ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەی گۆڕان و کۆمەڵ

بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی، پرۆژەی هاوبەشی نێوانیان بۆ کۆکردنەوەی هێزو لایەنە سیاسییەکان و پێکهێنانی حکومەتی رزگاریی نیشتیمانی و دەربازکردنی هەرێم لەو دۆخەی تێیکەوتوە، تاوتوێ دەکەن.

ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌، له‌ باره‌گای ئه‌نجومه‌نی سیاسی كۆمه‌ڵ له‌ شاری سلێمانی، كۆمه‌ڵی ئیسلامی کوردستان و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌سه‌ر ئاستی باڵا كۆبونه‌وه‌. كۆبونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت بو‌ به‌ پرۆژه‌ی‌ ئەو دو لایەنە بۆ كۆكردنه‌وه‌ی‌ هێز و لایه‌نه‌كان و جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌ركه‌كانی‌ ئه‌م قۆناغه‌ و پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ رزگاریی‌ نیشتیمانی‌ و رزگاركردنی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌م بارودۆخه‌ دژواره‌ی‌ تێیكه‌وتوه‌.

محه‌مه‌د حه‌كیم، كارگێڕی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سیاسی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ رایگه‌یاند: كۆبونه‌وه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی‌ په‌رۆشیمانه‌ بۆ رزگاركردنی‌ هه‌رێم له‌و دۆخه‌ی‌ كه‌ تێیكه‌وتوه‌ كه‌ له‌ سایه‌ی‌ ئه‌ندازیارانی‌ ریفراندۆمە سەقەتەکەوە نیوه‌ی‌ خاكی‌ هه‌رێمیان له‌ده‌ستدا و زیاتر لە (100) شەهیدی بۆ خانەوادەکانیان گەڕاندەوە و دەیان ماڵ سوتاون و هەزاران خێزان ئاوارەبون.

وتیشی :”هەمو ئەگەرەکان تاوتوێ دەکەین، بەهەمو لایەکدا جوڵەی خۆمان دەست پێدەکەین، بەڕوی عێراق و وڵاتانی دەرەوە وەکو تورکیا و ئێران و ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا و لەسەر ئاستی ناوخۆش لە پەیوەندیداین لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و یەکێتی و پارتیش، ئێمە قبوڵمان نییە دۆخی هەرێمی کوردستان وەک پێش (16/10) بێت، دەبێت گۆڕانکاریی تێدابێت”.

جەختی کردەوە؛ پێویستە دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان یان نەمێنێت، یان بەشێوەیەکی دیکە قسەی لەسەر بکەین، لەگەڵ لایەنەکان گفتۆگۆ دەکەن بۆ پێکهێنانی حکومەتی رزگاریی نیشتیمانی کە هەمو لایەنەکان بگرێتەوە و ببێتە جێی ئومێدی خەڵکی کوردستان، سێ ئەرکی سەرەکی هەبێت ئەویش چاککردنی ئەم دۆخە بەتایبەتی بژێوی خەڵکی کوردستان و ئیدارەکردنی گفتوگۆیەکی جیاواز لە جاران، جیاواز لەوانەی کە دەچون بۆ مەبەستی خۆیان، بۆ بەرژەوەندی و پۆست و بەرژەوەندی خۆیان گفتۆگۆیان لەگەڵ بەغدا دەکرد، پێویستە ئەمجارە وەفدێکی نیشتیمانی پێکبهێنرێت، نوێنەرایەتی هەمو خەڵکی کوردستان بکەن، ئەرکێکی دیکەی ئامادەسازییە بۆ هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد، لەژێر چاودێری عێراق و ئەگەر بکرێت نەتەوە یەکگرتوەکانیش سەرپەرشتی و چاودێریی بکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد؛ هەنگاوە کردەییەکان دەست پێدەکەن و هەمو شتێک بۆ رای گشتی و خەڵکی کوردستان ئاشکرا دەکەن و داوای بەدەمەوەچونی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان دەکەن و هەر لەمپەرێک لەهەر لایەن و حیزبێکەوە بێتە رێگەیان بۆ چاککردنی دۆخەکە خەڵکی کوردستان لێ ئاگادار دەکەنەوە.

وه‌فدی باڵای بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پێکهاتبون لە عومه‌ر سه‌ید عه‌لی رێكخه‌ری گشتی و عوسمان حاجی مه‌حمود و جه‌لال جه‌وهه‌ر ئه‌ندامانی خانه‌ی راپه‌ڕاندنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و وەفدی باڵای كۆمه‌ڵی ئیسلامی پێکهاتبون لە عه‌لی باپیر ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی کوردستان و محه‌مه‌د حه‌كیم و دلێر گه‌رمیانی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی سیاسی كۆمه‌ڵی ئیسلامی.

24/10/2017
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .