نێرده‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان سه‌ردانی‌ گۆڕان دەکات

نێرده‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان داوای‌ كۆتاییهێنان به‌ شه‌ڕ ده‌كات ‌و داوا ده‌كات ئیداره‌یه‌كی‌ هاوبه‌ش له‌ نێوان هه‌رێمی‌ كوردستان ‌و عێراقدا پێكبهێندرێت.

دوانیوه‌ڕۆی‌ ئه‌مڕۆ یانكۆبیج، نێرده‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان له‌ عێراق سه‌ردانی‌ مه‌كۆی‌ سه‌ره‌كی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانی كرد له‌ سلێمانی‌ و له‌گه‌ڵ عومه‌ر سه‌ید عه‌لی‌، رێكخه‌ری‌ گشتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان كۆبۆوه‌، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا كه‌ محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم ئه‌ندامی‌ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندن ‌و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی‌ ژوری‌ په‌یوه‌ندیه‌ دیپلۆماسییه‌كان ئاماده‌ی‌ بون، گفتوگۆ كرا له‌باره‌ی‌ دۆخی‌ دوای‌ ریفراندۆم.

نێرده‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگروتوه‌كان داوای كرد حكومه‌تی‌ هه‌رێم ‌وحكومه‌تی‌ عێراق هه‌رچی زوه‌ شه‌ڕ له‌و ناوچانه‌ رِابگرن كه‌ ئاڵۆزییان تێدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ هاوڵاتیان بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچه‌كانی‌ خۆیان.

ئاماده‌یی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كانیشی‌ بۆ دامه‌زراندنی‌ ئیداره‌یه‌كی‌ هاوبه‌ش ده‌ربڕی‌ له‌ نێوان هه‌رێم ‌و به‌غدا له‌ كه‌ركوك ‌و ناوچه‌كانی‌ دیكه‌.

عومه‌ر سه‌ید عه‌لی‌ رێكخه‌ری‌ گشتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ئاماژه‌ی‌ به‌ هه‌وڵه‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان دا له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان ‌و ئه‌مەریكاو فه‌ره‌نسا بۆ دواخستنی‌ ریفراندۆم، به‌ڵام دواجار به‌ سیاسه‌ت ‌و بریاری‌ تاكلایه‌نه‌ هه‌ر ئه‌نجامدراوه‌و ده‌ره‌نجامه‌كه‌شی‌ ئه‌وه‌بو كه‌ رویدا.

عومەر سەید عەلی باسی له‌و هه‌نگاوانه‌ش كرد كه‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌گه‌ڵ چه‌ند لایه‌نێك ده‌ستیان پێكردوه‌ بۆ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ كاتی‌ ‌و رزگاركردنی‌ هه‌رێم له‌و قه‌یرانه‌ی‌ تێیكه‌وتوه‌.

26/10/2017
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .