چله‌ی‌ ماتەمینی پێشمه‌رگه‌ی‌ دێرین حه‌مه‌ ئاوات به‌ڕێوه‌چو

مه‌راسیمی‌ چله‌ی‌ ماته‌مینی‌ حه‌مه‌ ئاوات شێخ سدیق تێكۆشه‌ری‌ دێرین و ئه‌ندامی‌ جڤاتی‌ گشتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌سلێمانی‌ به‌ڕێوه‌چو، له‌ وتاری‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان و پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان و هاوڕێیانیدا خه‌بات و ماندوبونی‌ حه‌مه‌ ئاوات له‌ شاخ و شار به‌رنرخێنرا، بنه‌ماڵه‌ی‌ حه‌مه‌ ئاواتیش رایانگه‌یاند؛ كۆچكردو هه‌مو ته‌مه‌نی‌ بۆ خزمه‌تی‌ گه‌له‌كه‌ی‌ ته‌رخان كردو له‌ هه‌مو وێستگه‌كانی‌ خه‌باتیدا به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتی‌ ئامانجی‌ بوه‌.

به‌ ئاماده‌بونی‌ هاوڕێیان و هاوسه‌نگه‌ران و كه‌سوكار و بنه‌ماڵه‌كه‌ی‌، مه‌راسیمی‌ چله‌ی‌ تێكۆشه‌ر و پێشمه‌رگه‌ی‌ دێرین و ئه‌ندامی‌ جڤاتی‌ گشتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ هۆڵی‌ رۆشنبیری‌ سلێمانی‌ به‌ڕێوه‌چو.

له‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا (40) مۆم بۆ رێزلێنان له‌ خه‌بات و ماندوبونی‌ ئه‌و تێكۆشه‌ره‌ی‌ كورد داگیرسێندران.

له‌ وتاری‌ هاوڕێیانی‌ سه‌رده‌می‌ قۆناغی‌ گه‌نجێتی‌ و خه‌باتی‌ پێشمه‌رگایه‌تیدا ئاماژه‌ به‌ رۆڵ و ماندوبونی‌ حه‌مه‌ ئاوات درا له‌ قۆناغه‌ جیاجیاكانی‌ خه‌باتدا كه‌ هه‌میشه‌ له‌به‌ره‌ی‌ پێشه‌وه‌ی‌ میله‌ته‌كه‌ی‌ بوه‌و دژی‌ زوڵم و زۆرداری‌ و نادادپه‌روه‌ری‌ وه‌ستاوه‌ته‌وه‌.

له‌ به‌شێكی‌ تری‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا بروسكه‌ی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی‌ كوردستان خوێنرایه‌وه‌و كه‌سوكاره‌كه‌شی‌ رایانگه‌یاند؛ شانازی‌ به‌سه‌رجه‌م وێستگه‌كانی‌ خه‌باتی‌ حه‌مه‌ ئاواته‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هه‌مو ته‌مه‌نی‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ گه‌ل و نیشتیمانه‌كه‌ی‌ ته‌رخانكردبو.

حه‌مه‌ ئاوات شێخ سدیق له‌ساڵی‌ (1953) له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ دایك بوه‌، له‌ كۆتایی‌ شه‌سته‌كاندا ده‌بێته‌ ئه‌ندامی‌ یه‌كێتی‌ قوتابیان، له‌ساڵی‌ (1974) به‌شداری‌ شۆڕشی‌ ئه‌یلولی‌ كردوه‌، ساڵی‌ (1975) په‌یوه‌ندی‌ به‌ڕیزه‌كانی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ ره‌نجده‌رانه‌وه‌ كردوه‌و ساڵی‌ (1978) بوه‌ته‌ پێشمه‌رگه‌، له‌ ئابی‌ هه‌مان ساڵدا به‌سه‌ختی‌ بریندار ده‌بێت، یه‌كێك له‌ دامه‌زرێنه‌رانی‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ شۆِرش، به‌شداری‌ هه‌ر سێ‌ كۆنفرانسه‌كه‌ی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ ره‌نجده‌رانی‌ كردوه‌، یه‌كێك بوه‌ له‌ دامه‌زرێنه‌رانی‌ ئاڵای‌ شۆڕش.

ساڵی‌ (1994) ژیانی‌ هاوسه‌رگیری‌ پێكهێناوه‌و خاوه‌نی‌ دو مناڵه‌ به‌ناوه‌كانی‌ مینا و شه‌م، یه‌كێك بوه‌ له‌ دامه‌زرێنه‌رانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان و ئه‌ندامی‌ جڤاتی‌ گشتی‌ بوه‌، ڕۆژی‌ (11) ئه‌یلول به‌هۆی‌ نه‌خۆشیه‌وه‌ له‌ سلێمانی‌ كۆچی‌ دوایی‌ كرد.




.
22/10/2017
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .