باڵیۆزانی‌ ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نسا سه‌ردانی‌ گۆڕان ده‌كه‌ن

ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نسا پشتیوانی‌ بۆ گۆڕانكاری‌ و گواستنه‌وه‌ی‌ دیموكراتی‌ له‌ هه‌رێم راده‌گه‌یه‌نن و له‌ كۆبونه‌وه‌یەكدا لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان گفتوگۆ له‌باره‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتو و دروستكردنی‌ حكومه‌تێكی‌ كاتی‌ دەکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە، هەریەک لە سیریل نان باڵیۆزی‌ ئه‌ڵمانیا و برونۆ ئۆبێرت باڵیۆزی‌ فه‌ره‌نسا له‌ عێراق سه‌ردانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانیان كرد و پشتیوانی‌ وڵاته‌كانیان بۆ گۆڕانكاری‌ و گواستنه‌وه‌ی‌ دیموكراتی‌ له‌ هه‌رێم راگه‌یاند.

به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی‌ (تۆڕی میدیای گۆڕان) له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ كراوه‌ له‌باره‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتو له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و دروستكردنی‌ حكومه‌تێكی‌ كاتی‌ و پاراستنی‌ یه‌كپارچه‌یی سیاسی‌ و ئیداریی‌ هه‌رێم.

له‌ دیداره‌كه‌دا عومەر سەید عەلی، رێكخه‌ری‌ گشتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان رایگه‌یاند؛ گۆڕان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا بوه‌ هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێم له‌كاتی‌ خۆیدا به‌ڕێوه‌بچێت، به‌ڵام ئێستا كه‌ دواخراوه‌ ده‌یانه‌وێت به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردن تۆماری‌ ده‌نگده‌ران پاكبكرێته‌وه‌.

رێكخه‌ری‌ گشتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ئاماژەی بەهەڵوێستی بزوتنەوەکەی کرد کە؛ دژی‌ هه‌ر هه‌وڵێكه‌ بۆ دابه‌شكردنی‌ كوردستان، به‌ڵام حكومه‌تی‌ هه‌رێم شكستی‌ خواردوه‌ و ده‌بێت حكومه‌تێكی‌ نوێ پێكبهێنرێت به‌مه‌به‌ستی‌ ئاماده‌كاریی كردن بۆ هه‌ڵبژاردن.

لەبەرامبەردا، باڵیۆزانی‌ ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نسا بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانیان ئاگاداركرد له‌وه‌ی‌ وڵاته‌كانیان پشتیوانی‌ گۆڕانكاری‌ و گواستنه‌وه‌ی‌ دیموكراتی‌ و به‌دامه‌زراوه‌یی كردنی‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ هه‌رێم ده‌كه‌ن.

01/11/2017
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .