وه‌فدێكی‌ دبلۆماسیی ئه‌مریكا سه‌ردانی‌ (KNN)یان كرد
وه‌فدێكی‌ باڵوێزخانه‌ و كونوسوڵخانه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌ عێراق و هه‌رێمی‌ كوردستان سه‌ردانی‌ كه‌ناڵی‌ (KNN)یان كرد و له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا ره‌وشی‌ میدیا و دۆخی‌ سیاسی‌ هه‌رێم و داخستنی‌ نوسینگه‌كانی‌ (KNN) له‌ هه‌ولێر و دهۆك تاوتوێكران.

ئێواره‌ی‌ رۆژی سێشه‌ممه‌ پۆڵ واتزلاڤیك جێگری‌ به‌رپرسی‌ كاروباری‌ گشتی له‌ باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌ به‌غدا و كیمبیرڵی‌ سترۆڵۆ به‌رپرسی‌ كاروباری‌ گشتی‌ له‌ كونسوڵخانه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌ هه‌ولێر سه‌ردانی‌ كه‌ناڵی‌ (KNN)یان كرد و له‌ لایه‌ن عه‌بدولره‌زاق شه‌ریف به‌رپرسی‌ میدیای‌ گۆڕان پێشوازی‌ كرا.

له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا، ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ تاوتوێكران كه‌ به‌ربه‌ستن له‌ به‌رده‌م رای‌ جیاواز و دامه‌زراوه‌ میدیاییه‌كان، هاوكات باس له‌ داخستنی‌ نوسینگه‌كانی‌ (KNN) له‌ هه‌ولێر و دهۆك و دروستكردنی‌ گرفت بۆ میدیاكان كرا.

هه‌روه‌ها دۆخی‌ سیاسی‌ هه‌رێم و عێراق تاوتوێ كرا و وه‌فدی‌ میوان به‌ گرنگی‌ زانی‌ پره‌نسیپه‌كانی‌ پێكه‌وه‌یی و ته‌وافوق له‌ عێراق تێك نه‌چێت و كێشه‌كان قوڵتر نه‌كرێنه‌وه‌.
06/12/2017
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .