راگەیاندراوێک لە ژوری ناوچە کوردستانیە دابڕێندراوەکانى بزوتنەوەى گۆڕانەوە

ژوری ناوچە کوردستانیە دابڕێندراوەکانى بزوتنەوەى گۆڕان راگەیەنراوێک ئاڕاستەى خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسیەکان و رای گشتی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات کە ئەمە دەقەکەیەتى:

 

راگەیاندراوێک لە ژوری ناوچەکوردستانیە دابڕێندراوەکانەوە

خەڵکی بە  شەرەفی کوردستان، لایەنە سیاسیە کوردستانیەکان، رای گشتی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی:

ئێستا لە ئەنجامی سیاسەتی هەڵەی پارتی و یەکێتی بە ناوی ریفراندۆمەوە، تەواوی دەسکەوتەکانی گەلی کورد لە باشوری کوردستان کەوتوەتە بەر هەڕەشە و لەدەستدانی مافەکانی، کە خۆی لە قەوارەی فیدڕالی هەرێمی کوردستان دەبینێتەوە، هەروەها (50%)ى خاکی هەرێمی کوردستان، کە دەکەوێتە ناوچەکوردستانیە دابڕێندراوەکانەوە لە لایەن سوپای عێراق وحەشدی شەعبی کۆنتڕۆڵکراوە و خەڵکەکەی توشی جۆرەها ستەم بونەتەوە، لەوانە کوشت وبڕ وسوتاندن و داگیرکردنی ماڵ و موڵک و هەوڵەکانی گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە بە چڕی سەری هەڵداوەتەوە، بە تایبەت لە قەزای خورماتو،  ئێمە لە ژوری ناوچەکوردستانیە دابڕێندراوەکان پێمانوایە:-

  • رۆژی (16-10-2017) بە هیچ شێوەیەک نەدەبو فەرمان بکرێت بە هێزی پێشمەرگە و ئاسایش، بە تەواوەتی کەرکوک بە جێ بهێڵێن و کەرکوک و ناوچەکوردستانیەکان تەسلیمی هێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبی بکەن و بە تەنها لە ژێر رکێف و رەحمەتی ئەواندا بێت، چونکە ئەو ناوچانە کێشەلەسەرن و دەبێت بە هاوبەشی بەڕێوەببرێت لە نێوان لایەنی کورد ودەوڵەتی عێراقدا، هێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبی چەند مافی بونیان هەیە لەو ناوچانە، لایەنی کوردیش هەمان ئەو مافانەی هەیە.

 

  • پێویستە هەرچی زوە لایەنی کورد داوای چەسپاندنی پرەنسیپی هاوبەشی لە کەرکوک و ناوچەکوردستانیە دابڕێندراوەکان لە روی ئیداری و ئەمنییەوە لە عێراق و ئەمەریکا و هاوپەیمانان بکات، وەک لە دەستوری عێراقی و مادەی (140)دا هاتوە و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش لە رۆژی (21-10-2017) دوپات و جەختی لە سەر ئەو پرەنسیپە کردوەتەوە، کە ئەو ناوچانە هیچ گۆڕانکاری بە سەر ناسنامەیدا نەهاتوە و وەک ناوچەی کێشە لەسەر دەمێننەوە، واتا لە ماوەکانی نێوان (2003-2014) چۆن بوە هەر وا دەمێنێتەوە.

 

  • داوا لە خەڵکی ناوچەکوردستانیە دابڕێندراوەکان دەکەین ئەوەندەی بۆیان دەکرێت شار وشاروچکە وگوندەکانی خۆیان بەجێنەهێڵن، چونکە چۆڵکردن و بەجێهێشتنی ئەو ناوچانە ئاسایشی نەتەوەیی کورد دەخاتە مەترسیەوە و باری دیمۆگرافی دەگۆڕدرێت بە قازانجی نەیارانی کورد.

 

لە کۆتایدا داواکارین لە نوێنەرانی خەڵکی کوردستان لە بەغدا هەرچی زووە سەردانی ناوچە کوردستانیە دابڕێندراوەکان بکەن، بۆ ئەوەی خۆیان لە نزیکەوە ئەو واقیعە ببینن کە بە سەر ناوچەکە و دانیشتوانەکەیدا هاتوە ولە ڕێگای ئەنجومەنی نوێنەران و حکومەتی عێراقەوە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە دابمەزرێنن، کە کار بۆ قەرەبوکرندەوەی زیان لێکەوتوان بەسزاگەیاندنی تاوانباران بکات، هەروەها کار بۆ گێرانەوەیی خەڵکەکە بۆ سەر زێد وناوچەکانی خۆیان و گەرەنتی سەر و ماڵیان بکرێت.

30/10/2017
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .