عوسمان حاجی مەحمود: داواى بون بە ئۆپۆزسیۆن پێویست و ئیجابی

عوسمان حاجی مەحمود، پێشنیاز و داواکردن بۆ کشانەوە لە حکومەت و بون بە ئۆپۆزسیۆن، بە پێویست و ئیجابی وەسف دەکات و داوا لە جڤاتی نیشتیمانی دەکات بڕیاری هەڵپەساردن و سڕکردنی رێککەوتنی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بدات.

عوسمان حاجی مەحمود، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە لێدوانێکیدا بۆ (سبەى) رایگەیاند؛ سەرەڕای پێشنیاز و داواکردن لە جڤاتی نیشتیمانی بە مەبەستی بڕیاردان لە کشانەوە لە حکومەت و بون بە ئۆپۆزسیۆن، هەرچەندە درەنگ وەختە، بەڵام پێویست و ئیجابیە.

هاوکات داوا لە جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەکات، لە کۆبونەوەی داهاتویدا بڕیاری هەڵپەساردن و سڕکردنی (تجمید)ی رێککەوتنی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بدات و وتی: “بەپێویستی دەزانم ئەو رێککەوتنە سڕ بکرێت تا ئەوکاتەی لای سەرکردایەتی و خاوەن بڕیارەکانی یەکێتی ئیرادە و بڕیاری جدی دروست دەبێت بۆ جێبەجێکردنی”.

ئاماژەی بەوەکرد؛ ئەو رێککەوتنە نزیکەی (19) مانگە واژۆ کراوە یەکێک لە مەبەستە سەرەکییەکانی ئەنجامدانی بریتی بو لە گۆڕین و رێکخستنەوەی هاوکێشەی هێز لە کوردستان، “بەڵام لە (17-5-2016)ەوە کە رۆژی واژۆکردنی رێککەوتنەکەیە تائێستا هیچکام لە مادەکانی جێبەجێ نەکراوە و لەئێستاشدا ئومێدێک نیە بۆ جێبەجێکردنی”، جەختی لەوەکردەوە، سڕکردنی رێککەوتنەکە بەمانای کۆتایی هێنان نیە بە پەیوەندیەکانمان لەگەڵ یەکێتی، بەڵکو پەیوەندیەکانمان وەکو دو هێزی سیاسی بەردەوام دەبێت و لەکاتی پێویستدا کۆبونەوە دەکەین. بەڵام بەوتەی ئەو”هیچ هۆکارێک نیە بۆ مانەوەی رێککەوتنەکە بەم شێوەیەی ئێستاو ئەنجامدانی کۆبونەوەی سەرکردایەتی هاوبەش”.

14/12/2017
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .