پارێزگاری سلێمانی: حکومەتی هاوڵاتی دروست دەکەین

سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند ئیمزای لەسەر مەرسومی دەستبەکاربونی د.هەڤاڵ ئەبوبەکر وەک پارێزگاری سلێمانی کردوە و پارێزگاری نوێیش جەخت دەکاتەوە لەسەر بنەمای دادپەروەری و حکومەتی خۆجێی هاوڵاتیان کاردەکات.

نێچیرڤان بارزانی‌، سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئیمزای‌ له‌سه‌ر ده‌ستبه‌كاربونی‌ هه‌ڤاڵ  ئه‌بوبه‌كر كردوه‌ بۆ ده‌ستبه‌كاربونی‌ وه‌ك پارێزگاری‌ سلێمانی‌ و هیوای‌ سه‌ركه‌وتنیشی‌ بۆ ده‌خوازێت.

وتیشی :” ئیمزاکردنی مەرسومی دەستبەکاربونی هەڤاڵ ئەبوبەکر بۆ پۆستی پارێزگای سلێمانی لە چوارچێوەی بەشداریی کردنیان لە حکومەتی خۆجێیی پارێزگاکە و هیوادارین پارێزگاری نوێ سەرکەوتوبێت لەکارەکانی و بەباشترین شێوە خزمەتی پارێزگای سلێمانی بکات”.

لەبەرامبەردا د.هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند: دوای دەرچونی مەرسومی سەرۆکایەتی، بڕیارەکە دەچێتە وەزارەتی ناوخۆ بۆ ئەوەی فەرمانی دەستبەکاربونیان دەربکات و راستەوخۆ دەست بەکارەکانیان بکەن وەک پارێزگاری سلێمانی.

ئاماژەی بەوەشکرد؛ بەرنامەیەکی بەرفراوانی هەمەلایەنەیان هەیە بۆ خزمەتکردنی پارێزگای سلێمانی، خۆی دەبینێتەوە لە بەرنامەی هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و بەرنامەی فراکسیۆنەکانی دیکە کە سەرجەمیان پێکەوە بونەتە بنەمای پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی.

وتیشی :”جێبەجێکاری پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەبن بۆ پێشکەش کردنی باشترین خزمەتگوزاریی بەهاوڵاتیان لەسەرجەم بوار و سێکتەرەکاندا”.

جەختی کردەوە کە؛ هەوڵدەدات لەگەڵ حکومەتی هەرێم و بەپشتیوانی پەرلەمانی کوردستان، بنەمای لامەرکەزییەت بۆ پارێزگاکان پچەسپێت و لەئێستاشدا بەپێی یاسای پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ئەو دەسەڵاتانەی دراوەتە پارێزگارەکان جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی باشترین خزمەت بە خەڵک بکەن لەسەر بنەمای رێزگرتن لە یاسا و پێشێل نەکردنی و دروست کردنی حکومەتی هاوڵاتی دەوڵەتداریی لەسەر بنەمای دادپەروەری و بەپێی یاسا و بەبەشداریی هاوڵاتیان.

28/11/2017
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .