محەمەد تۆفیق رەحیم، گوێ بۆ پرۆژەكەی گۆڕان نەگیرێت دۆخەكە خراپتر دەبێت

ئەندامێکى خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت: “ئەگەر گوێ لەو پرۆژەیە نەگیرێت كە بزوتنەوەی گۆڕان پێشكەشی كردوە بارودۆخی هەرێمی كوردستان خراپتر دەبێت”.

محەمەد تۆفیق رەحیم ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە لێدوانێكدا بۆ دەنگی ئەمەریكا، رایگەیاند؛ لەدوای ریفراندۆمەوە دۆخێكی خراپ دروستبوە، ناوچە دابڕاوەكان لەدەستچون، ئەو نەوتەی كە دەفرۆشرا زیاتر لە (50%)ی لە دەستی حكومەتی هەرێم دەرچوە، پێشتر بەو داهاتەشەوە حكومەت نەیدەتوانی موچە بدات، ئێستا دۆخەكە خراپتر بوە.

ئاشكراشیكرد، ناوەڕۆكی ئەو پرۆژەیەی كە بزوتنەوەی گۆڕان پێشكەشیكردوە بۆ چارەسەركردنی دۆخی ئێستای هەرێم خۆی دەبینێتەوە لە چاكسازی و شەفافیەت و هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەرێگای گفتوگۆوە.

محەمەد تۆفیق رەحیم ئاماژەی بەوەكردوە؛ گۆڕان داوا دەكات حكومەتێكی رزگاریی نیشتمانی لە هەرێم دروست بكرێت و لەرێگای دامودەزگا شەرعییەكانەوە چاودێری بكرێت.
18/11/2017
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .