عومه‌ر سه‌ید عه‌لی: پشكی زۆربه‌ی شكسته‌كانی ئه‌مڕۆ له‌ ئه‌ستۆی بارزانیدایه‌

عومه‌ر سه‌ید عه‌لی، رێكخه‌ری‌ گشتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان رایده‌گه‌یه‌نێت: ئه‌و شكسته‌ی‌ به‌سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستاندا هات، شكستی ریفراندۆمه‌و هاوشێوه‌ی شكستی ساڵی حه‌فتاو پێنجه‌، ئه‌و شكسته‌ی‌ ئێستا شكستی په‌نگخواردوی (25) ساڵی حوكمڕانیه‌، دەشڵێت: سه‌رچاوه‌ی هه‌مو كێشه‌و گرفته‌كانی كوردستان سیستمه‌كه‌یه‌تی، بۆیه‌ ئێستا بۆ رزگاركردنی میلله‌ته‌كه‌مان سه‌رقاڵی دروستكردنی حكومه‌تی رزگاری نیشتیمانین.

له‌ دیدارێكدا لەگەڵ کەناڵی (KNN)، عومه‌ر سه‌ید عه‌لی‌، رێكخه‌ری‌ گشتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان رایده‌گه‌یه‌نێت :هه‌رێمی‌ كوردستان توشی شكستێك بوه‌ كه‌ هاوشێوه‌ی شكستی ساڵی حه‌فتاو پێنجه‌ و به‌رهه‌می‌ (25) ساڵ حكمومكڕانیه‌.

نیگه‌رانیه‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌سه‌رزای‌ رێكخه‌ری‌ گشتیه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یه‌كێتی‌ و یه‌كگرتوه‌ لایه‌نه‌كان بێده‌نگ بون له‌ئاستی‌ پارتی‌ كاتێك ده‌رگای‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانی‌ داخست.

رێكخه‌ری‌ گشتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ئاشكرایده‌كات له‌گه‌ل هه‌مو ئه‌و داواكاریانه‌ی‌ كردومانه‌ ئه‌گه‌ر نه‌هاتن به‌ده‌م داواكاریه‌كانمانه‌وه‌ ئه‌وا پێشنازو رێگه‌ی‌ تر هه‌یه‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان بیگرێته‌به‌ر، له‌باره‌ی‌ پشتیوانیه‌كانی‌ شه‌قامیشه‌وه‌ ده‌ڵێت: وه‌ك هه‌میشه‌ خۆمان به‌ پشتیوان‌و داكۆكیكاری‌ داخوازییه‌كانی شه‌قام ده‌زانین.

له‌باره‌ی‌ هه‌ڵوێسته‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانیش كه‌ ته‌نها له‌چوار چێوه‌ی‌ به‌یاننامه‌دایه‌ رێكخه‌ری‌ گشتی‌ ده‌ڵێت ئه‌وانه‌ هه‌ڵوێستی‌ سیاسین هه‌ڵوێستی‌ سیاسیش ده‌بێته‌ به‌رنامه‌ و كار و كردار.

 

 دەقی دیمانەکە

* کاک عومەر ئەو دۆخەی کە ئەمڕۆ رویداوە و بەتایبەتیش لەدوای پرۆسەی ریفراندۆمەوە هەرێمی کوردستان روبەروی کۆمەڵێک قەیران بۆتەوە، تێڕوانینی ئێوە چیە لەسەر ئەم دۆخەی ئەمڕۆ؟

عومەر سەید عەلی: ئەم بارودۆخەی لە هەرێمی کوردستان رویدا، بارودۆخێکی سەخت و دژوارە، گەلەکەمان و حکومەتی هەرێمیش لەگەڵیدا و جوڵانەوەکە توشی شکستێکی گەورە بوە، ئەم شکستەش ئەو دەسەڵاتە لێی بەرپرسە کە یەکێتی و پارتی پیادەیان کرد و لایەنە سیاسییەکانی دیکەشیان راکێشا بۆلای خۆیان کە ریفراندۆم بکەن و ئەنجامەکەشی بەمە شکایەوە، بەتایبەتیش لەدوای (16)ی ئۆکتۆبەرەوە ئەم ئەنجامی دا بەدەستەوە کە لەسەدا پەنجای خاکی هەرێم بکەوێتەوە دەست حکومەتی ئیتیحادی

* واتە پێتان وایە هەرێمی کوردستان روبەڕوی شکستی گەورە بوەتەوە؟

عومەر سەید عەلی: بەڵێ بە دڵنیاییەوە، ئەو شکستە هاوشێوەی شکستی ساڵانی (1975) وایە و هێشتا ئەو روداوە لەلای هەردو حیزبی دەسەڵاتدار گەرماوگەرمە و دەڵیی بە خۆیان نەزانیوە، بۆیە هەردو حیزبی دەسەڵاتدار و ئەوانەشی بەشداربون لە ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم لەو شکستە بەرپرسن

* پێتانوایە ئەو دو حیزبە دەیهێننە سەر خۆیان، کە روبەڕوی ئەم کارەسات و ئەم شکستە بونەتەوە؟

عومەر سەید عەلی: وەک وتم تائێستا گەرما و گەرمە لای ئەوان و هەستیان پێ نەکردوە و ناشیانەوێ بیخەنە سەر خۆیان، بەڵام بەڵێ ئەوان بەرپرسی یەکەمن لەو شکستەی بەسەر گەلەکەمان هاتوە، ئەو شکستەش هی ئەمڕۆ نیە، بەڵکو شکستی (25) ساڵ حکومڕانییە، چونکە دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری و دارایی و ئەمنی و پێشمەرگە و دیپلۆماسییەت و هەموشتێکیان بۆخۆیان قۆرخ کردبو، بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کە بە (38) کورسییەوە ئەوانەی هەمو قۆرخ کردبو، وە یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش لەپێناوی هەندێک پلە و پۆست و دەستکەوتی کەسی ببون بە پاشکۆی ئەو سیاسەتە.

* ئەمەی ئەمڕۆ بەرای بەرێزتان دەرەنجامە؟

عومەر سەید عەلی: بەڵێ ئەوە دەرەنجامە و دواترینیان ریفراندۆم بو، کە ئێمە لەگەڵ ریفراندۆم و سەربەخۆیی گەلی کوردداین، لەگەڵ گەڕانەوەی ناوچە دابڕێندراوەکانیان، بەڵام ئێستا کاتی ریفراندۆم نیە و پێویست بو ریفراندۆم دوابخرێت و رەوانەی پەرلەمان بکرایە و گفتوگۆی لەسەربکرایە و بە یاسا دەرچوایە و سەرجەم لایەنە ئیجابی و سلبییەکانیشی تاوتوێ بکرایە، بەڵام ئەوان بە زۆرە ملێ ئەوەیان بەسەر گەلەکەماندا سەپاند.

* لەدوای ریفراندۆم و بەتایبەتیش لەدوای (16)ی ئۆکتۆبەرەوە، یەکێک لەو حاڵەتانی رویدا وازهێنانی مەسعود بارزانی بو لە پۆستەکەی و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی بو بەسەر پەرلەمان و حکومەت و دەسەڵاتی دادوەریدا، تێڕوانینی ئێوە چیە بەرامبەر بەمە، وە پێتان وایە ئەمە کۆتایی بەکێشەکان دەهێنێت، بەتایبەتیش کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم؟

عومەر سەید عەلی: وەک وتم ئەمانە قۆرخی دەسەڵاتیان کردوە، کاک مەسعود دو ساڵ بو زیاتر کە لەروی یاساییەوە پۆستەکەی لەژێر پرسیاردا بو، وە مافی ئەوەی نەبو کە ئەو پۆستە وەربگرێت و وەکو سەرۆکی هەرێم مومارەسەی دەسەڵاتەکانی بکات، بەڵام ئەنجومەنی شورا کە نە دەسەڵاتی ئەوەی هەیە، ماوەی دو ساڵی بۆ درێژکردوە و کاک مەسعود بە ناشەرعی ئەو پۆستەی وەرگرتبو، وە کە سەرۆکی هەرێمیش بو، زۆربەی ئەو شتانە دەکەوێت ئەستۆی ئەو، وە ئەو شکستە دەبێت ئەو بەرپرسیارێتییەکەی هەڵبگرێت، هەربۆیە ئێمە وەکو بزوتنەوەی گۆڕان ئەو دو ساڵەی بۆی درێژکرایەوە، لەگەڵیدا نەبوین و باجی ئەوەشمان دا، پەرلەمان کە سەرۆکەکەی لە ئێمە بو، دایانخست و وەزیرەکانیان دەرکردین، بەداخەوە یەکێتی و یەکگرتوی ئیسلامی و لایەنەکانی دیکە نەهاتن بپرسن کە بە چ حەقێک ئێوە پەرلەمان دادەخەن کە (38) کورسیتان هەیە و پارتی ئەوەی گرێدابو بەوەی رێککەوتنێکی سیاسییان لەگەڵ گۆڕان هەبوە، باشە ئەگەر رێککەوتن هەیە بۆچی پەرلەمان پەکبخرێت؟، بۆیە ئەو لایەنانەی تریش بون بە شەریکی پارتی لەو پرۆسەیەدا و بون بە پاشکۆی سیاسەتەکانی پارتی، هەربۆیە کە کاک مەسعود وازی هێناوە، ئێمە هەر لە سەرەتاوە و لەروی یاسایی باوەڕمان بەوە نەبوە کە ناوبراو سەرۆکی هەرێمە، جگە لەوە هەمو دەسەڵاتەکانیشی لای خۆی قۆرخ کردبو، هەروەها لەکاتی دابەشکردنی دەسەڵاتەکانیشیدا بەسەر پەرلەمان و حکومەت و دەسەڵاتی دادوەری، زۆربەی دەسەڵاتەکان دراوە بە ئەنجومەنی وەزیران، کە دەبوایە خۆی بدرایە بە پەرلەمان و سەرۆکی پەرلەمان و بۆ ماوەی (60) رۆژ، سەرۆکی پەرلەمان مومارەسەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمی بکردایە و دواتر دابەشی بکردایە بەسەر دەسەڵاتەکانی یاسادان و جێبەجێکردن و دادوەریدا، ئەگەر نا بدرایە بەدەسەڵاتی دادوەری و ئەو دابەشی بکردایە بەسەر دەسەڵاتەکانی تردا، بەڵام ئەمان هاتن زۆربەی دەسەڵاتەکانیان دا بە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و هەندێکیشیان دا بە سەرۆکایەتی پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری.

* واتە تائیستا کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم بەشێوەیەکی تەواوەتی بنەبڕ و چارەسەر نەکراوە؟

عومەر سەید عەلی: جا ئەوەش هەیە کە لە یاساکەدا هاتوە و دەڵێت: یاسای سەرۆکایەتی هەرێم تەجمید (سڕ) بکرێت، نەک هەڵوەشێتەوە، کە لەراستیدا کاک مەسعود نە ئەو شەرعییەتەی هەیە و نە دەسەڵاتی هەیە ئەوکارە بکات، بۆیە سەرچاوەی سەرجەم گیروگرفتەکان کە لە هەرێم رویداوە، ئەو سیستەمە حومڕانییە نیمچە سەرۆکایەتی و نیمچە پەرلەمانییەیە کە هەیە و هەمو دەسەڵاتەکان لە دەستی سەرۆکی هەرێمدا کۆبوەوە کە لە پشکی پارتی بوە و وە وەک وتم بەداخەوە لەوەشدا یەکێتی پاشکۆی ئەو سیاسەتە بو.

* لەدوای ئەم دۆخەی کە دوای (16) ئۆکتۆبەر لە کوردستان دروست بو، بزوتنەوەی گۆڕان ئێستا تێڕوانینی چییە؟ چۆن بەشدار دەبێت لە حکومەتدا و چۆن مامەڵە لەگەڵ حکومەتدا دەکات؟ داواکاریی ئێوە چییە و دەتانەوێت چی بکەن لە پرۆسەی حوکمداریی ئەمڕۆدا؟

عومەر سەید عەلی: ئەم بارودۆخەی کە هاتە پێشەوە و کە کاک مەسعود تەحەمولی سەرەکی ئەو شکستە دەکات و پارتی دیموکراتی کوردستان تەحەمولی سەرەکی ئەو شکستە دەکات و ئەوان بەرپرسیارن و یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش دوای ئەوان بەرپرسیارن، دید و بۆچونی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەیە لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامی کۆبوینەتەوە و لەگەڵ هاوپەیمانی عەدالەت و دیموکراسی کۆبوینەتەوە داوامان ئەوەیە و بەیەننامەیەکمان بڵاو کردوەتەوە کە حکومەتێکی کاتی بۆ رزگاریی نیشتیمانی دروست بکەیەن و چیتر ئەو سیستمەی لە هەرێمدا هەیە ناتوانی بەرەنگاری ئەو شکستە ببێتەوە و یاخود چارەسەری ئەو شکستە بکات و بەو حکومەت و سیستم و ئەو دامەزراوانەی کە هەیە و دامەزراوەی نیشتیمانی نین و هەمویان دامەزراوەی حیزبین ناتوانێت چارەسەری کێشەکان بکات، بۆیە ئێستا پێویستی بە یەکڕیزیی گەلەکەمان و لایەنە سیاسییەکان هەیە، چونکە حکومەتی هەرێم بەم دامودەزگا و دۆخەی ئێستایەوە ئەگەر بچێتە گفتوگۆوە بۆ کێشەکانی لەگەڵ حکومەتی ئیتیحادی هیچی بۆ چارەسەر ناکرێت، رەنگە بە چاوێکی شکستەوە سەیریان بکرێت و گوێ لە داخوازیەکانیان ناگرن، بۆیە پێویستە یەکڕیزیی گەلەکەمان و لایەنە سیاسییەکانی دیکە بەشداربن هەوڵ بدرێت سیستمی ئێستای حکومڕانی لاببرێت و سیستمێکی نوێی پەرلەمانی بێتە ئاراوە و لەبەردەم کۆمەڵانی خەڵکدا بەرپرسیار بێت و ئێمە کاتی خۆی باسمان کرد سەرۆکی هەرێم دەسەڵات و ئەرکەکانی دیاریی بکرێت و بەرامبەر کێ بەرپرسیارە، ئەو کات لە ژێر چاودێری پەرلەماندا دەبێت و ئەگەر دەسەڵاتەکانی تێپەڕاند پێی دەڵێیت بوەستە و ئەگەر هەمو ئەرکەکانی جێبەجێ نەکرد پێی دەڵێی بوەستە، چونکە ئەو بەرپرسیارە بەرامبەر دەسەڵات و ئەرکەکانی.

بەڵام کاتێک سەرۆکی هەرێم لە ناو خەڵکدا هەڵدەبژێردرێت، ئەوا لەبەردەم پەرلەماندا بەرپرسیار دەبێت و دەبێت دو لەسەر سێ دەنگەکان بۆ لێپرسینەوە لەگەڵ کۆ بکرێتەوە، خۆیان ئەم سیستمەیان هێنایە پێشەوە کە لەناو خەڵکدا هەڵبژێردرێت بۆ ئەوەی نەتاواندرێت لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت لەسەر تێپەڕاندنی دەسەڵاتەکانی لەسەر جێبەجێ نەکردنی ئەرکەکانی، ئەوەش پێویستی بە دو لەسەر سێی دەنگەکانە کە مومکین نییە لە پەرلەماندا جێبەجێ بکرێت، چونکە ئەوان بە هەولێر و دهۆک بە تایبەتی دهۆک (38) کورسییان بردوە و ئەو دو لەسەر سێیە جێبەجێ نابێت و ژمارەیەکیشیان لەدەوری خۆیان کۆکردوەتەوە لە لایەن سیاسییەکانی دیکە بۆیەوە ئەو هیچ کات جێبەجێ نابێت و ئەو هەمیشە دەرباز بوە لە لێپرسینەوە تێپەڕاندنی دەسەڵات و جێبەجێنەکردنی ئەرکەکانی.

* بەڕێزتان پێتان وایە کە ئەم شێوازی حکومڕانییە دەبێت بگۆڕدرێت بۆ ئەوەی توشی شکست نەبینەوە؟

عومەر سەید عەلی: بەڵێ دەبێت ئەم سیستمە بگۆڕدرێت بە سیستمێکی پەرلەمانی بۆ ئەوەی هەمیشە سەرۆکی هەرێم لە پەرلەمان هەڵبژێردرێت و دەسەڵات و ئەرکەکانی دیاریی بکرێت و لەبەردەم پەرلەماندا بەرپرسیار بێت، ئەو دەسەلاتانەشی کە هەیە وەک باسم کرد و قۆرخ کراوە، ئیتر سیستمێکی نوێ و حکومەتێکی دیکە دێتە پێشەوە و ئەو دەسەڵاتانە دابش دەکاتەوە بەسەر دەزگاکانی تەنفیزی و تەشریعی و دادوەری  و هەروەها لێکجیاکردنەوەیان.

* زۆرێک لە هاوڵاتیان دەپرسن ئایا گۆڕان لەو دەسەڵات و پرۆسە سیاسییەی هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە، پاشەکشە دەکات یا خود دەبێتە ئۆپۆزسیۆن؟

عومەر سەید عەلی: ئەوە ئێمە وەک ئەو سێ لایەنە ئەو بەیاننامە سیاسییەمان دەرکردوە و بۆ رزگاری نیشتیمانی و دەرچون لەو شکستە داوای حکومەتی کاتی دەکەین، با بزانین جوابی خەڵکی دیکە چی دەبێت، لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هەندێک لایەنی دیکە قسەمان کردوە هەمو بژاردەکان کراوەیە بۆ ئێمە و بزانین چیدەبێت، ئێمە بژاردەمان لەبەردەستدایە و ئەو شتانەی کە داوایان دەکەین و ئەو حکومڕانیەوە بەو شێوەیە بەڕێوەنەبردرێت، بژاردەی دیکەمان لەبەردەستدایە و رێگەی دیکە دەگرینەبەر.

* دۆخی هاوڵاتیان خراپە لە ئێستادا و فەرمانبەران بەدەست نەبونی موچە دۆخ و گوزەرانیان خراپە، ئێوە تا چەند پشتیوانیی لە داواکاریی هاوڵاتیان دەکەن کە بەڕێزت باسی کۆمەڵێک بژاردە دەکەیت، ئێستا دەنگی ناڕەزایەتی هاوڵاتیان هەیە و خۆپیشاندان و بایکۆت دەکەن، ئێوە لەگەڵ خۆپیشاندان و بایکۆت ئەم ناڕەزایەتییانەی هاوڵاتیاندان؟

عومەر سەید عەلی: ئێمە لەگەڵ هەمو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکی خەڵک و چین و توێژەکانداین و هەمیشە پشتگیریمان کردون، لەگەڵیاندا بوین لە میدیاکانمانەوە داخوازییەکانیانمان باس کردوە و ئەو خەڵکانەی ئەوان هەیانە بانگمان کردون و پشتگیریمان کردون و داخوازییەکانیان لە رێگەی میدیاوە باس کردوە و پشتگیریمان کردون، جگە لەوەی ئێمە لە رێگەی فراکسیۆنەکانمان لە ئەنجومەنی پارێزگاکان لە پەرلەمانی کوردستان و عێراق داوامان کردوە پشتگیریی بکرێن و داکۆکییان لێبکرێت و لە ریزی پێشەوەی ئەو خۆپیشاندانیش بوین بەڵام بەشێوەیەکی مەدەنی و دور لە توندوتیژی.

* زۆرجار دەوترێت بزوتنەوەی گۆڕان دورکەوتوەتەوە لە دەنگی شەقام و دەنگی ناڕازی و دەنگی هاوڵاتیان، ئەم تێڕوانینە پێتانوایە لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت؟

عومەر سەید عەلی: ئێمە دورنەکەوتوینەوە لە شەقام و ئێمە پەیوەندیی توندوتۆڵمان هەیە و لە رێگەی ئۆرگانەکان و رایەڵەکانمان و بازنە و مەکۆکانمان و لە رێگەی جڤاتی نیشتیمانی و جڤاتی گشتییەوە و لە رێگەی فراکسیۆنەکانمان، لە رێگەی هەمو برادەرانمان لە خانەی راپەڕاندن پەیوەندیمان لەگەڵ خەڵکدا و سەرجەم دەرگاکانمان ئاوەڵایە و بەردەوامین لە گفتوگۆ و گوێ لێگرتنیان بەڵام ئێمە وەکو لایەنە سیاسییەکانی دیکە نین کە بچین هەرچی کۆمیتە و ناوچەیەک و سەر بەرێکخراوێک قسەیەکی لەگەڵ خەڵکدا هەبێت بیهێنینە سەر تەلەفزیۆن، ئەو شتانە لای ئێمە نییە بۆیە رەنگە ئەوان وا تێبگەن ئێمە لە ئێستادا پەیوەندیمان لەگەڵ شەقامدا نییە، ئێمە بە دید و بۆچون و ئامرازی خۆمانەوە پەیوەندیمان لەگەڵ جەماوەردا نەک هەر ئەوەی مەکۆیەک یان بازنەیەکمان لەگەڵ لایەنێک و رێکخراوێکدا لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی و چین و توێژینەکاندا کۆببینەوە.

* واتە بەڕیزتان پێتان وایە خۆپیشاندان بکرێت بزوتنەوەی گۆڕان پشتیوانی لێدەکات؟

عومەر سەید عەلی: هەمو خۆپیشاندانێک کە بۆ داخوازییەکانی کۆمەڵانی خەڵک و چین و توێژینەوەکان بێت ئێمە هەمو پشتیگیرییەکی دەکەین لە هەمو رویەکەوە، چ لە روی میدیای یان هاوبەشیمان بۆیان.

* زۆجار رەخنە لە بزوتنەوەی گۆڕان دەگیرێت کە بزوتنەوەی گۆران بوەتە بزوتنەوەی بەیاننامە و هەڵوێستەکانی لەچوارچێوەی بەیاننامەدا دەردەبڕێت و بزوتنەوەکە بوەتە بزوتنەوەیەکی شەرمن لە ئاستی روداوەکاندا، پێتان وایە ئەم تێڕوانینە لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت؟

عومەر سەید عەلی: ئەو هەڵوێستانەی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵوێستێکی واقعیانەیە ئەو بەیاننامانەی کە دەری دەکات دەبێتە بەرنامەی کارکردن هەم لە ئۆرگانەکانی حیزب و هەم لە ئۆرگانەکانی حکومەت ئەگەر ئێمە بەشداربین لە حکومەتی خۆجێی یان ئیتیحادی یان حکومەتی هەرێم بێت کە دوساڵە (ئەفەرۆز) کراوین و لە ئاستی فراکسیۆنەکاندا قسەی لەسەر دەکەین و بەیاننامەی سیاسی بەو واتایە بەرنامەی ئەو رۆژگارەیە کە تێدەپەڕێت بۆ نمونە ئێمە داوای لابردنی سیستمی پاشەکەوتی موچەمان کردوە و هەروەها ئەو داهاتانەی کە هەیە بگەڕێتەوە سندوقی هەرێم و بە عەدالەت بە چاودێری پەرلەمان دابەش بکرێت بۆ بودجەی وەبەرهێنان و تەشغیلی و خزمەتگوزاری، نەک لە ژێر دەسەڵاتی ئەو دو حیزبەدا بێت و بە ئارەزوی خۆیان بۆ ئەم شاری بینێرن یان نەینێرن ، یان قوتی ئەیەن و کەسیش ئاگای لێنییە.

* کاک عومەر پێتانوایە دەسەڵات مل ئەدات بۆ ئەم خواست داخوازییانە، ئەوە چەند ساڵێک بزوتنەوەی گۆڕان بەیاننامەی هەیە، خۆپیشاندان دەکات و پاکێج دەخاتەڕو، پێتانوایە لەم دۆخەدا مل بدات بۆ ئەو داخوازییانە؟ بزوتنەوەی گۆڕان کارتی بەدەستەوەیە لەگەڵ هێزو لایەنە سیاسییەکان کە وایان لێبکات مل بدەن بۆ خواستی هاوڵاتیان یان ئەوەی بەڕێزت باسی دەکەیت؟

عومەر سەید عەلی: دەبێت دەسەڵات بە تایبەت ئەو دو حیزبە، ئەوانەی لە دەورو پشتین دان بنێن بەو واقع و شکستەدا و بزانن توشی شکست بون و لەو بورجی عاجە بێنە خوارەوە و ئەگەرچی شکستی گەورە بەسەر گەلەکەماندا هاتوە بەڵام دەبێت ئەوان تەحەمول بەرپرسیارێتی گەورە دەکەن و بەڵام با بزانین ئایا ئەوانە واقعەکە وەک خۆی دەخوێننەوە یان نا؟ ئەگەرنا کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و لایەن سیاسییەکانی دیکە لێیان قبوڵ ناکات و بەگژیاندا دەچنەوە، تا کەی چارەکە سەدەیەک دەسەڵاتت بەدەستەوە بێت ئەم هەمو پارەیەت هەبێت و تەخشان و پەخشانی بکەیەت و بە ناوی سەربەخۆیی ئابورییەوە بە ئارەزوی خۆیان نەوتیان فرۆشت و هێنایان و بردیان و دوای ئەو سیاسەتەی ئەوان گرتیانە بەر دید و بۆچونی هەندێک لە وەزیرەکانیان و بە تایبەتی وەزیری سامانە سروشتییەکان کە گوایە ئەو نەوتەی کە هەیە خۆمان دەیفرۆشین و سەربەخۆیی ئابوری بەدەست دەهێنین بە بێ ئەوەی سەرنجی بارودۆخی نێودەوڵەتی و هەرێمی و دۆخی ئابوری هەرێم بدەن، لە باتی ئەوەی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵک بێننەدی، ئەم کارەساتەیان بەسەرهێناین لە روی ئابورییەوە کە ئابوری هەر نەوت نییە، کشتوکاڵە، بازرگانییە، پیشەسازییە، گەشت و گوزارە، پەروەردەیە، هەمو سێکتەرەکانی دیکەش دەگرێتەوە بەڵام ئەمان بەم سێکتەری نەوتەوە و رێککەوتنی (50) ساڵەش کە ئێستاش خەڵک نازانێت ئەم رێککەوتنە چۆنە و چۆن کراوە، ئەوا ئێستا شکستەکەی دەچننەوە، ئێمە پێمان وتن گەلەکەمان مارانگازە و لە کاتی خۆی (1975) توشی ئەو شکستە بو لە روی سیاسییەوە بە رێککەوتنی جەزایر و رێککەوتن لەگەڵ شای ئێران، ئێستاش بە ناوی سەربەخۆییەوە مەمان بەستنەوە بەم رێککەوتنانەوە، کاتی خۆی پێمان وتن و حەزەرمان دانێ لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران و سەرکردایەتی سیاسی ئەوسا کۆبوینەوە بەڵام گوێیان لێنەگرتین و ئەم شکستەیان هێنا و ئێستا بەرەکەی دەچننەوە.

* ئەگەر ئەمە رانەگیرێت شکستی دیکەی بەدوادا دێت؟

عومەر سەید عەلی: بەڵێ بە دڵنیاییەوە.

* بەڕێزت باست لەوە کرد کە یەکێتی نیشتیمانیش بەرپرسە لەو شکستەدا، بزوتنەوەی گۆڕان رێککەوتنێکی لەگەڵ ئەو حیزبەدا هەیە، ئەو رێککەوتنە دوای ئەو روداوانەی کە رویاندا پێتوایە ئەرزشێکی مابێت یان ئەم رێککەوتنە وەک خۆی ماوەتەوە؟ چۆن دەڕواننە ئەم رێککەوتنە؟

عومەر سەید عەلی: ئێمە دو رێککەوتنمان هەبوە، رێککەوتنێک لەسەر حکومەتی خۆجێی و رێککەوتنێکیش لە ئاستی سیاسیدا بەڵام بەداخەوە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بۆ ئەوەی دڵی پارتی رازی بکات هیچ یەک لە رێککەوتنەکان بە تایبەت رێککەوتنە سیاسییەکەی جێبەجێ نەکرد، کە لەبەردەمی جەنابی مام جەلال و کاک نەوشیرواندا واژۆکرا بەڵام بەداخەوە جێبەجێیان نەکرد و نەهاتن بەدەمییەوە، ئێمە ئەو رێککەوتنەمان بۆچی بو؟ ئێمە ویستمان هاوسەنگی سیاسی لەگەڵ پارتی بگۆڕین و نەمانوتوە پارتی ئیزاح کەین و لایبەرین و ئەفەرۆز بکرێت، وتمان ئەمانەوێت هاوسەنگی سیاسی بگۆڕین، چونکە هەمو دەسەڵاتەکان بە (38) کورسییەوە لای ئەوە، بۆ نمونە وتومانە با فراکسیۆنەکانمان یەکخەین و هاوپەیمانیی فراکسیۆنەکانمان دروست بکەین و دوای وتمان با سەرکردایەتی هاوبەش لە شارەکاندا دروست بکەین، ئەمانە هیچیان نەهاتن و بیانویان گرت، ئەو رێککەوتنە سیاسییە لە نێوانماندا هەبو کەچی دەچون لە پشتەوە لەگەڵ پارتی رێکدەکەوتن بۆ ریفراندۆم و ئەنواع و ئەشکاڵ پرسی دیکە و پرسیان بە ئێمە نەدەکرد.

* پێشێلکردنی رێککەوتنەکە بو ئەمانە؟

عومەر سەید عەلی: بەڵێ، چونکە لە رێککەوتن نامەکەدا هاتوە ئێمە باسی ریفراندۆم دەکەین وەک بەندێک لە رێککەوتننامەکە کە دەڵێین: هەردو لامان لەگەڵ ریفراندۆمین و ئەوە ئامرازێکە بەدەست گەلەکەمانەوە بۆ سەربەخۆیی بۆ گەڕانەوەی ناوچە دابڕێندراوەکان و بۆ دەوڵەتی کوردی بەڵام لە پشت ئێمەوە لەگەڵ پارتی ئەنجومەنی ریفراندۆمیان دروست کرد و ئەوەش دەرەنجامەکەی بو.

* یەکێک لەو خاڵانەی کە پرسێکی گەرمە گفتوگۆکردنە لەگەڵ بەغدا، پێتان وایە بەم ماڵە لەیەکترازاوەی ئەمڕۆوە و بەو شێوازە شکستەی ئێوەی بەڕێز باسی دەکەی، بەم کاراکتەرانەی ئەمڕۆوە بچنەوە بەغدا، ئایا دەتوانن دەستکەوت بچننەوە یا خود لە ئاستی پێگەی هەرێمی کوردستاندا بن؟

عومەر سەید عەلی: ئەوە لە پرسیارەکەی پێشوشدا باسم کرد ئەم شکستەی کە هاتوە پێویستە گەلەکەمان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی شانی بداتە بەر چونکە ئەم شکستە ئەوان هێناویانە بەرسەرماندا، یەکێتی و پارتی ئەم شکستەیان هێناوە بەسەرماندا نەتیجەی ئەو (25) ساڵ حکومڕانیەیە کە کردیان، جا ئەمانە ئەگەر بەم دەموچاو و شێوازەوە برۆنە بەغدا کە جاران وەفدێکیان دەچوە بەغدا بەیانی دەچون و ئێوارە دەهاتنەوە، بەمجۆرە لەگەڵ بەغدا تەعامول بکەن و بە تەنیا تەعامول بکەن، بەغدا وەک حکومەتێکی شکست خواردو و بە وەفدێکی شکستخواردو لێیان دەڕوانێت و رەنگە هەر گوێ لە داخوازییەکانیشیان نەگرێت، بەڵام ئەگەر وەفدێک یان شاندێک دروست بێت و بچێتە بەغدا بە ناوی هەمو پێکهاتەکانەوە و بە ناوی هەمو پێکهاتە سیاسییەکانەوە و بە ناوی هەمو لایەن سیاسییەکان و پێکهاتە ئاینی و نەتەوەی و کۆمەڵگەی مەدەنی بەشداربن و بەرنامەیەکی هەبێت و لەبەر رۆشنایی دەستوردا گفتوگۆ لەسەر هەمو پرسەکان بکات، چونکە ئەمەی ئەوان بەسەریان هێناوین، حکومەتی ئیتیحادیش هەمان دەوری هەبوە لە چواردەساڵی رابردودا، بۆ نمونە مادەی (140)ی جێبەجێ نەکرد، مەجلیسی ئیتیحادی جێبەجێ نەکرد، بودجەی پێشمەرگەی جێبەجێ نەکرد و پرسی یاسای نەوت و گازی جێبەجێ نەکرد و تەنانەت  لە سەر ئاستی عێراقیش، حکومەتی ئیتیحادی ئەو هەرێمانەی کە هەبو ئەبوایە دروستی بکات نەک بۆ سوننەی دروست کرد نە بۆ شیعە، تەنانەت لە بەسڕە کە داوایان کرد هەرێم دروست بکەن کە شیعەشن بەڵام قبوڵیان نەبو.

* کێشەکە دوسەرەیە؟

عومەر سەید عەلی: بەڵێ دو سەرەیە، حکومەتی ئیتیحادی بەرەبەرە لەوەی کە لە دەستوردا هاتوە دەیەوێت لێ پەشیمان ببێتەوە و حکومەتێکی زۆرینەی سیاسی دروست بکات و زۆرینەی شیعە دروستی بکات، ئەوەی کە لەسەر بنەمای پێکهاتەکان و لەسەر بنەمای ئەوە پێکهاتبون کە دەستور داڕێژراوە، لەسەر بنەمای تەوافوق و شەراکەت و تەوازون بێت و لەبڕیاری سیاسی بەشدار بیت لەوێ، چۆن ئێمە ئێستا داوا دەکەین ئەم حکومەتی هەرێمە دەسەڵاتەکانی دابەش بکاتەوە لەنێوان دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری و لە حکومەتی هەرێمدا ئەو لایەنە سیاسیانەی بەشدار دەبن لە داهاتودا ئەگەر بو، لە بڕیاری سیاسیدا وەکو یەک بەشدار بن. ئینفیراد نەکەن و تۆ بەکارنەهێنن بە ئارەزوی خۆی، هەمان کات بۆ حکومەتی ئیتیحادی واریدە کە دەبێت ئەوانیش لەسەر بنەمای وەک وتم تەوافوق و شەراکەت و تەوازون و لەبڕیاری سیاسیدا هەمو پێکهاتەکان بەشدار بن، ئەگەر لە بڕیاری سیاسیدا بەشداربونایە، بۆ نمونە لە دەستوردا هاتوە هێزی چەکدار نابێت بەکاربهێنرێت لە ململانێی سیاسی لەناو پێکهاتەکاندا، ئەوە هێزی چەکدارو حەشدی بەکارهێناو پەلاماری ئەو شوێنانەی دا.

* ئێوە ئەوەتان قبوڵە کە حکومەتی عێراق وەکو پارێزگاکان مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا دەکات، یاخود بودجەی کەمکردبێتەوە بۆ نزیکی 12%؟

عومەر سەید عەلی: نەخێر.. ئێمە دژی شەڕی ناوخۆ بوین، دژیشین لەهەمو کاتێک، دژی دو ئیدارەیین، دژی دو هەرێمین، دژی یاسای پارێزگاکانین، حکومەتی ئیتیحادی کە وا بیر بکاتەوە کە لە جەند رۆژی رابردودا لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە، ناوی ئەبەن بەناوی پارێزگاکانی حکومەتی هەرێم یاخود بەناوی پارێزگاکانی باکور ناوی ئەبەن، ئەمانە ناڕەواییە پێویستە لە دەستوردا هاتوە هەرێمی کوردستان یەکەیەکی سیاسی و ئیداری و حکومڕانیەو دەبێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان وەکو یەکەیەکی سیاسی مامەڵە بکات نەک وەکو پارێزگاکان. ئەمەش کە وایکردوە خەتای هەردو دەسەڵاتەکەیە بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بەناو ئەمانە ئەڵێن حکومەتی هەرێم، خۆیان دو ئیدارەییان وا لێ کردوەو خۆیان کردویانە بە پارێزگاکان، چونکە ئەو (25) ساڵە ئەو دامەزراوانەی کە هەیە لە هەرێمی کوردستان، ئێمە داوامان کردوە ببێت بە دامەزراوەی نیشتیمانی، ئیتر ئەوە پێشمەرگە، پۆلیس و ئاسایش، پەروەردەو تەندروستی، تەنانەت زمانی یەکگرتومان نیە، هەروەها دەسەڵاتەکان بکەن بە دەسەڵاتی نیشتیمانی، بەڵام ئەمانە هەروەک دەسەڵاتی تاکحیزبی لێدەخوڕن و ئەوەیان هێناوە بەسەر هەرێمدا، ئەوە بەڕاستی هەموی ئەگەڕێتەوە بەداخەوە سەرۆکی هەرێم کە ئەو دەسەڵاتانەی لەدەستدا بو ئەو (12) ساڵە بەدەستیەوە بو، ئەو ئەوانەی جێبەجێ بکردایە، بەڵام بەڕاستی کاک مەسعود خۆی لەوە بەرپرسیارە، بە تایبەت کە خۆی بەرپرسی هێزە چەکدارەکان و بەرپرسی دبلۆماسیەت بوەو بەرپرسی هەمو ئەو دەسەڵاتانە بوە کە لەچەند رۆژی رابردودا دابەشیکرد.

* پشکی زۆرینەی شکستەکانیش بەر ئەو دەکەوێت؟

عومەر سەید عەلی: بەڵێ پشکی زۆری هەموی ئەکەوێتە سەر کاک مەسعود، ئەبوایە خۆی ئەوەی قبوڵ نەکردایە، بەداخەوە گوێی لەدەوروپشتەکەی گرتوە نازانین یاخود حەزی وایکردوە، چونکە ئەوە هەمو دەوروپشتەکەی ئەوانەیان ئەزانی، یان خۆی کردویەتی ئەگینا چۆن ئاگای لەو وردەکاریانە نیە.

* بەڕێزتان ئەزمونێکتان هەیە هەم لەو روداوانەی بەسەر کوردا هاتون، هەم لە ساڵی (1975 و 1988) و پرۆسەی ئەنفال و دوای ئەو پرۆسانەی کە هاتون، پێتوایە گەلی کوردستان لەم دۆخەدا کە روبەڕوی ئەو کارەسات و شکستە بوەتەوە، دیارە ئەوە گەلی کوردستان نیە سەرکردایەتیەکەیەتی، پێتانوایە کوردستان بەئاسانی هەستێتەوەو هاوڵاتیان لەم قەیرانانە رزگاریان بێت، بەتایبەتیش لەدوای پرۆسەی ریفراندۆم و (16)ی ئۆکتۆبەرەوە؟.

عومەر سەید عەلی: شکست زۆر هاتوە بەسەر گەلەکەماندا بەڵام هەمیشە سەرکردایەتی سیاسی شکستی هێناوە سیاسەتەکانی ئەو بوە، لە (1975) و هەروەها لەم کاتەشدا کە شتێکی کەمتر لەوەی (1975)، سەرکردایەتی سیاسی کوردو ئەو دو دەسەڵاتە ئەو دو حیزبە شکستی هێناوە، سیاسەتەکانی ئەوانە شکستیان هێناوەو گوێیان لەکەس نەگرتوە، خۆیان چۆنیان ویستوە وا پیادەیان کردوە، گەلەکەمان کە لە (1975) توشی ئەو دۆخە بو، بە چوار پێنج تفەنگی کۆنەوە ئەو بارودۆخەیان جارێکی تر راست کردەوە بەهەر سەرگەردانی و قوربانیەکی ئەنفال و کیمیاباران و کۆڕەو و هەتا دوایی، بەڵام ئەو دۆخە هەر راست بوەوە، بەڵام کەوتە دەست ئەم دو لایەنە سیاسیە بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆنترۆڵی هەمو مەسەلەکانیان کردو گەیاندی بەم رۆژە، کە ئێستا لە (50%)ی ناوچەکانمان لەدەستداوە کە لەژێر دەسەڵاتی کوردا بوە، زیاتر لە (1500) پێشمەرگە شەهید بوە، نزیکەی (10) هەزار پێشمەرگە بریندار بوە لەبەرامبەر شەڕی داعش، حکومەتی ئیتیحادی خۆی رایکرد لە موسڵ و کەرکوک و ئەمان جێگەکانیان گرتەوە، ئێستا تۆزێک هاتوەتە سەر خۆیان و پەلامار دەدەنەوە، ئەمە شکستی سەرکردایەتی ئەو دو حیزبەیەو ئەوانەی کە لەگەڵیان بون بۆ ریفراندۆم، ئەمە شکستی گەلەکەمان نیە، گەلەکەمان هەمو قوربانیەکی داوە، لەو بڕوایەدام گەلەکەمان جارێکی تر شان ئەیاتەوەبەرو لەو قۆناغەش تێ دەپەڕین و رزگار دەبین.

دەبوایە ئەو ناوچانە بەیەکەوە حکومەتی ئیتیحادی و حکومەتی هەرێم بە هاوبەشی بیبەن بەڕێوە، قسە هەیە بۆچی ئەوکات کە داعش شکێنرا، موسڵ کەوتە دەست داعش، بەڵام پێشمەرگە توانی لەشەڕی قارەمانانەدا کەرکوک و ئەو ناوچانە لە داعش پاک بکاتەوە، ئەوکاتانە بەدەست پێشمەرگەوە بوە و لەگەڵ پێکهاتەکانی تر بەیەکەوە بون، کەم تا زۆر لەوێش رەخنە هەیە لە بەڕێوەبردنی ئیدارەو بۆچونەکان، بەڵام توانیان داعش بشکێنن، بەڵام دوای ئەوە ئەمان تۆزێک بەخۆیاندا هاتن و پەلاماری گەلەکەمان ئەو ناوچانەیان داوە و ئەیانەوێ تاکلایەنانە حکومەتی ئیتیحادی حوکم بکات،  زوڵم و زۆریان بەسەر کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا لەو ناوچانەدا هێناوە، زیاتر لە (200) هەزار کەس دەربەدەر بوەو ئاوارەیە، ماڵی سەدان کەس سوتێنراوەو تەقێنراوەتەوە، لە دوزخورماتو لە خانەقین و تا دەچێتەوە شەنگال، ئەمە جێگای قبوڵ نیە،  دەبێت هەوڵی جدی بدرێت بۆ ئەوەی زو ئەوانە بگەڕێنەوە و قەرەبو بکرێنەوە بە ئاسودەیی بژین.

09/11/2017
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .