ده‌قی‌ به‌یاننامه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
ئەمڕۆ ١٩/١٠/٢٠١٧ کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان‌و بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵسەنگاندنی ئەم هەلومەرجە نەخوازراوەی، کە لە ئەنجامی سیاسەتی بەرژەوەندیخوازانەو شکستخواردوی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و هاوڕاکانیان، بەسەر گەلەکەماندا هاتوە کۆبونەوە. لە کۆبونەوەکەدا جگە لە تاوتوێکردنی ئەگەرەکان، نەخشەرێگایەک بۆ روبەڕوبونەوەی ئەم قەیرانە‌و دەرچون لەم بارودۆخە داڕێژراو پەسەندکرا.
ئێمە لە کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان‌و بزوتنەوەی گۆڕان بە پێویستی دەزانین جەخت لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەینەوە:
یەکەم: پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان‌و داکۆکیکردن لە مافە نەتەوەیی‌و نیشتیمانییەکانی خەڵکی کوردستان، و چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا. دژی هەمو هەوڵو نیازێکین بۆ پارچەپارچەکردنی قەوارەی دەستوریی هەرێمی کوردستان‌و گەڕانەوە بۆ دواوە.
دوەم: داوا لە هەمو هێز‌و لایەن‌و کەسایەتییە نیشتیمانپەروەرەکانی کوردستان دەکەین، کە هەمومان بەیەکەوە بەرنامەیەکی گشتگیر دابڕێژین بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی گەلەکەمان‌و دروستکردنی حکومەتێکی رزگاری نیشتیمانی بۆ ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردنێکی بێگەردی گشتی بەچاودێری نەتەوە یەکگرتوەکان. هەروەها پشتیوانی خۆمان بۆ راپۆرتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رادەگەیەنین لەمەڕ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی‌و چەسپاندنی پرەنسیپەکانی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان‌و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی فیدڕاڵی، لەرێگەی گفتوگۆ.
سێیەم: ئیدانەی هەمو ئەو تاوان‌و دەستدرێژی‌و پەلامارانەی هەندێک لە یەکەکانی حەشدی شەعبی دەیکەن، کە لەچەند رۆژی رابردو بەرامبەر هاوڵاتیانی دوزو کەرکوک‌و شوێنەکانی تر کردویانە‌و سوکایەتییان بە ئاڵای کوردستان کردوە. پێویستە حکومەتی فیدراڵی رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ کۆتاییهێنان بەوکارانە‌و تاوانباران رادەستی دادگا بکات و بڕیاری پێویست بدات بۆ ئاساییکردنەوەی باردۆخی دوزخورماتو و گەڕانەوەی ئاوارەکان و قەرەبوکردنەوەیان. نابێت ئەنجامدانی ریفراندۆم لەم کاتەدا بکرێ بە پاساو بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای دوژمنکارانە بەرامبەر گەلەکەمان‌و تۆڵەسەندنەوە لە هاوڵاتییانی کوردستان.

بزوتنەوەی گۆڕان                                            کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان


١٩/١٠/٢٠١٧




.
20/10/2017
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .