە ئێستادا، بەهۆی ئەنجامدانی ئەو ریفراندۆمە بێ بەرنامەیەی پارتی‌و یەکێتی‌و هاوڕاکانیان لەم هەلومەرجە نەگونجاوەدا، هیچ کاتێک خەڵکی کوردستان‌و دەسکەوتەکانمان‌و دواڕۆژی گەلەکەمان هێندەی ئێستا لە بەردەم مەترسی‌و هەڕەشەی ترسناک‌و نادیاردا نەبوە. هەمو ئەوانەش لە ئەنجامی سیاسەتی شکستخواردو و هەستنەکردن بە بەرپرسیارێتی دەسەڵاتدارانی کوردستانە. لە ئێستادا نەک تەنها ژیان‌و ئاسایشی هاوڵاتیان‌، بەڵکو هەمو دەسکەوتەکانمان‌و ئەزمونی حوکمڕانی لەبەردەم ئاڵنگاری گەورەدان. بەرپرسیارێتی ئەو ئەگەرانەش لە ئەستۆی ئەوانەدایە کە خوێن‌و فرمێسکی گەلەکەمانیان بۆ بەرژەوەندی کەسی‌و حیزبی بەکارهێنا.

هێزی پێشمەرگەی کوردستان‌و خەڵکی خۆراگری کوردستان بە گشتی‌و، هاوڵاتیانی پارێزگای کەرکوک بە تایبەتی، لە شەڕی روبەڕوبونەوەی تیرۆریستان‌و داگیرکەرانی کوردستاندا ببونە سیمبوڵی خۆڕاگری‌و شانازی گەلەکەمان. بەڵام دەسەڵاتدارانی کوردستان لە ئەنجامی سیاسەتە بەرژەوەندیخوازو شکستخواردوەکانیان‌و نەخوێندنەوە بۆ ئەگەرو پێشهاتەکان وایانکرد هەمو ئەو سەروەریانە بکەونە مەترسییەوە.

ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان بە توندی ئیدانەی ئەم پەلامارانە دەکەین‌و هاوخەمی خۆمان بۆ کەسوکاری شەهیدەکان‌و بریندارەکان‌و ئاوارەبونی هاوڵاتیان‌و بەتاڵانبردنی موڵکوماڵیان رادەگەیەنین. هەروەها داوا دەکەین:

• کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەم شەڕە وێرانکارییە رابگرن‌و رێگە نەدەن حکومەتی عیراق ژیان و ئاسایشی هاوڵاتیان بخاتە مەترسییەوە. هەروەها داوا لە حکومەتی بەغدا دەکەین دەسبەجێ پەلامارەکانیان بۆ سەر خاک‌و هاوڵاتیانی کوردستان رابگرن‌و لەو شوێنانە بکشێنەوە کە کۆنتڕۆڵیان کردوەو گفتوگۆ بکەنە بەدیلی شەڕو خوێنڕشتن. ناکرێ ئەنجامدانی ریفراندۆم بکرێتە پاساو بۆ پێشێلکرنی دەسکەوت‌و مافە نیشتمانی‌و نەتەوەییەکانمان‌. لەو پێناوەشدا بزوتنەوەی گۆڕان ئامادەیە بە ئەرکی نیشتمانی خۆی هەستێ بۆ گفتوگۆ لە پێناوی چارەسەرکردنی کێشەکان.
• هەمو هێزو کەسایەتی‌و لایەنە سیاسییە نیشتمانییەکانی کوردستان‌و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بە ئەرکو بەرپرسیاریێتی نیشتمانی خۆیان هەستن‌و نەخشەیەکی گشتگیر بۆ دەربازکردنی گەلەکەمان دارێژین‌و هەنگاوی کرداری بنێین بۆ دەرچون لەم قەیرانە ترسناکە. نابێ لەژێر هیچ فشارێکدا دەسبەرداری مافە دەستوریییەکانمان‌و ئەو دەسکەوتانە بین، کە بە خوێنی رۆڵەکانی گەلەکەمان بەدەستهاتون.

• هەمو دامودەزگاکانی دەسەڵات‌و حوکمڕانی هەڵبوەشێتەوەو لەسەر بنەمایەکی نیشتمانی تەندروست دابڕێژرێنەوەو دەسەڵاتدارانی هەرێم، ئەوانەی بەرپرسن لەوەی ئەم رۆژەیان بەسەر گەلەکەماندا هێنا دەستلەکاربکێشنەوە، وەک چۆن خۆیان لە راگەیاندنەکاندا دەیانوت ئەنجامی خراپی ریفراندۆم لە ئەستۆ دەگرن. هەروەها داوا دەکەین حکومەتێکی رزگاری نیشتمانی کاتی دابمەزرێ تا ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی بێگەردی گشتی.

بزوتنەوەی گۆڕان

16/10/2017

17/10/2017
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .