راگەیەندراوێک لە گۆڕان و کۆمەڵ و هاوپەیمانی بۆ دیموکراسییەوە

بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان و هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و جەختیان لەسەر پاراستنی قەوارەی سیاسی هەرێم و یەکڕیزیی و پێکهێنانی حکومەتی کاتی و هەڵوەشاندنەوەی سەرۆکایەتی هەرێم کردوەتەوە.

ده‌قی‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

به‌ناوی‌ خوای‌ به‌خشنده‌ی‌ میهره‌بان

راگه‌یه‌ندراوێك بۆ رای‌ گشتی‌

بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ قه‌یران و شكست و كاره‌ساته‌كانی‌ سیاسی‌ و سه‌ربازی‌ له‌ كوردستان، پارێزگاری‌ له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانمان، راستكردنه‌وه‌ی‌ رێڕه‌وی‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌، دانانی‌ رێگه‌چاره‌یه‌ك بۆ ئاسایی‌ كردنه‌وه‌ی‌ دۆخی‌ دوز و كه‌ركوك و خانه‌قین و ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان، ئێمه‌ وه‌ك بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ و هاوپه‌یمانی‌ بۆ دیموكراسی‌ و دادپه‌روه‌ری‌ داوا ده‌كه‌ین:

١-قه‌واره‌ی‌ سیاسی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و یه‌كڕیزی‌ گه‌لی‌ كوردستان پارێزراوبێت، میلله‌ته‌كه‌مان رزگاركه‌ین له‌ مه‌ترسییه‌كانی‌ دوبه‌ره‌كی‌ و شه‌ڕی‌ ناوخۆ.

٢-له‌گه‌ڵ هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ كوردستان له‌ هه‌وڵه‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بین بۆ پێكهێنانی‌ حكومه‌تێکی کاتی لە رێگای پارلەمانەوە بۆ به‌ ئه‌نجام گه‌یاندنی‌ ئه‌ركی‌ سه‌ره‌كی‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ مه‌له‌فی‌ گفتوگۆی‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌ له‌گه‌ڵ حکومەتی فیدراڵی و ئاماده‌سازی‌ بۆ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنێكی‌ پاك و بێگه‌رد به‌ چاودێری‌ رێكخراوه‌ بیانییه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان، تەواوکردنی رەشنوسی دەستور بە جۆرێک سیستەمی پارلەمانی تێدا جێگیر بکرێت و ئامادە بکرێت بۆ راپرسی، دانانی بەرنامەو پلان بۆ چاکردنی بژێوی‌ خه‌ڵك.

٣-حكومه‌تی‌ عێراق مامه‌ڵه‌ی‌ له‌ناوچه‌ جێ ناكۆكه‌كان به‌پێی‌ ده‌ستور بێ و كار بۆ ئاسایی‌ كردنه‌وه‌ی‌ بارودۆخی‌ ئه‌و ناوچانه‌ بكات و ئاواره‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر جێگای‌ خۆیان.

٤-دامه‌زراوه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم هه‌ڵوه‌شێته‌وه ‌و ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ به‌پێی‌ یاسا بدرێته‌ دامه‌زراوه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان.

٥-په‌رله‌مانی‌ كوردستان سه‌رچاوه‌ی‌ بڕیار و یاسادانان بێ و هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی‌ سیاسی‌ له‌سه‌روی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ نه‌بێ.

 

هاوپه‌یمانی‌ بۆ دیموكراسی‌ و دادپه‌روه‌ری‌        كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی كوردستان         بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان

٢٠١٧/١٠/٢٣

24/10/2017
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .