ناوەڕۆکى کۆبونەوەى بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان

وەفدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی كرد، بزوتنەوەی گۆڕان پڕۆژەیەكی بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی كاتی دا بە وەفدی پارتی و بڕیاریشە هەفتەی داهاتو وەفدێكی حكومەت بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی سەردانی بزوتنەوەی گۆڕان بكات.

لە كۆبونەوەکەى ئەمڕۆدا وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان پڕۆژەیەكی نوسراوی بۆ پێكهێنانی حكومەتی كاتیی دایە وەفدەكەی پارتی و بڕیارە دوای تاوتوێكردنی لەلایەن پارتییەوە، وەڵام بدرێتەوە.

ئاسۆ مەحمود ئەندامی وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ بزوتنەوەی گۆڕان داوایكردوە ئەو وەفدەی سەردانی بەغداد دەكات، ستراتیژی بۆ چۆنیەتی گفتوگۆكان هەبێت، بۆ ئەوەی كورد لە گفتوگۆكان بەسەركەوتویی بێتەدەرەوە، وتیشى:”هەمیشە بزوتنەوەى گۆڕان بڕواى بە دانوستان هەبوە، بەڵام پێمانوایە دەبێت ئەو پرۆسەیە بە دامەزراوە بێت و پەیوەندیەکان لەگەڵ دەرەوە بە دامەزراوەیى بکرێن، ئێستا کاتى ئەوەیە هەمو هەوڵى خۆمان بخەینەگەڕ لەپێناو لەدەستنەدانى دەستکەوتەکان و دەربازبون لەم دۆخە بە کەمترین زیان”.

لەبارەى پڕۆژەکەى بزوتنەوەى گۆڕان و وەڵامى پارتى دیموکراتى کوردستانەوە، ئاسۆ مەحمود کە بەشداریى کۆبونەوەکەى ئەمڕۆ بو، ئاماژەى بەوەکرد؛ لە کۆبونەوەکەدا باسى ئەنجامى ریفراندۆم و هەڵوەشاندنەوەی نەکراوە، ئێمە پڕۆژەکەمان پێشکەشکردوە و برادەرانى پارتى دیموکراتى کوردستان تاوتوێى دەکەن و بڕیارە کۆبونەوەى دیکە بکرێت و وەڵامى خۆیان بدەنەوە.

وتیشى:”جگە لە بزوتنەوەى گۆڕان و کۆمەڵى ئیسلامى و هاوپەیمانى بۆ دادپەروەرى و دیموکراسى کە لەگەڵ پێکهێنانى حکومەتى کاتى و حکومەتێکى رزگاری نیشتمانین بۆ دەربازبون لەم دۆخە، لە لایەنەکانى دیکەش بۆچونى نزیک هەیە، بەڵام ترسیان هەیە لەوەى رەنگە دروستکردنى ئەو حکومەتە، کاتى زۆرى بوێت”.

هەر لەو کۆنگرە رۆژنامەوانیەدا، ئاسۆ مەحمود باسى لە گرنگى یەکڕیزى کرد و وتى: “پێشتریش باسمان لەوە کردوە کە رێکخستنەوەى ناخۆ گرنگترە تا پشت بەستن بە دەرەوە، ریفراندۆمیش ئەوەى دەرخست، ئێستا حکومەتى هەرێم لە قەیرانێکى قوڵدایە، ئەوەش کاتێکى گونجاوە بۆ خۆ رێکخستنەوە چونکە ئەگەر رواڵەت گۆڕانکارى تێدا بکرێت لە ناوەڕۆکیشدا گۆڕانکارى گەورە دەکرێت”.

هەروەک ئەوەى خستەڕو؛ سەرەتای هەفتەی داهاتو وەفدێكی حكومەت بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی سەردانی بزوتنەوەی گۆڕان دەكەن و ئەو پرسانەى پەیوەندى بە حکومەتەوە لەو کۆبونەوەیە تاوتوێ دەکرێت.

17/11/2017
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .